کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش چەند مانگ ململانێ پشووی ڕۆژانی شەممە لە مەجلیسی ڕێژیم پەسەند کرا

10:59 - 27 بانەمەڕ 2724

لە کاتێکدا کە زۆربەی وڵاتانی موسڵمان ڕۆژانی شەممەیان بە ئامانجی زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمنییەتی ئابووری داخستووە، ڕۆژانی شەممە وەک یەکێک لە پشووەکانی کۆتایی حەفتە لە ئێران، پاش چەند مانگ ململانێ لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران پەسەند کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕ، بەپێی گەڵاڵەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، ڕۆژانی هەینی و شەممە لە ئێران دوای چەند مانگێک لە وتووێژ و ناکۆکی زۆر لە میدیا و فەزای مەجازیدا، لەلایەن نوێنەرانی مەجلیسەوە بە ١٣٦ دەنگی ئەرێنی و ٦٦ دەنگی نەرێنی، وەک ڕۆژانی پشوو پەسند کرا.

هەروەها لە گەڵاڵەکەدا پێشنیاری کورتکردنەوەی کاتی کارکردن لە ٤٤ کاتژمێرەوە بۆ ٤٠ کاتژمێر لە حەوتوودا کراوە.

لە ئێستادا ڕۆژی هەینی تاکەڕۆژی پشووی کۆتایی حەفتوو لە ئێران دایە و ڕۆژانی پێنجشەممە نیوە داخراوە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا شارەزایانی ئابووری هۆشدارییان دابوو کە هەڵبژاردنی ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی وەک کۆتایی حەوتوو، دەتوانێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر بازرگانیی نێوان شیرکەتە ئێرانی و دەرەکییەکان دابنێت چوونکە تەنیا بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لە حەوتوودا دەتوانن کاریان لەگەڵ بکەن.

لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە لایەنە ئایینییەکان بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەو گەڵاڵەیە پێڕەوی لە نەریتی مەسیحی و جوولەکەکان دەکات دژایەتی خۆیان سەبارەت بەم بابەتە دەربڕیوە.

هەرچەند کە گەڵاڵەکە لەلایەن مەجلیسەوە پەسەند کراوە، بەڵام پەسەندکردنی کۆتایی ئەم یاسایە پێویستی بە پەسەندی شوڕای نیگابانە کە وێدەچێت بە هۆی ناڕازی نەبوونی خامەنەیی بەم بڕیارە، لەوێشدا پەسەند بکرێت.

 سەرۆکی لیژنەی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاندووە، ئەگەر لە ١٠ ڕۆژی داهاتوودا شورای نیگابان پەسەندکراوەکەی مەجلیس قەبووڵ بکات، پشووی ڕۆژانی شەممە لە کۆتایی مانگی جۆزەردانەوە دەست پێ دەکات.