کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ هەڵسەنگاندنی خۆپێشاندانەکان لە ئێران

04:25 - 17 بەفرانبار 2717

بە مەبەستی تاوتوێ و لێکدانەوەی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ئێران و کوردستان دژ بە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی بۆ کۆمیتەی ناوەندیی ئەم حیزبە پێک هێنا. لەم کۆبوونەوەیەدا کە رۆژی ١٦ بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی بە بەشداری ئەندامانی رێبەری و چەند کەس لە هاوڕێیانی دیکەی حیزب پێک هاتبوو، سەرەتا بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕاپۆرتێکی لە پێوەندی لە گەڵ خۆپێشاندان و نارەزایەتی‌دەربرینەکان دژ بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشکەش کرد و دواتر بەشدارانی کۆبوونەوەکە  هەڵسەنگاندن و بۆچوونەکانیان وێڕای هێنانە ئارای پێشنیارەکانیان بۆ چۆنیەتی رووبەرووبوونەوە لە هەر پێشهات و ئاڵوگۆڕێک لە ئێران و کوردستان‌دا هێنایە بەر باس. کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای لێکدانەوەی لایەنە جۆراوجۆرەکانی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان کە لە سەرەتاکانی نیوەی یەکەمی مانگی بەفرانباری ئەمساڵەوە دژ بە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تەواویەتی خۆی‌دا سەریان هەڵداو تا ئێستا بەردەوامە، بۆ جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆی لەم خۆپێشاندانانە و هەروەها ویست و داخوازیی خۆپێشاندەران دەربڕی و هەر لەم پێوەندییەدا هەڵوێستی تا ئێستای دەفتەری سیاسیی حیزبی پەسەند کرد. لەم کۆبوونەوەیەدا کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات بە ئاماژەدان بە درووشم و داخوازییەکانی خۆپێشاندەران، پێی وابوو کە حەرەکەتی ئەمجارەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران جیاوازییەکی بنەڕەتی لە گەڵ حەرەکەتە نارەزایەتییەکانی پێش خۆی هەیە و بە گشتی رووی لە تەواویەتی نیزامی سیاسیی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. هەر لەم پێوەندییەدا کۆمیتەی ناوەندیی حیزب  وێڕای ئاماژەدان بە خاڵە لاواز و بەهێزەکانی ئەم خۆپێشاندانانە پێی وابوو کە بەردەوامبوون  و بەرنتربوونەوەیان دەتوانێ ئاکامێکی دڵخوازی بە قازانجێ ماف و ئازادییەکانی خەڵک لێ بکەوەێتە و کۆماری ئیسلامی ناچار بە پاشەکشە بکات. لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆبوونەوەیەدا رێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بایخەوە لە بەشداریی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانە و نارەزایەتیدەربڕینەکانی دیکەی چەند مانگی ڕابردووی ڕوانی و، هەر لەم پێوەندییەدا کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان هاوکات لە گەڵ بە بایخەوە هەڵسەنگاندنی یەکریزی و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان، نایەکگرتوویی هیزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی کە تا ئێستا نەیانتوانیوە بە گوتارێکی هاوبەش روو بە خۆپێشاندەران بە گشتی و خەڵکی کوردستان هەڵوێست بگرن، بە کەمایەسییەک لەم پێوەندییەدا زانی. لە درێژەی باسەکانی کۆمیەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دەفتەری سیاسیی حیزبی ڕاسپارد کە لە پێناو سازکردن و پێکهێنانی گوتارێکی هاوبەش یان لانیکەم لێک‌نزیکی نێوان حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت. هەر لە پێوەندیی لە گەڵ یەکرێزی و هاوهەڵوێستی‌دا، رێبەریی حیزب بۆ جارێکی دیکە دەفتەری سیاسی و دەزگای دیپلۆماسیی حیزبی ڕاسپارد کە لە سەر ئاستی حیزبە سەرانسەرییە ئێرانییەکان و هەروەها هێز و لایەنانی سەر بە نەتەوەکانی ئێران هەوڵی کۆبوونەوە لە دەوری یەکتر و پێکهێنانی یەکێتیی بەکردەوە لە نێوان ئەم هێزانە بدات. لە پێوەندی لە گەڵ چۆنیەتی رووبەرووبوونەوە لە گەڵ هەر ئەگەرێکی چاوەڕوانکراو چاوەڕواننەکراودا، رێبەریی حیزب ،خۆی و ئۆڕگانە پێوەندیدارەکانی حیزبی  ئەرکدارکرد کە هەنگاوی پێویست لەم پێوەندییەدا بنێن و بە گشتی حیزب ی دێموکراتی کوردستان خۆی بۆ چۆنیەتی رووبەرووبوونەوە لە گەڵ هەر پێشهاتێک ئامادە بکات.