کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کوردی سووریە لە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان

15:43 - 19 بەفرانبار 2717

شاندێکی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کوردی سووریە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەو دیدارەدا کۆمەڵە پرسێکی سیاسیی کورد لە کوردستان و ناوچە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا. ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی بەفرانبار شاندێکی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کوردی سووریە بە سەرپەرستیی مستەفا مەشایخ، جێگری سکرتێری ئەم حیزبە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستیی مستەفا مەلوودی، سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا. لەو دیدارەدا چەند باسێکی ڕۆژەڤی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان خرانە بەرباس، وەک بابەتی خۆپیشاندانەکان لە ئێران و هەروەها سووریەی دوای داعش و داهاتووی ناڕوونی ئەو وڵاتە. لەو دیدارەدا دوولایەن بە ئاماژە بە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی هەڵچوونی خەڵکی ئێران، یەک لە هۆکارەکانی ئەم سەرهەڵدانەیان بۆ سیاسەتی شەڕخوازانە و قەیرانخوڵقێنیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە گەڕاندەوە کە ساڵانە بە دەیان میلیارد دۆلار لە سامانی گشتیی ئێرانی بۆ تەرخان دەکرێ، بۆیە دوولایەن لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە ئەگەر تا ئێستا دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی عێڕاق، سووریە، لوبنان و یەمەن و بەحرەین لە خزمەت و بەرژەوەندیی هێژمونیخوازیی کۆماری ئیسلامیدا بووە، لە ئێستادا و لە نێوخۆی وڵاتدا بە زیانی دەسەڵات و حاکمییەتی ڕێژیم شکاوەتەوە. دۆخی سووریە پاش شەش ساڵ شەڕی نێوخۆیی و دەستێوەردانی دەرەکی و سەرهەڵدان و رووخانی داعش لەو وڵاتە، داهاتوو و سیناریۆ ناڕوونەکان و ئاسۆی چارەسەری پرسی کورد لەو وڵاتە تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەو دیدارە بوو. شاندی میوان لەو دیدارەدا بە ڕێز و بایەخەوە باسی لە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەهەمبەر پرسی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستانی کرد و هەروەها نەبوونی یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیی هێزە کوردییەکان لە هەموو بەشەکانی کوردستانی بە هۆکارێکی بنەڕەتیی یەکلانەبوونەوەی پرسی کورد ناوبرد و دوو لایەن یەکیەتیی بەکردەوەی هێزە سیاسییەکان لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستانیان بە مەرجی سەرەکی و بنەڕەتیی سەرخستنی پرسی کورد دانا، کە پێویستە هەموو لایەک بە ڕوحی بەرپرسایەتییەوە شانی وەبەر بنێ و کاری بۆ بکا.