کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی یادی "شەهیدانی یەڵدای خوێناویی دێموکرات "لە شاری مەهاباد

18:36 - 30 سەرماوەز 2717

یادی شەهیدانی سوورخەڵاتی یەڵدای خوێناویی دێموکرات لە شاری مەهاباد بەرز ڕاگیرا. لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری مەهاباد، لە چالاکییەکی تەبلیغی دا، وێڕای هاوخەمیی کردنی دووبارە لە گەڵ حیزب و بنەماڵەی قوربانیانی کردەوە تیروریستییەکەی بەردەم قەڵای دێموکرات، خۆیان بە درێژەدەری ڕێگای شەهیدان زانی و، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی پێوەندی‌دار ئەو یادەیان کردەوە. شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەز خەڵکی نیشتمانپەروەری  مەهاباد بە نووسینی دروشمی شوڕشگیڕانە و بڵاوکردنەوەی وێنەی قوربانیانی شەوی یەڵدا ، لە گەڕەکەکانی: چواڕای ئازادت، سێڕای سەید نیزام، شارەداری، مەیدانی مەنگوڕان، نێو تاریکە بازاڕ، شەهرەکی کارمەندان، زەمینەکانی شارەداری و چەند شوێنی دیکەی ئەوشارە بۆ چەندمین جار  یادوناوی شەهیدانی یەڵدایان بەرز ڕاگرت و، کردەوە تیرۆریستییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان شەرمەزار کرد. شیاوی باسە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای تیرۆرەوە ساڵی ڕابردوو پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی  لە بەردەم بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان،  شەهید کرد.