کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێکهێنانی سیمینارێک بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان لە وڵاتی ئۆتریش

18:04 - 4 رێبەندان 2717

کۆمیتەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان وڕێکخستنی حیزبی شیوعی کوردستان بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان ٧٢یەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، لە شاری ڤییەنی پێتەختی ئوتریش سیمینارێکیان پێکهێنا. لەم سیمینارەدا کە بەشێک لە کوردانی دانیشتیووی شاری ڤییەن و دەوروبەر بەشداریان تێداکرد، سەرەتا ئومید بابان باسەکەی دەسپێکردو  لە باسێکی کورتدا ئیشارەی بە دامەزرانی کۆماری کوردستان ، هەلومەرجی ئەوکات و هەروەها تێکڕمانەکەی کرد. لە بەشیکی دیکەی قسەکانیدا چووە سەر ڕووداوەکانی ئەم دواییانە لە کوردستان بە گشتی و باشوری کوردستان بە تایبەتی و لەوبارەوە ڕوانگەو خوێندنەوەی خۆی خستەڕوو. بە دوای ئەودا هاوڕێ محەممەدی فەقێ عەلی لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستان، بەسێکی کورتی لە ژێرسەردێڕی " کارە ئەرێنی و نەتەوایەتیەکانی کۆماری کوردستان" پێشکەش کرد. لەم بەشەدا کۆڕگێڕ ئیشارەی بە چەند خاڵی گرینگ کرد کە شانازییەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ کۆماری کوردستان، لە نێو ئەوانەدا ناوی پێشمەرگە کە نێوێکی دنیا پەسند و جوانە و هەروەها ئاڵای کوردستان لە هەمووییان گرینگتر چاندنی هزروبیریی نەتەوایەتی لە ناو کۆمەڵگای کوردەواریی و دیاریکردنی ڕێچکە و گەیاندنی ئەم بیرۆکەیە بە شوێنەکانی دیکەی کوردستان. لە بەشی کۆتای ئەم سیمینارەدا، شاعیری وشەوجوان و دێڕڕازاوەی  ناوچەی گەرمیان مامۆستا جەماڵ خانەقینی بە چەند پارچە شێعری نیشتیمانی و شۆڕشگێڕانە بە هاوکاری کەمانچەژەنی بەتوانا هونەرمەند شۆڕش،  بەرنامەکەیان ڕازاوەتر و جوانتر کرد.