کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆڕیادی "شەهیدانی یەڵدای خوێناویی دێموکرات" ، لە قەڵای دێموکرات

19:12 - 30 سەرماوەز 2717

پێش‌نیوەڕۆی رۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەز لە ڕێوڕەسمێك‌دا  یادوناوی شەهیدانی یەڵدای خوێناویی دێموکرات بەرز ڕاگیرا. کاتژمێر دەی بەیانی ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە یادو بیروەریی قوربانیانی کردەوە تیررۆریستیەکەی بەردەم بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە ساڵی ڕابردوو ڕووی ‌دا، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە کادرو پێشمەرگەکانی حیزب و کەسایەتی و نوێنەری لایەن و ڕێکخراوەسیاسییەکانی کوردستان، بەڕێوەچوو. پێشکەشکاری ئەو ڕێوڕەسمە سۆما حەکیم‌زادە   دوای بەخێرهاتن کردن پێشەکییەکی لەوبارەوە  پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. دوای ماڕش و سروودی ئەی ڕەقیب ، ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان، بە تایبەتی شەهیدانی شەوی یەڵدا، پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزب لە لایەن ڕێزدار مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان خوێندرایەوە. سکرتێری گشتیی حیزب، لە پەیامەکەی‌دا وێرای وەبیرهێنانەوەی میژووی تیرۆر و پەنا بۆ توندوتیژی بردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لەسەرەتای وەسەرکارهاتنی ئەو سیستەمە بەرانبەر بە کەسان و لایەنە جیابیرەکان چ لە نێوخۆی ئەو وڵاتە و چ دەرەوەی ئەو وڵاتە باسی لەوە کرد کە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نزیک چواردەیە لە حوکمڕانی خۆی لە ڕێگای تیرۆرەوە هەوڵی داوە خۆی بەسەر خەڵکان و گەلانی نێو جوغرافیای ئێران بسەپێنێ. مستەفا مەولوودی لە سەرەتای پەیامەکەی‌دا وتی: تەقینەوەکەی شەوی یەلدای ساڵی ڕابردوو ڕووداوێکی دڵتەزێن و خەسار و زیانێکی گەورە بوو، بەڵام هەر لە یەکەم ساتەکانی دوای ئەو کردەوە تێرۆریستییە، دەزگا پێوەندیدارەکانی حیزبی دێموکرات، دەزگای ئەمنییەت و ئاسایش و دادوەریی هەرێمی کوردستان بە چالاکی هاتنە سەرخەت و زۆر زوو کۆنترۆڵی وەزعەکەیان کرد. بە دوایی ئەویشدا شەپۆلی هاودەردیی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان بەگشتی و،ڕێکخراوە و کۆر وکۆمەڵی مەدەنی و خەڵکی کوردستان لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان ڕووی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد ولەگەڵ مەحکومکردنی ئەو کردەوە تیرۆریستیە، هاودەردییان لەگەڵ حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی قوربانیان کرد و لەو خەمە قورسەدا هاوبەشییان لەگەڵ کردین و، ئێمە بە سپاس و پێزانینەوە ئەوە بیر دێنێنەوە. مستەفا مەولوودی لە بەشێکی دیکە لە پەیامەکەی‌دا وتی: ئێمە هەموومان دەزانین کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای تیرۆرەوە توانیویەتی زۆر لە موخالیفینی سیاسیی خۆی خەڵتانی خوێن بکا و لە بەینیان بەرێ.خۆ ئەگەرچی ئەو کردەوانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک زۆر ڕەفتار و سیاسەتی دیکەی ئەو ڕێژیمە لە ئاستی نێوخۆیی و نێونەتەوەییدا مەحکوم کراوە و ئەو ڕێژیمە بە دەسەڵاتێکی بێزراو و نابەرپرس و پێشێلکەری پڕەنسیپە جیهانییەکان ناسراوە، بەڵام ئەوە وای نەکردوە کە کۆماری ئیسلامی قەت ڕۆژێک لە ڕۆژان بیەوێ چەکی تێرۆر بەلاوە بنێ؛ وەک چۆن ساڵی ڕابردوو و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا دیسان دەستی تێرۆری کۆماری ئیسلامی گەیشتە ئێرە و ئەو پۆلە لە تێکۆشەرانەی کوردی لێ ستاندین. سکرتێری  گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆتایی پەیامەکەی‌دا ڕایگەیاند: لەو بۆنەیەدا جارێکی دیکەش پێداگری لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان پیویستە ئیلهام لە خەڵکی ڕۆژهەڵات وەربگرن و پێویستە بەیەکریزیی زیاتری خۆیان بەگژ پیلانەکانی کۆماری ئیسلامیدابچنەوە و لە قاویان بدەن و بە پلان و بەرنامەی هاوبەش و یەکگرتووانەوە بەربەرەکانێی لەگەڵدا بکەن. وەک لە بەیاننامەکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانداکە پاش تەقینەوەکەی شەوی یەڵدای ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی بڵاوبۆته‌وە و تێیدا هاتووە؛ کاریگەرترین ڕێگە بۆ پێشگرتن لە کردەوەی تیرۆریستی، یەکریزی و هەماهەنگی و هاوکاریی هێزەکانی کوردستانە. دوای پەیامی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان  سروودێکی شوڕشگێڕانە کە لە لایەن کۆری هونەریی حیزبەوە ئامادە کرابوو پێشکەش بە ئامادەبووان کرا. لە بەشێکی دێکەی کۆڕ یادی یەکەمین ساڵیادی شەهیدانی شەوی یەڵدا  پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن دارا ناتق خوێندرایەوە. لە بڕگەیەکی دیکە ‌دا ، خوشکە خەجیج مەعەزوور  دوای پێشەکییەکی هەست بزوێن، ژیاننامە شەهیدانی  شەوی یەڵدای خوێناویی دێموکراتی پێشکەش کرد . لە دڕێژەی ئەو ڕێوڕەسمە‌دا  شوڕای دێموکراسی خوازان پەیامێکیان بۆ ئەو ساڵیادە ناردبوو کە لە لایەن سیامەک قەوی پەنجەوە خوێندرایەوە. لە بڕگەیەکی دیکە‌‌دا ئاوات بۆکانی و هێمن کەریمی  بە هاوکاری ئارام ئیزەدپەنا و کوردستان عەزیزیان،  دوو مەقامی تایبەتیان پێشکەش بەو کۆڕیادەکرد. لە درێژەی ڕیوڕەسمی یەکەمین ساڵیادی کردەوە تیرۆریستییەکەی بەردەم قەڵای دێموکرات ، ماردین میرخزری یادگاری شەهید وەهاب میرخزری پەخشانێکی بۆ ئەو ڕێوڕەسمە ناردبوو، کە لەلایەن خاتوو سوهەیلا قادرییەوە پێشکەش کرا. ئەو ڕێوڕەسمە بە گۆرانی‌یەک بە دەنگی ڕێبوار حەسەنی دوای دوو کاتژمێر کۆتایی پێ‌‌هات. شیاوی باسە پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ بەشێک لە پێشمەرگەو ئەندامان و بنەماڵەکانی حیزب، سەردانی گڵکۆی شەهیدان و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات کرد و، تاجە گوڵینەی وەفادارییان پێشکەش بە مەزاری نەمرانی شەوی یەڵدا کرد.