کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان، لە وڵاتی سوید

03:32 - 27 بەفرانبار 2717

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٣/١٢٠١٨  بەرانبەر بە ٢٣ی بەفرانباری ٢٧١٧ی کوردی، کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە شاری یوتوبوری وڵاتی سوئید  سیمینارێکی سیاسی بو ڕێزگرتن لە ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی کۆماری کوردستان ڕێکخست. ئەو سمینارە کە کۆمەڵێکی بەر چاو لە كوردانی دانیشتوی شاری یۆتۆبۆری و دەوروبەری و نوێنەرایەتی چەندین حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی تێیدا بەشدار بوون، سەرەتا بە سروودی نەتەوایتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێز گرتن لە شەهیدانی كوردستان دەستی پێکرد. پاشان ڕێزی بەرنامە لە لایەن بەڕیوەبەرانی سیمینارەکە هاوڕێیان خاتوو نازێ قۆربانیپوور و کەمال حەسەنپوور پێکەش کرا. بە دوای ئەواندا  هاوڕێ جەلال باڵوڵزادە بەرپرسی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری یۆتێبۆری بەخێر هاتنی بەشدارابووانی کرد. ئینجا بۆ باس لە سەر دووی ڕێبەندان وكۆماری كوردستان چالاكوانی سیاسی كاك حاتەم مینبەری باسێكی زۆر بەپێزو پڕناوەرۆكی لە ژێر ناوی بە حیزبی نەکردنی ٢ی ڕێبەندان و بۆنە و ڕێورەسمە نەتەوەییەکان پێشكەش كرد. هاوڕێ حاتەم مێنبەری وێڕای ئاوڕدانەوە لە مێژوو و چۆنیەتی و هۆکارەکانی سەرهەڵدانی کۆماری کوردستان، هاتنە بەرهەمی دەستکەوتێکی ئاوا گەورە کە لە مێژووی کورد دا بێ وێنە بووە، بە موڵکی نەتەوەیی زانی و پێی وا بوو کە دەبێ ڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بکرێتە ڕۆژێکی گشتی کوردستان و لە هەر چوارپارچەی کوردستان خەڵک و حیزب و ڕێکخراوەکان بە هی خۆیانی بزانن. بەڕێز حاتەمی لە درێژەی قسەکانی دا باسی ڕۆژگەلێکی وەک ڕۆژی شەهیدان، ڕۆژی پێشمەرگە و چەندین ڕۆژی گرینگی دیکە لە مێژووی گەلەکەماندا کرد و پێی باش بوو کە ئەو ڕۆژانە وا دیاری بکرێن کە هەموو لایەن کە هی خۆیانی بزانن. دوای باسەكەی  هاوڕێ حاتەم مینبەری ، بەشی هونەری كە هونەرمەندانی دەنگ خۆش ئەسعەد ڕەزازی وجەمال فەتحیان بە پیشكەش كردنی سروودی نیشتمانی وشۆڕشگێڕانە سەرنجی بەشدار بووانیان بۆ لای خۆیان ڕاكیشا. دوابەشی سمینارەكە لەلایەن دوكتور خالید خەیاتی مامۆستا زانستە سیاسییەكان لە شاری لینشۆپینگ بەڕێوەچوو. باسەكەی بەڕێزیان لە سەر كوردستان و بەكۆڵۆنی كردن بوو. بەڕێز خەیاتی لە وتەکانی دا باسێکی تێروتەسەلی لە سەر بوونی دەوڵەت نەتەوە وەک فاکتەری ڕزگاری بۆ گەلە ژێر دەستەکان لە چنگ زوڵم و زۆی داگیرکەران پێشکەش کرد. لە روانگەی بەڕێزیانەوە کورد و وڵاتەکەی کە لە نێوان چوار وڵات دا بەش کراون، بە هۆی نەبوونی حکومەتێکی سەرەبەخۆ، جگە لە خاک و نەتەوە، تەنانەت زمان، کلتوور و تەنانەت ئایین و ئایینزاکانیشی دابەش کراوە، دەستی بە سەر داگیراوە و ئاسمیلە کراوە. دوکتور خەیاتی لە بەشێکی دیکەی وتەکانی دا ئاوڕی لە هاوشێوە بوونی پیلانی داگیرکەرانی کوردستان کرد دژ بە گەلی کورد و پێی وا بوو کە لەوانەیە لە شێوە شکڵ دا هێندێک جیاوازی هەبێ لە ڕەفتار و هەڵسووکەوتی داگیرکەرانی کوردستان لە پارچە جیاوازەکاندا، بەڵام هەموویان لە یەک خاڵدا یەک دەگرنەوە کە ئەویش ئینکار کردنی نەتەوەیەکە بە ناوی کورد. ئەوان بەو داگیرکاریی و سنووربەندییە کە لە نێوان بەشەکانی کوردستاندا کردوویانە دەیانەوێ پێمان بڵێین کە ئێوە هیچ نین، خاوەن خاک و ، وڵات و زمان و کلتور و تەنانەت ئایینی خۆتان نین، ئەبێ پەیڕەوی لە ئێمە بکەن، بۆ ئەو ئیدعایەشی پیلانی هاوبەشی هەر سێ حکومەتی داگیرکەری کوردستان، واتە ئێران، تورکیە و عێراقی کرد دژ بە ڕیفراندۆمی باشووری کوردستانی وەک نموونە هێنایەوە. شایانی باسە كە لەو سمینارەدا هاوڕێ تێكۆشەر كاك بابا عەلی مێهرپەرور سیمای خۆشەویستی دێمۆكرات تەشریفیان هەبوو و چەند وتەیەکی سەبارەت بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان پێشکەش کرد. پێویست بە ئاماژەیە کە ئەو حیزب و ڕێکخراوانە خوارەوە بەشداری سمینارەکە بوون و بە ناردنی بروسکە پیرۆزبایی یادی کۆماریان ، لە  حیزبی دێموکرات و هەموو خەڵکی کوردستان کرد: نوینەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات (حەوزەی) یۆتۆبۆری کۆمەلەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئیران کۆمەڵەی زەحمەتکیشانی کوردستان پارتی دێموکراتی کوردستان یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان حیزبی شیوعی کوردستان پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە لە كۆتایی ڕیوڕەسمەكەدا چەپكە گوڵی ڕێزلێنان لە لایەن كۆمیتەوە پێشکەشی بەڕێزانی كۆڕگێر . دوکتور خالید خەیاتی و کا حاتم مینبەری چالاكوانی سیاسی و  هونەرمەندی دەنگ خۆش ئەسعەد ڕەزازی و كاك بابا عەلی مێهرپەرور کرا.