کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە قەڵای دێموکرات، یادی دامەزارنی کۆماری کوردستان بەرزڕاگیرا

18:30 - 1 رێبەندان 2717

پێش‌نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١ی ڕێبەندان بە بۆنە ساڵیادی دامەزرانی یەکەمین کۆماری کوردستان بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە کادر وپێشمەرگەو ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی سەرەکیی دەفتەری سیاسیی حیزب، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەڕێوەچوو. لە بەرەبەری ٧٢ساڵەی دامەزرانی کۆماری مەزنی کوردستان لە سەردەستی پێشەوای کوردان، هاوکات لە گەڵ چالاکیی تێکۆشەرانی نێوخۆی وڵات، لە قەڵای خۆڕاگریی دێموکرات، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی یاد وبیرەوەریی ٢ی ڕێبەندان پێکهات و، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر درێژەی هەبوو. دوای سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێز لێنان لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردو کوردستان ، ئەو ڕێوڕەسمە دەستی‌پێکرد. پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە شەونم هەمزەیی وێڕای پێشکەش کردنی پێشەکییەک ، بەخێرهاتنی سەرجەم مێوانەکانی کرد. پاشان هاوڕێ کەماڵ کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدک ،  پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کە بۆ ئەو یادە ئامادە کرابوو، خوێندەوە. لە پەیامەکەی دەفتەری سیاسیی حیزب بە ئاوردانەوەیەک لە مێژووی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا هاتبوو: ئەو هەنگاوە بوێرانەی پێشەوای نەمری کورد، دوای ئەوەی کە زانی حکوومەتی حەمەڕەزاشا و پشتیوانە دەرەکییەکانی ئەمریکا و ئینگلیس ئامادە نابن دان بە مافە ڕەوا نەتەوەیی و ئینسانییەکانی نەتەوە ژێردەستەکان لە ئێران بە تایبەتی کورددا بنێن، نە تەنیا تاکە ڕێگەیەک بوو کە لەبەر دەمیاندا مابوو، بەڵکوو کارێک بوو کە غورووری نەتەوەیی کوردی بەرز ڕاگرت و ئەگەر هەموو دەسەڵاتی خۆیان بەکار هێنا و هەوڵیان دەدا دەنگی کوردان کپ بکەن، پێشەوا و هاوڕێیانی کردیانە سەرەتایەکی نوێی مێژوویی حاشاهەڵنەگر بۆ نەتەوەی کورد. لە درێژەی پەیامی دەفتەری سیاسی بە تێروتەسەڵی باسی لە هەلومەرجی ئێستای ئێران و کوردستانی کردبوو، هەروەها لە پیوەندی لەگەڵ خەباتی بەربڵاو و فرەچەشنی گەلی کورد و کۆڵنەدانی ئەو گەلە بە سیاسەتی زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی‌ هاتبوو: گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە درێژایی ٣٨ ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکانی خەباتی کردوە ئەم گەڵە لەو ماوەدا هەوڵی داوە بە خەباتی خۆڕاگرانەی لە بەرامبەر سیاسەتی سەرکوتکەرانەی ڕێژیم، بوون و مانی خۆی بە ئیسپات بگەیەنێ و ئەگەر لە بەرەنگاری پێشمەرگانەدا مێژوویەکی سەربەرزانەی بۆ خۆی تۆمار کردووە، لە بوارەکانی دیکەشدا چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی لە بواری تێکۆشانی مەدەنیدا کارنامەیەکی پڕشنگداریان بۆ گەلەکەیان نەخشاندووە. ئەگەر دەوڵەت تا ئێستاش ئامادە نەبوە تەنانەت مادەی ١٥ی یاسای بنەڕەتی نیزامەکەیان بۆ خوێندن بە زمانی زگماکی لە ئێراندا جێبەجێ بکا، مامۆستایان و کوردی زانانی کوردستان، بە ماندووبوون و هەزینەی خۆیان هەوڵی فێرکاری زمانی کوردییان داوە و بە هەزاران منداڵ و لاوی کوردیان بە خوێندنەوە و نووسینی زمانی شیرینی خۆیان ئاشنا کردوە. دوای پەیامی دەفتەری سیاسیی  پۆلێک لە کچان و کوڕانی دێموکرات بە هاوکاری کۆڕی هونەریی حیزب سروددێکیان پێشکەش کرد. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنان و خوێندکاران ، لە لایەن پێشەوا عەلیپوور، سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان خوێندرایەوە. لەو پەیامە هاوبەش‌دا بە وەبیرهێنانەوەی  دیرایەت وخەمخۆری پێشەواقازی محەممەد بە نیسبەت چین وتوێژەکان و ڕێگەخۆش کردن بۆ هاتنە مەیدانی ژنان و لاوان وەکوو دوو چینی ئەکتیڤ و شوێندانەر لە کۆمەڵگا، باسی لە هەلومەرجی ئێستا کوردستان و هاتنە مەیدانی ژنان و لاوان و خوێندکارانی کورد کرابوو: لاوان و ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆکە لەسەر بنەمای کۆماری کوردستان و پیشەواکەی ، بۆ جێ خستنی هەرچی زیاتری پرۆسەی میللەت‌سازی لە مەیداندان و تێدەکۆشن و، بە تێکۆشانی خۆیان توانیویانە تاڕادەیەک پاشەکشە بە کۆماری ئیسلامی بکەن و ئەو پەیامەیان داوە بە کۆماری ئیسلامی کە پیلانگێڕی ئێتر ناتوانێ پرسی کورد لە رۆژهەڵات پەراوێز بخات. لە بڕگەیەکی دیکەی ‌دا، دوای خوێندنەوەی سروودێکی شوڕشگێرانە، دوو پێشمەرگەی دەنگخۆشی نێو ریزەکانی حیزب بەناوەکانی ئەمیر مەفاخری و ئاکۆ موزەفەری بە گۆرانی کوردی چێژی تایبەتیان بە مەراسمەکە بەخشی. لە دڕیژەی ڕێوڕەسمی ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان ،  گرووپی هەڵپەڕکێی رۆژهەڵات چەند تابلۆیەکی جوانیان لە هەڵپەڕکێی کوردییان نواند. پاشان ئەو ڕێوڕەسمە بە هەڵپەڕکێی گشتی کۆتایی پێ‌هات.