کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕیوەچوونی ڕێوڕەسمی پرسەی خاتوون شەمسە ڕەحیمی لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

20:17 - 18 بەفرانبار 2717

پێش‌نیوەڕۆی رۆژی ١٨ی بەفرانبار لە یەکێک لە سالۆنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆڕی ماتەمینی شەمسەخانم ڕەحیمی کچی خەڵیفە ساڵح ڕەحیمی تێکۆشەری دێرینی دێموکرات لە ناوچەی بانەو هەروەها خوشکی هاوڕێ حەسەن ڕەحیمی کادری  کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حدک بەڕێوەچوو. لە رێوڕەسمە‌دا بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە کادر وپێشمەرگەو بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە گەڵ بنەماڵەی خەباتکاری ڕەحیمی و هەروەها سەرجەم خەڵکی بانە هاوخەمییان کرد و،  هیوای سەبووریی و سەربەرزییان بۆ ئەو بنەماڵە شۆڕشگێڕە بە ئاوات خواست. لە بەشێک لەو ڕێوڕەسمە‌دا هاوڕێ کەماڵ کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات و لە دۆستان و ناسیاوانی ئەو بنەماڵەیە ، لەسەر جێگەوپێگەی خانەوادەی ڕەحیمی لە بانەو هەروەها حیزبدۆستی و نیشتمانپەروەریی شەمسەخانم رەحیمی بۆ ئامادەبووان دوا و، بە نوێنەرایەتیی حیزبەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ڕەحیمی و حسێنی لە بانە کرد. کەماڵ کەریمی بە ئاوردانەوەیەک لە سەربردەی بنەماڵەی تێکۆشەری خەڵیفەی ساڵح رەحیمی کە لە یەکەم کەسانی خاوەن پێگەی شاری بانە بووە، کە لە سەردەمی کۆماری کوردستان بەرگی پێشمەرگانەی لە بەر کردوەو تا دوایین هەناسە لە سەنگەری پێشمەرگایەتی‌دا ژیانی بەسربردوە، لەو بارەوە وتی: بەهۆی خەباتگێڕی و تێکۆشانی باوکی شەمسەخانم، بنەماڵەکەشی بە دوای ئامانج و ئاواتەکانی ئەو کەوتن و، لەو پێناوەش‌دا دوو کوڕی ئەو بنەماڵەیە ، دوو تێکۆشەری بەوەجی حیزب دێموکرات بەناوەکانی شەهید عومەر ڕەحیمی و عوسمان ڕەحیمی کە بۆ سەرجەم تێکۆشەرانی دێموکرات ناویان ئاشناو ناسراون ، ڕێگای دێموکراتیان بەرنەدا و،  تا دواچرکەی ژیان لە سەنگەری دێموکرات‌دا مانەوە. هەروەها یەکێکی دیکە لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە هاوڕێ حەسەن ڕەحیمی، لە کادرو تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. هاوڕێ کەمال کەریمی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانی ‌دا وتی: خاتوو شەمسە ڕەحیمی جیا لەوەی لە دایکبووی بنەماڵەیەکی شۆرشگێڕە،  بۆ خۆیشی کەسێکی دێموکراتدۆست و نیشتمان‌ویست بوو، هەموو کات هیوادار بوو کە ڕێبازێک کە باوک و براکانی تێچوویان بۆ داوە سەربکەوێ. کەماڵ کەریمی لەو پێوەندییە‌دا وتی: بی گومان دەیان و سەدان بنەمالەی گەورە، وەکوو بنەماڵەی ڕەحیمییەکان لە بانە، پەیوەست بە خەباتی گەلەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و  خزمەتی گیانی وماڵی زۆریان کردوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ گەورەیی حیزبی دێموکرات ، کە  توانیویەتی وەها بنەماڵەگەلێکی گەورە لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. جێی ‌وەبیرهێنانەوەیە بەرەبەیانی رۆژی یەک‌شەممە ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ٩٦ی هەتاوی ، شەمسەخانم ڕەحیمی کچی شۆڕشگێڕی ناسراوی ناوچەی بانەو پێشمەرگەی کۆماری کوردستان ،خەڵیفە حەمە ساڵح ڕەحیمی و خۆشکی هاوڕێ حەسەن ڕەحیمی کادری ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان،  بە هۆی نەخۆشی لە تەمەنی ٧٤ ساڵی‌دا ماڵاوایی لە ژیان کرد.