کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میلیشیا نوێیەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ تێرۆرکردنی دژبەران لە دەرەوەی وڵات

11:41 - 27 بانەمەڕ 2724

بڵاوکراوەی "ئێسپێکتیتۆر"ی بریتانیا لە ڕاپۆرتێکدا چۆنییەتی شێوازە نوێیەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تێرۆرکردنی جیابیرەکان و دژبەرانی خۆی لە دەرەوەی وڵات لە ڕێگەی کەسە تاوانبارەکانەوە خستووەتە بەر باس.

ئەم بڵاوکراوە بریتانیاییە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە هێناویەتی کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی پارەدان بە کەسانی تاوانکار، خەریکی گۆڕین و گەشەدان بە بازاڕی کوشتن لە ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی ئورووپاییە و بۆ کوشتنی دژبەرانی خۆی کەڵکیان لێ وەردەگرێت.

ئەم بەرپرسە ڕوونی کردووەتەوە کە بەم شێوازە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبێ ئەوەی کە ڕاستەوخۆ لە تێرۆرەکان تێوەبگلێت، دەتوانێت فەرمانی کوشتنی دژبەرانی خۆی بدات.

ئێسپێکتیکۆر لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا و بە ئاماژەدان بەوەی کە کۆماری ئیسلامی پێشینەیەکی بەرچاوی لە بەکارهێنانی میلیشیاکان لە وڵاتانی دەرەوە هەیە باسی لەوە کردووە کە کاربەدەستانی باڵای ئێران دەیانهەوێت هەر لەم مۆدێلە بۆ لەنێوبردنی دژبەرانیان لە وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا کەڵک وەربگرن بەبێ ئەوەی کە هیچ بەرپرسیارەتییەک بگرنە ئەستۆ.

ڕاپۆرتەکە شی دەکاتەوە کە یەکەی ٨٤٠ی سپای قودس یەکێک لە سەرەکیترین لقەکانی سپای پاسدارانە کە لەم شێوازە بۆ تێرۆرکردنی دژبەرانی ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات کەڵک وەردەگرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆڕتە کۆماری ئیسلامی هیچ پێوەرەیەکی تایبەتی بۆ بەکارهێنانی گرووپە تاوانکارەکان نییە تەنیا پێوەرەیەک کە کۆماری ئیسلامی هەیەتی و لای گرینگە ئەوەیە کە دەرنەکەوێت کە کێ لە پشتی تێرۆرەکانەوەیە.

هەر بەم مەبەسەتە کۆماری ئیسلامی زیاتر لە قاچاخچیانی مرۆڤ کە کەمتر لە ژێر چاوەدێریی لایەنە ئەمنییەتییەکانی دژەتێرۆرن، کەڵک وەردەگرن.

 ئەم بڵاوکراوە لە کۆتایی ڕاپۆڕتەکەیدا باسی لەوەش کردووە کە نیشانەکان دەریدەخەن کە ڕووسیەش هاوشێوەی کۆماری ئیسلامی هەوڵ ئەدات بۆ لەنێوبردنی دژبەرانی خۆی لە دەرەوەی وڵات لەم گرووپە تاوانکارانە کەڵک وەربگرێت.

شایانی باسە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە بە مەبەستی لەنێوبردنی دژبەرانی خۆی لە دەرەوەی وڵات، تێرۆری وەک بەشێکی سەرەکی لە سیاسەتەکانی خۆی بەکار هێناوە.