کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرز ڕاگرتنی یادی "شەهیدانی یەڵدای خوێناویی دێموکرات" لە شاری تاران

23:06 - 5 بەفرانبار 2717

دوای تێپەڕبوونی ٥ رۆژ بەسەر یەکەمین ساڵیادی کردەوە تیروریستییەکەی بەردەم قەڵای دێموکرات و شەهید و بریندار کرانی پولێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، چالاکییە تەبلیغاتییەکان بەو بۆنەیەوە هەروا بەردەوامە. لە تازەترین چالاکیی تەبلیغی بە بۆنەی شەهیدانی شەوی یەڵدا، رۆژی ٢ی بەفرانبار کوردانی  ئیلامی و نیشەجێی  شاری تاران، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی شەهیدانی شەوی یەڵدا لە پێتەختی  ئێران،  وێڕای یادکردنی قوربانیانی کارەساتی تەقینەوەکانی بەردەم قەڵای دێموکرات، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان وەکوو داڕێژە و بکەری ئەو  پیلانە نامرۆییە شەرمەزار کرد. دوستان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری تاران بەبڵاو کردنەوەی وێنەی شەهیدانی یەڵدای خوێناویی دێموکرات و هەروەها دروشم و نووسراوە بە دوو زمانی و کوردی وفارسی ،  یادوبیرەوەریی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستانیان بەرزڕاگرت. شیاوی باسە کوردانی نیشتەجێی لە شاری تاران و سەر بە ڕێکخستنە نهێنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە هەموو بۆنە حیزب و کوردستانییەکاندا بەشیوەیەکی بەربڵاو لە شوێنە بەرچاوەکانی شاری تاران چالاکیی تەبلیغی ئەنجام دەدەن.