کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی یەڵدای خوێناویی دێموکرات لە شاری دیواندەرە

17:59 - 28 سەرماوەز 2717

یادی شەهیدانی سوورخەڵاتی یەڵدای خوێناویی دێموکرات لە شاری دیواندەرە بەرز ڕاگیرا. لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری دیواندەرە ، لە چالاکییەکی تەبلیغی دا، وێڕای هاوخەمیی کردنی دووبارە لە گەڵ حیزب و بنەماڵەی قوربانیانی کردەوە تیروریستییەکەی بەردەم قەڵای دێموکرات، خۆیان بە درێژەدەری ڕێگای شەهیدان زانی و، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی پێوەندی‌دار ئەو یادەیان کردەوە. شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەز خەڵکی نیشتمانپەروەری دیواندەرە بە هاڵکردنی مۆم و نووسینی دروشمی شوڕشگیڕانە و بڵاوکردنەوەی وێنەی قوربانیانی شەوی یەڵدا ، لە گەڕەکەکانی: ئەندیشە، شەهرەکی سپا، شانزدەمیتری، پشتی دەبیرستانی  عیسمەت و ئازادەگان و مزگەوتی چوارباغ و تەپەی شێرعەلی  و هەروەها بە کردنەوەی ئاگر لە بەرزاییەکانی ئەو شارە،  یادوناوی شەهیدانی یەڵدایان بەرز ڕاگرت و، کردەوە تیرۆریستییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان شەرمەزار کرد. شیاوی باسە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای تیرۆرەوە ساڵی ڕابردوو پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی  لە بەردەم بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان  شەهید کرد. کارەساتی تەقینەوەکانی بەردەم قەڵای دێموکرات لە گەڵ شەپۆلی هاوخەمیی کردن خەڵک و لایەنە جۆڕاوجۆرەکان ڕووبەڕوو بووەو بەشێکی بەرچاو لە لایەن و ڕێکخراوە سیاسییەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان وەکوو بکەری ئەو کردەوە مەحکووم کرد.