کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوەچوونی خۆپێشاندان بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە راپەڕینی گەلانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ

19:53 - 18 بەفرانبار 2717

رۆژی شەممە ٦ی ژانویەی ٢٠١٨ی زایینی بەدەست پێشخەری حدک و حدکا و بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە شەپۆلی ناڕەزایەتی گەلانی ئێران، لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی هاوبەش لەگەڵ ٩ حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی و ئێرانی، ڕێپێوانێکی هێمنانەیان لە ئۆسڵۆی پایتەختی نۆڕوێژ بەڕێوەچوو. لەو ڕێپێوانەدا بەسەدان کەس لە خەڵکی دڵسۆز و نیشتیمانپەروەری کورد، بەلووچ، فارس و نەتەوەکانی دیکە بە مەبەستی پشتگیری کردنی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێران و پرۆتستۆکردنی هەڵوێست و کاردانەوەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەشدارییەکی بەرینیان کرد. سەرەتا بەنوێنەرایەتی کۆمیتەی ئامادەکاری رێپێوانەکە مەحبوبە رەحیمی بە پەیامێکی کورت بەخێرهاتنی خۆپێشاندەرانی کرد و مەبەست لە کۆبوونەوەکەی بۆ ئامادەبوان شیکردوەوە. لە بەشێک لە پەیامەکەدا هاتبوو: ئێمە لێرە کۆبوینەوە تا پشتیوانی و هاوخەباتی خۆمان بۆ خوشک وبرایانمان لە ئێران و کوردستان دەرببڕین کە زیاتر لەیەک حەفتەیە بە گوڕوتینێکی شۆرشگێرانەوە وبە هیوای رزگاربوون لە قەفەسی دیلی و گەیشتن بە ئازادیی کۆتایی ژێردەستی رێژیمی ستەمکارو زۆرداری ئاخوندی ئێران راپەریون.پاشان بڕیارنامەی کۆمیتەی ئامادەکاری رێپێوانەکە بە زمانی نۆروێژی لەلایەن بەرێز کاوە عەبداڵی ئەندامی بەرێوەبەری حدکا لە بەردەرکی وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ خوێندرایەوە. لە بەشێکی پەیامی بەرێزیاندا هاتبوو: لەهەلومەرجێکی ئاوا دا خەلکی ئێران چاوەڕوانن تا بیرورای گشتی دونیا و کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان لە هەموو توانا و پرستیژی خۆیان کەڵک وەگرن بۆ فشار خستنە سەر رێژیم و ناچارکردنی بە ملدان بۆ بەڕێوەچونی حەرەکەتە ئیعتیرازییەکان و ئازاد کردنی ئەوهاووڵاتیانەی کە لەو چەند ڕۆژەدا دەستبەسەر کراون. مافی ڕەوای خەڵکە بە ئازادی بیروبۆچوونەکانی خۆیان دەربڕن و کۆروکۆبونەوەی هێمنانە و ئاشتیخوازانە بەرێوە بەرن. هاوکات داواش لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکان دەکەین کە پشتیوانی لە خەڵک بکەن و نەبنە گۆپاڵی رێژیم و سوپای پاسداران بۆ سەرکوتکردنی خەڵک. هەروەها داواش لە هەموو هێزە ئازادی خواز و دێموكراتەکانی ئێرانی و کوردستانی دەکەین کە یەکبگرن. پڕۆژەیەکی هاوبەش بۆ وەلانانی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی حکومەتێکی دێموکڕاتیک گرنگترین ئەرکە لە ئێستادا، ئەوە باشترین وەڵامدانەوەیە بەو وەزعەکە لە وڵاتەکەماندا لە گۆڕێدایە. پاشان خۆپێشاندەران بە دانی دروشمی شۆرشگێرانە و دروشمی نەمان بۆ رێژیمی ئاخوندی بەرەو باڵوێزخانەی ئێران وەرێکەوتن. دوای دانی کۆمەڵێک دروشم وناڕەزایەتی دەربڕین لە بەر دەم باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بڕیارنامەی کۆمیتەی ئامادەکاری ڕێپێوانەکە لەلایەن سەردار مەرسەنە بەرپرسی کۆمیتەی گشتی حیزبی دیموکراتی کورستان لە وڵاتی نۆروێژ بەزمانی کوردی خوێنداریەوە. لە بەشێک لە پەیامەکەدا هاتبوو: پاش تێپەرینی پتر لە سێ دەیە بە سەر دەستەڵاتداریەتی ئەو ریژیمەدا، ئێستا ئیدی بۆ هەموو لایەک دەرکەوتووە کە دەستەڵاتی ئاخوندی نەک هەر ناتوانێ هیچ کام لە گیروگرفتەکانی ئێران چارەسەربکات، بەڵکو بۆخۆی سەرچاوە و ماکەی هەموو ئەو بارودۆخە دژوار و ئاڵۆزانەیە کە لە ئێران و وڵاتانی دەوروبەر دروستبوە. لەو چەند رۆژو هەفتانەی دواییدا، دونیا شاهیدی پەرەسەندنی بێزاریی و ناڕەزایەتی بەرینی خەڵک لەزۆربەی شارو شاڕۆچکەکانی وڵاتەکەماندایە. پەرەسەندنی ئەو ناڕەزایەتیانە بە شێوەی خۆپێشاندان و وەرێخستنی بزووتنەوەی بەرینی ئیعترازی بە دژی سیاسەتەکانی ریژیم، بە دژی گرانی و قەیرانی دارایی و سەرکوت و زەبروزەنگی داو و دەزگا دەوڵەتیەکان، بە دژی نەبوونی ئازادی و پێشێلکرانی ماف و ئازادیە بنەرەتیەکانی هاووڵاتیان، لە ئاستێکی بەریندا دێتە بەرچاو. ئەو بزووتنەوە ئیعترازیانە ئەوە دەردەخەن کە ناڕەزایەتی خەڵک لە وەزعی مەوجود گەیشتۆتە ئاستێکی بەرز، بەجۆرێک کە جامی سەبری خەڵک پڕبووەو ئیتر ئامادەن لە پێناو ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی خۆیاندا بێ هیچ ترس و دوو دڵییەک بە دەستی خاڵی بڕژێنە سەر شەقامەکان و داخوازیەکانیان بێننە گۆڕێ. لەو راستیدا ئەوەی ئەمرۆ لە ئێران ڕوودەدات، بە باشترین شێوە ئەوە نیشان دەدات کە خەڵک داوا دەکەن کۆتایی بە دەستەڵاتی ڕەش و سەرەڕۆیی ئاخوندەکان بهێنرێت. داوا دەکەن چەوسانەوە و سەرکوت و زەبرو زەنگ کۆتایی پێ بێت. هەروەها هەمان بڕیارنامە بەزمانی فارسی لە لەیەن رەحمان ساکی ئەندامی اتحاد فدائیان خلق ایران خوێندرایەوە. ئەوجار هەر بەدانی دروشمی شۆرشگێری و درووشم بۆ يوخانی رێژیمی ئاخوندی لە لایەن بەرێزان سۆران شێرزاد و محەممەد مستەزادە بەرنامەکە تا کاتژمێر ٣ی دوانیوەرۆ درێژەی کێشا. کومیتەی پشتیوانیی لە خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران پێکهاتولە: - حیزبی دێموکراتی کوردستان - حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران - کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان - رێکخراوی یاری کورد (یارسان) - کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئیران - رێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێران - سازمان اتحاد فدائیان خلق ایران - طرفداران وحدت چپ - سازمانی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان - حێزبی خه‌لکی به‌لووچستان حیزبی دیموکراتی کوردستان- نۆروێژ