کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو نموونە لە نوێترین هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژایەتی لە گەڵ خۆپێشاندانەکانی خەڵک دا

02:27 - 13 بەفرانبار 2717

تەنینەوەی خێرای خۆپێشاندانەکانی خەڵک و پەلهاویشتنی بۆ هەموو پارێزگەکان و دەیان شاری ئێران، ترس و وەحشەتی خستووەتە دڵی بەڕێوەبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بۆ پێشگیری لە تەنینەوەی زیاتر و سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان، پەنا بۆ پیلان و تاکتیکی جۆراوجۆر دەبەن. لەم ڕاپۆرتە دا ئاماژە بە دوو نموونە لەو هەوڵە نوێیانە دەکەین: بەکارهێنانی بەندییە حوکم قورسەکان بۆ سەرکوتی خۆپێشاندەران بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەی بڕواپێکراو لە نێو یەکێک لە دەزگا هەستیارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێمان گەیشتوە، دەزگا سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمە لە راستای سەرکوتی خۆپێشاندانەکان، بڕیاریان داوە ئەو بەندییانەی حوکمی قورسی وەک ئێعدام یا ئەبەد و زیندانی درێژخایەنیان هەیە، بەو مەرجەی وەک لیباس شەخسی بەشداری لە سەرکوتی خۆپێشاندەران دا بکەن، حوکمەکانیان بشکێنن. بەم جۆرە کەسانێک کە بە تاوانی ئەنجامدانی کوشتن و تاوانی گەورەی دیکە کەوتوونەتە زیندان و حوکم دراون، بەو مەرجەی ئەمجارە بە سوودی ڕێژیم و بە دژایەتی لە گەڵ نارەزایەتیدەربڕینی خەڵک، تاوان ئەنجام بدەن، جگە لەوەی حوکمەکانیان بۆ دەشکێنن، لە چوارچێوەی هێزە سەرکوتکەرە و دژە ڕاپەڕینەکان دا سازمان دەدرێن وئیمتیازی دیکەیان پێ دەدرێ. ئەم پێلانە نوێیەی دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە دوو بارەوە جێگای سەرنج و شایانی لەقاودان و دژایەتی لە گەڵ کردنە. یەکەم لەو بارەیەوە کە تاوانباری بەندکراو بۆ مەبەستی سەرکوتکەرانە بەکاردەهێنرێ و ئەمەش پێچەوانەی هەموو ڕێوشوێنە قانوونی و قەزاییەکانە. دووهەم، دەیانەوێ بەرپرسایەتی ڕشتنی خوێنی خۆپێشاندەران لە ئەستۆی پۆلیس و هێزی ئینتیزامی و دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانی دیکە داماڵن و بیخەنە ئەستۆی کەسانێکی نەناسراو هەر لە نێو خۆپێشاندەرەکان دا. ئەم پیلانە نوێیە، هەر وەها نیشاندەری ئەو ڕاستییەشە کە بەشێک لە هێزە ئەمنییەتییەکان، بەو جۆرەی ڕێژیم لێیان دەخوازێ، ئامادە نین بەشداری لە سەرکوتی خوێناویی خۆپێشاندەران دا بکەن. و بە ناچار پەنا بۆ ئەم جۆرە کەسانە دەبەن. تەماح وەبەرنانی مامۆستایانی ئایینی و سەیدەکان لە گەرمەی تەنینەوەی خۆپێشاندانەکان دا بە پێی زانیاریی گەیشتوو لە ورمێوە، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو ١٠ی بەفرانباری ١٣٩٦(٣١ی دیسامبری ٢٠١٧) هەر مامۆستایەکی ئایینی مەبڵەغی ٤٠٠ هەزارتمەن پوول دەخرێتە حیسابە بانکییەکەی. مامۆستا ئایینییەکان کە ئەم پووڵە هاتوەتە سەر حیسابەکەیان بۆ خۆشیان لێیان ڕوون نییە کە ئەم پووڵە لە لایەن چ دامەزراوەیەک و بە چ ناوێک یا مەبەستێک وارێز کراوە. دوا بە دوای ئەمە، ڕۆژی دووشەمە ١١ی بەفرانبار(١ی ژانویەی ٢٠١٨)، بە دەعوەتی "ناوەندی گەورەی ئیسلامی"، لە هەر شارێک زیاتر نزیکەی ٢٠ کەس لە سەیدەکانی ئەو شار و ناوچەیە بۆ کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی ئیمام جومعەی ورمێ بانگ دەکرێنە ئەو شارە. دوای ئەوەی لە لایەن ئیمام جومعە هێندێک قسەیان لە بارەی هەلومەرجی ئێستای وڵات و"پێویستیی وشیار بوون لە بەرامبەر پیلانی دوژمنانی بیانی" بۆ دەکرێ، و نانی نیوەڕۆیان پێکەوە دەخۆن، هەر کامێکیان کارتێکی هدیە کە دەتوانن مەبڵەغێکی دیاریکراو پووڵی پێ وەربگرن، دەدرێتێ. ئاشکرایە ئەم لاواندنەوەیەی مامۆستایانی ئایینی و ژمارەیەک لە ساداتی دەستنیشانکراو ئەویش لە گەرمەی هاتنە سەرشەقامی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران، تەنیا بۆ دروستکردنی تەفرەقە لە نێو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان و جیاکردنەوەی ئەم دوو توێژە و بە کارهێنانیان لە دژایەتی لە گەڵ نارەزاتیدەربڕینی ڕوولە گەشەی خەڵکە. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، وێڕای ئاگادارکردنەوەی میدیاکان و بیرورای گشتیی خەڵکی کوردستان و ئێران لەم هەوڵە نوێیانەی کۆماری ئیسلامی، داوا لە توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک دەکا وشیاری پیلان و نەخشە دزێوەکانی دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمە بن و ڕێگە نەدەن نیازە شوومەکانی تاقمی دەسەڵاتدار کە ماوەی ٤ دەیەیە ماف و ئازادییەکانی خەڵکیان زەوت کردوە و لە هیچ جینایەتێک بۆسەرکوتی ئەوان درێغیان نەکردوە، جێبەجێ ببێ.