کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمیناری ٢ی ڕێبەندان لە شاری ستۆکهۆڵم،ی پایتەختی سوید

07:28 - 9 رێبەندان 2717

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ژانوییەی ٢٠١٨ی زایینی، بەرامبەر بە ٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید، بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان ٧٢هەمین ساڵەوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە شاری مەهاباد، بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوید، نوێنەری چەندین حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی و کەسایەتی سیاسی و ئەندام و دۆستانی حیزبەکەمان، سمیناڕیکی پڕ نێوەرۆکی بۆ بەڕێز خالید عەزیزی ئەندامی ڕێبەری حیزبی دیموکراتی کوردستان پێک هێنا. سەرتای سمینارەکە بە سرودی دوژمن شکێنی ئەی ڕەقیب و پاراستنی خولەکێک بێدەنی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان دەستی پێکرد. پاشان هاوڕێ نەبەز عەلیدووست ئەندامی کومیتەی گشتی حیزب لە وڵاتی سوید وەک بەڕێوەبەری بەرنامە بەخێرهاتی میوانان کرد و پاشان وتەیەکی کورتی لە سەر ٢ی ڕێبەندان و هۆکاری پێکهێنانی سمینارەکە پێشکەش کرد. بە دوای ئەو دا فیلمێکی دیکۆمێنتاری کە لە لایەن تەلەفزیۆنی کوردکاناڵەوە ئامادە کرابوو، بە ڤیدیۆسلاید نیشانی ئامادە بووان درا. دوای بەدوای ئەو فیلمە نۆبە گەشتییە بەڕیز کاک خالید عەزیزی. بەڕێز عەزیزی لە سەرەتای قسەکانی دا پیرۆزبایی لە ئامادە بووان، ئەندام، کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و هەموو خەڵکی کوردستان بە بۆنەی ٧٢ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان کرد. پاشان بە ئاوڕدانەوە لەگرینگی دامەزرانی کۆماری کوردستان و پێویستی و زەروورەتی ئەو بڕیارە و هەنگاوە بە جێیە لە لایەن ڕێبەری حیزبی دیموکراتی کوردستان وەک ڕێکخەری ئەو سەردەمەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی شەخسی پێشەوا قازی محەممەد، هەروەها هەلومەرجی ئەو سەردەمە، هۆکارەکانی درووست بوون و گەشەی کۆمار، هاوکات باسی لەو کارە بە جێی و گرینگانە کرد کە کۆماری لە ماوەی تەمەنی کورتی خۆیدا کردنی. بەڕێز عەزیزی بە چاوی خەسارناسییەوە باسی لەو هەل و دەرفەتانە کرد کە لەو سەردەمە دا بۆ بەڕیوەبەرانی کۆمار هاتنە پێش و هاوکات ئەو گرفت و کێشانەشی خستنە ڕوو کە چ لە لایەن هێزە دەرکییەکان و هەم لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە بەرەو ڕووی کۆمار کرانەوە. گرفت گەڵێک کە سەرەڕای هەوڵی زۆری دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستان، بەڵام زاڵ بوون بە سەریاندا ئاستەم و مەحاڵ بوو. کاک خالید لە تەوەرێکی دیکە سمینارەکە دا هاتە سەر باسی کارتێکەری و ڕەنگدانەوەی کۆماری کوردستان لە سەر تاکی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان و وتی: دامەزرانی کۆماری کوردستان بووە هۆی بەرزبوونەوەی هەستی ناسیۆنالیستی و نەتەوەپەرستی نەک تەنیا لە ناو کوردانی ڕۆژهەڵات بەڵکوو لە ناو کوردانی پارچەکانی دیکە کوردستانیش دا، هەر ئەوە بووە فاکتەرێکی گەورە بۆ ئەوەی دوژمنانی کورد بە تایبەت حکومەتی لەرزۆکی ئێران بکەونە خۆ، بۆ ڕووخاندن و داڕماندنی. بەڕێزیان هەر لەو دەلاقەوە ئاوڕێکی خێرای لە ئاڵوگۆرەکانی ئەو دواییانە ناوچەکە و بەتایبەت دوو ڕووداوی گرینگ کە لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ساڵی ٢٠١٧ی زایینی دا هاتنە ئاراوە دایەوە و باسێکی تێروتەسەلی لە سەر جوڵانی هەستی نەتەوایەتی کورد لەو هەردووک دیوی سنوور کرد، ئەوانیش ڕێفراندۆمی باشوور و ئەنجامەکانی و بومەلەرزەکەی ناوچەی کرماشان و بەدنگەوە هاتنی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو بۆ ئەو دوو ڕووداو. بەڕێز عەزیزی باسی لە نەهادینە بوونی هەستی نەتەوایەتی کرد کە لە لایەک بە دەربڕینی خۆشی بۆ سەربەخۆیی دەرژێنە سەرشەقام و بە دووژمن دەڵێن کە کورد دڵخۆشە و هاوکات لە کاتی بومەلەرزەکە دا و لێقەومانی هاونەتەوەییەکانمان، خەڵکی کوردستان لە هەموو شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە کۆکردنەوەی هاوکارییەکان و بە هاناوە چوونی لێقەوماوان، سیگناڵێک بە ڕژیمی تاران دەدەن کە دیسانەوە کورد بە دەربەستە بۆ خەڵکەکەی و لە کاتی پێویست دا لە پشت یەکترین. بەڕێز عەزیزی تەوەرێکی دیکەی سمینارەکەی تەرخان کرد بۆ چۆنیەتی هەوڵ و تێکۆشان بۆ سەرخستنی خەباتی کورد و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سەربەخۆ بۆ کورد لە هەربەشێکی کوردستان. لەو پەیوەندییە دا باسی لە کەمتەرخەمی و ئاوڕنەدانەوە لە هۆکارەکانی شكست و نسکۆکان کرد و وتی: لە گشت ئەو دەرفەتانەی کە بۆ کرد هاتوونە پێشەوە و بەڵام سەرئەنجام تووشی شکست بوون ئێمە تاوانەکەمان خستووەتە ملی وڵاتانی ئیقلیمی و زلهێزەکان و پیلانی دوژمنان، بە بێ ئەوەی بە چاوێکی خەسارناسییەوە ئاوڕ لە کێشە نێوخۆییەکانی نێوماڵی کورد بدەینەوە و لە هۆکارە خۆماڵییەکانی ئەو شکستانە بکۆڵینەوە. کاک خالید لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا پەرژایە سەر چۆنیەتی تەعامول و هەڵسووکەوتی کورد لە هەر پارچە و وڵاتێک دا کە بە سەریدا دابەش کراوە. ناوبراو لەو بروایە دا بوو کە کورد دەبێ بۆ چارەسەری کێشەکانی و ئەستاندنی مافی ڕەوای خۆی، لەگەڵ حکومەتە ناوەندییەکانی دا بکەوێتە دانوستان و ڕێگەچارەی کێشەکانی لە پایتەختی ئەو وڵاتانە بدۆزێتەوە کە وڵاتەکەیان داگیر کردووە، ئەوە ئەوانن کە لە شەڕدان لەگەڵی دا و هەر ئەوانیشن کە دەتوانن چارەی گرفتەکان بکەن. ئەو لەو بڕوایە دابوو کە ناکرێ کورد داوای مافی خۆی بکات بەڵام نەتەوەکانی دیکەی جوغرافیای ناوچەی ژیانی بە دوژمن و نەیار بزانێ و هاوشێوە حکومەتە ناوەندییەکان، گەل و نەتەوە و ڕێکخراوە غەیرە کوردەکانیش بە دوژمن و نەیاری خۆی بزانێ. سەبارەت بە داهاتووی ناوچەکە و ئێران بەڕێز عەزیزی وتی: ئاڵووگۆڕ و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە ڕادەیەک خێرا و چاوەڕوان نەکراون کە ناکرێ هیچ بڕیار و قسەیەک لە سەر داهاتووی ناوچەکە بدرێ، بەڵام کورد دەبێ بە یەکگرتوویی و هاودەنگی زیاتر بەرەوڕووی ئەو گۆڕانکارییانە ببێتەوە. سەبارەت بە ئێران بە باسی لە نارەزایەتی و سەرهەڵدانەکانی خەڵکی ئێران دژ بە حکومەتی تاران کرد، بەڵام پێی وابوو کە ئاستەمە لە نەبوونی ئالتێرناتیڤ و جێگرەوەیەک و هاوکات ڕێبەر و ڕێکخەرێکی یەکگرتوو کە نوێنەرایەتی هەموو چین و وتوێژەکانی کۆمەڵگای ئێران بکا ئەو جۆرە سەرهەڵدانانە ببنە هۆی ڕوخانی ڕژیم، هەر بۆیە لەو بڕوایە دا کە کورد دەبێ لە هەوڵی سەپاندنی خۆی وەک فاکتەر لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دا بدات و بۆ ئەوەش پێی باش بوو کە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات هەوڵی دامەزراندنی بەرەیەکی بەرین لەگەڵ هێزە سەرانسەرییە ئێرانییەکان بە بێ جیاوازی بدەن و هەر لە ئێستاوە لە هەوڵی بە دەست هێنانی لانی کەمی مافەکانیان دا بن، چونکا کەس ناتوانێ پێشبینی داهاتووی دەسەڵات داری ئێرانی دوای ڕوخانی ڕژیمی ئیسلامی بکات و تەنانەت داڕشتنەوەی هێلە سنوورەییەکان لە ناوچەکە دا سیناریۆگەلێکی نادیار و وونن کە ئێمە دەبێ خۆمانی بۆ ئامادە بکەین بۆ ئەوەی بە کەمترین خەسار و لە نزیکترین کار و کورترین ڕێگە بگەیەنە ئامانجەکانمان. بەشی کۆتایی سمینارەکە تەرخان کرا بۆ پرسیار و وڵام کە لەو بەشەش دا بەشداران چەندین پرسیاریان ئاراستەی بەڕێز عەزیزی کرد و ئەویش وڵامی دانەوە. پیویست بە ئاماژەیە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کۆمەلەی شؤڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان ئێران و کۆمەلەی زەحمەتکێشانی کوردستان پەیام و برووسکەی پیرۆزباییان بە بۆنەی ٧٢هەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان ناردبوو.