کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی خۆپێشاندان و نارەزایەتیی لە شارەكانی ئێران

22:15 - 28 بەفرانبار 2717

دوای نسکۆی کاتی خۆپێشاندانەکان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران و هەروەها  بە پێچەوانە ئیدیعای کاربەدەستانی رێژیم ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شارەکانی ئێران بەشێوەی جۆراجۆر هەروا بەردەوامە. بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، دوێنێ شەو لە شارەكانی ئامۆل، رەشت، ئەراك، تەورێز و مەشهەد خۆپێشاندان لە دژی رێژیم بەردەوام بوو و خۆپێشاندەران سەر لەنوێ بە دژی ڕێژیم دروشمیان سەرداوە. هاتنە سەرشەقامی خەڵکی ئامۆل لە سەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢٧ی بەفرانبار لە کاتێک‌دایە کە بەرپرسانی ئەمنی و سیاسی رێژیم ڕایانگەیاندبوو کە توانیویانە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ئێران کۆنترۆڵ بکەن و دەستی دەرەکییان بە تاوانبار زانی. شەوی ڕابردوو خەڵکی شاری ئامۆل لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕژانە سەرشەقام و دەگوترێ کە لە شارەکانی دیکەش خەڵکی گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبردوە. لە ئەنجامی ئەو خوپیشاندانانەی كە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە شارە جیاجیاكانی ئێران لەدژی رێژیم ئەنجام دراوە و بەپێی ئامارەكانی خودی رێژیم، نزیكەی چوار هەزار كەس گیراون کە تا ئێستا چەندین كەسیان لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لەدەست داوە و چارەنووسی هەزاران كەسی دیكەش نادیارە. هەروەها لە شاری سنە بە پێی بڕیاری فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکان بۆ کۆی دامودەزگا حکوومییەکان لە ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی بەربڵاو حاڵەتی نائاسایی ڕاگەیاندراوەو ،لە سەرجەم هێزە ئەمنییەکان داوای کردوە بەتوندی ڕووبەڕووی هەرچەشنە نارەزایەتی و گردبوونەوەی خەڵک ببنەوە.