کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغیی تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری شنۆ بە بۆنەی ساڵرۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانەوە

17:33 - 29 بەفرانبار 2717

بە بۆنەی ٧٢ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان و رێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی پێکهێنەرانی کۆمار و زیندووڕاگرتنی ئەم یادە مێژوویی و نەتەوەییە، تێکۆشەرانی سەر بە رێکخستنە نهێنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری شنۆ بە شێوەیەکی بەربەرین چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد. شەوی ٢٨ لە سەر ٢٩ی بەفرانبار و لە بەرەبەری ٢ی رێبەندانی ئەمساڵ‌دا کە هاوکاتە لە گەڵ ٧٢ ساڵەی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە شاری مهاباد، تێکۆشەرانی ئازا و بەجەرگی دێموکرات لە شاری شنۆ بە بڵاوکردنەوەی سەدان نووسخە لە تراکت و وێنەی سەرکۆماری شەهید، پێشەوا قازی محەممەد لە نزیک بە ٢٠ شوێن و گەڕەکی ئەم شارە تێکۆشانی تەبلیغییان بەڕێوەبرد. ئەو شوێن و گەڕەکانەی کە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات لە شاری شنۆ کارو چالاکیی تەبلیغییان بەم بۆنەوە تێدا بەڕێوەبردوە بریتین لە: گەڕەکەکانی: سەیداوێ، ئاتەشنیشانی، شەبانەڕووزی، شوورای ڕووحانییەت، شەهرەک، مەجیدئاوا، ئەمیرئاباد، تاچیناوێ، شاکرئاباد، جانبازان، سەلیمئاباد، مام تەمر، ڕەحیم ئاباد و هەروەها گوندەکانی: شێوەسماک، خوریشت، سەرگیز، قەرەسەقەڵم، شێخان، کانیەڕەش، قەڵاتیان، بابخاڵاوێ، و چەپەڕاوێ. مزگەوتی حاجی حەسەن، کۆڵانەکانی پشت بانکی میللی، دەورووبەری ئێران خودرۆ و شەقامەکانی نێوشار. بە بۆنەی ئەم چالاکییە بەرین و بەربڵاوەی تێکۆشەرانی حیزب لە یادی ٧٢ ساڵەی دامەزرانی کوماری کوردستانەوە، کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەستخۆشییان لێ دەکات و بەردەوامییان لە ئەرکە پێ‌ئەسپێردراوەکانیان‌دا بە ئاوات دەخوازێ.