کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوونکردنەوە

20:59 - 5 رێبەندان 2717

سایتی ئاوێنە ڕۆژی ٢٤/١/٢٠١٨ وتووێژێکی کاک مستەفا هیجریی بڵاو کردووەتەوە لەم وتووێژەدا کاک مستەفا لە هێندێک شوێنیدا باس لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و مەسەلەی یەکگرتنەوە دەکا. بۆ ڕەواندنەوەی هێندێک گومان و دڵنیاکردنەوەی ئەو یەکگرتووخوازانەی کە لەوانەیە ئەم جۆرە باسانە نیگەرانیان بکا بە پێویستمان زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بدەین: کاک مستەفا کە لە سەرەتای وەڵامدانەوەکەیدا زۆر بە باشی قسە لەسەر یەکگرتنەوەی هەر دوو حیزب دەکا بەداخەوە، دواتر بەسەر هێندێک بابەتدا دەکەوێ کە بێگۆمان هەردوو لایەن دەبێ لەو هەلومەرجەدا زۆر بەرپرسیارانەتر لێیان ورد ببنەوە و قسەیان لەسەر بکەن. * ئەوەی کە کاک مستەفا هیجری مەسەلەی ڕێفۆرم لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، لە هەوڵی سکرتێری پێشووی حیزب، بۆ وتووێژ لەگەڵ  کۆماری ئیسلامیی ئێران"دا، کۆرت دەکاتەوە و هیچ پێوەندییەکی بە ڕێفۆرم لە حیزبێکدا نیە و ناوی"هەوڵی نزیکبوونەوە لە ئێران"ی لێدەنێ، لەلایەک حاشاکردن لە سیاسەتێکە کە لە ٣٨ ساڵی ڕابردوودا حیزبی دێموکرات هەم ئەو کاتەی یەکگرتوو بوو، هەم  ئەو ساڵانەی دوایی کە بووە بە دوو لایەن، پێداگرییان لەسەر کردووە. ئەوە کە کۆماری ئیسلامی چ وەڵامێکی بەم داوای ٣٨ ساڵەیە داوەتەوە، هیچ لە مەوزووعەکە ناگۆڕێ. لە لایەکی دیکەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە شاهیدی هەموو بەڵگەنامەکانی و لەگەڵ هەموو کەم و کووڕییەکانی، هەوڵی ڕێفۆرمی لە نێو تەشکیلات و رێکخراوەکانی خۆیدا داوە کە، تەنیا ئیشارە بە دەستاودەست کردنی دەسەڵات و پۆستە حیزبییەکان و گۆڕانی دوو سکرتێر لە ماوەی سێ کۆنگرەی ئەم حیزبەدا بە نموونە دێنینەوە. بە بێ ئەوەی ئەم ئاڵوگۆڕانە بووبنە هۆی دروستبوونی کێشەیەکی ڕێکخراوەیی لەم حیزبەدا. ئیستا  بەڕێز هیجری ڕێفۆرم بە چی دەزانێ ئەوە بۆ خۆی دەگەڕێتەوە. * لەسەر جیابوونەوە و لێکدابران کە دەڵێ "من دەڵێم هیچ مانایەکی نیە"،  کاک مستەفا ئەگەر دەیهەوێ پەی بەمانا و هۆی ئەم ڕووداوانە ببا، حەق وایە بگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ڕابردووی بە یەکەوە بوونمان و لە چۆنیەتی ڕوانینیان بۆ کاری ڕێکخراوەیی و  هەڵسوکەوتیان لە گەڵ تاکەکانی حیزبدا  ورد ببنەوە.  بە دڵنییایەوە ئەگەر بە چاوی خەسارناسی و ئەزموون وەرگرتن لە ڕابردوو ئەم ئاوڕە بدەنەوە، مانا و هۆکاری لێکدابڕان و جیابوونەوەکان دەدۆزنەوە و دەگەنە ئەو ئاکامە ئەگەر بیهەوێ حیزبی دیموکرات یەک بگرێتەوە و بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە، پێویستە ئەم جۆرە ڕوانینە گۆڕانی بە سەر دابێ. بێگومان بۆ ئەوەی " زەمینەیەکی هاوشێوەی ئەم چەند ساڵە دروست نەبێتەوە"، پێویستە بە مەسئوولییەتی زیاترەوە سەیری کێشەکان بکرێ و لێدوانیان لەسەر بدرێ. * لەو شوێنەش کە باس دەکا" یەکگرتنەوە پێویستی بە دوو لایەن هەیە.... ئەگەر تەنها یەک لایەن لێبووردنی هەبێت.....یەکگرتنەوە سەخت دەبێت"، هەموو لایەک ئاگادارن کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مێژە بۆ لابردنی یەکەم کۆسپی سەر ڕێگەی ئەوان، یەک لایەنە ڕایگەیاندووە کە لە پێناوی یەکگرتنەوەدا، کە ئەویش گرێدراوە بە ڕێککەوتنی کۆتایی و بە پەسندی هەردوولا، ئامادەیە لە "ژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا درێژە بە تێکۆشان بدەین". * سەبارەت بە ڕێککەوتنەکانی تا ئیستاش ،هەرچەند لەسەر زۆر بابەتی پێشنیاری هەردوولا لێک نزیک بووینەوە و هەیئەتەکان بە نیازپاکییەوە کاریان بۆ لێک تێگەیشتن کردوە، بەڵام لە سەر هیچ خاڵێک ڕێککەوتنی کۆتاییمان نەبووە و پۆستی سکرتێرییش یەک لەو خاڵانەیە کە هیچ ڕێککەوتنێکی لە سەر نەکراوە.  بە تایبەت کە سکرتێر بە پێی پێڕەوی نێوخۆی ئێستای هەر دوولایەن، لە دوای کۆنگرە و لەلایەن کۆمیتەی ناوەندییەوە هەڵ دەبژێردرێ و بڕیاری لەسەر دەدرێ. سەرەڕای هەموو ئەوانە، ئێمە بە گەشبینییەوە دەڕوانینە ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی ڕێبەری و هەیئەتەکانی هەردوولا لە ئەستۆیان گرتووە و هیوادارین، ئەم جۆرە وتووێژ و لێدوانانە کار نەکەنە سەر ئیرادەی یەکگرتووخوازانی دێموکرات لە هەر دوولا و وەک جاران پاڵپشتی بەرەو پێشچوونی ئەو ڕەوتە مێژووییە بن. کەماڵ کەریمی بەرپرسی هەیئەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ پرسی یەکگرتنەوە ٢٥/١/٢٠١٨ ٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٦