کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ده‌قی قسه‌کانی کاک خالید عه‌زیزی له‌ سمیناری یادی کۆماری کوردستان له‌ سۆئێد

03:18 - 15 رێبەندان 2717

میوانانی خۆشەویست! خوشک و برایانی ئازیز! پڕ بە دڵ هەموو لایەکتان بە خێرهاتن دەکەم. پێشەکی بۆ یادی ئەو ڕۆژە پیرۆزە، هەروەها بۆ بەشداریتان لە بەحس و بابەتێک سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یان کوردستانی ئێران، ٧٢ ساڵ دوای کۆماری کوردستان به‌خێرهاتنتان ده‌که‌م. هەروەها جێی خۆیەتی له‌ ساڵیادی کۆماری کوردستاندا پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە هەموو ئێوە بکەم کە بەشێکتان لێرە کادرانی پێشوو و ڕێبەرانی حیزبی دیموکرات بوون، بەشێکتان یا ئەو سەردەم لە دایک بوون یان لە دەورووبەری پایتەختەکەی کۆماری کوردستان لە دایک بوون، یا بە درێژایی مێژوو ژیانی سیاسیتان لە نێو حیزبی دیموکرات، ئاڵای کۆماری کوردستانتان لە حەدی خۆتاندا شەکاوە ڕاگرت و ئێستاش هەر بە هیوای شەکاوە بوونی ئەو ئاڵایە لە داهاتوو دا لە پێناو ڕێبازەکانی کۆماری کوردستان کار دەکەن.  هەروەها پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە لە جەمعێک لە ئێوە دەکەم کە کەم ئەندامی ڕێبازەکەی کۆماری کوردستانن و لێرە حزوورتان هەیە و کەم ئەندام بوونی ئێوە دیسان هەر لە پێناو ڕێبازەکەی قازی محەممەد و بە ئاکام گەیشتنی ئاواتەکانی کۆماری کوردستاندا بووە. جێی خۆیەتی هەر لێرەوه‌ پیرۆزباییەکی تایبەتی بە بۆنەی یادی ٧٢ ساڵەی کۆماری کوردستان، لەو شوێنە بکەین کە کۆماری کوردستانی لێ دامەزرا. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کوردستانی ئێران و بەتایبەت لە پایتەختەکەی کۆماری کوردستان مەهاباد.  ئێستاش دوای ٧٢ ساڵ سەرەڕای زوڵم و زۆری و هەموو کاری سەرکوبگەرانەی کۆماری ئیسلامی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا نیشانیان دا ئەو موئەسیساتەی کە بە ناوی کۆماری کوردستان درووست بوو و لەو دوای ماوەیەک تێکچوو، بەڵام دیسان ڕووحی نەتەوایەتی و بە دوادا چوون بۆ وەی کە خەبات و جمووجۆڵی مەدەنی، خەبات و جموجۆڵ لە کوردستانی ئێران لە پێناو مافەکانی خۆیان بکەنەوە بە موئەسیسە، بەردەوام دەچێتە پێشێ. بۆیە هەمووی ئێمە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو دا بە موناسبەتی جۆراوجۆر هەوڵ و تێکۆشان و فەعالیەتی خەڵکی نیوخۆی وڵات بە ژن و بە پیاو، لە شار و دێهاتەکانمان بینیوە کە ئامادە بوون لە پێناو ڕێبازەکەی کۆماری کوردستان، لە پێناو گەیشتن بە مافەکانی خۆیان تەحەموولی زەحمەتێکی زۆر بکەن، تەنانەت تەحەموولی ئەوە بکەن لە زیندانەکاندا بن، شکەنجە قبووڵ بکەن و بەشێک لەوانە حوکمی ئێعدامیشیان لە سەر بدرێ. بۆ ئێمە لە نێوخۆی وڵات ئەوەی لەو چەند ساڵەدا ڕووی داوە، دەکرێ بڵێم شانبەشانی خەبات و تێکۆشانی حیزبەکان بە تایبەتی حیزبەکەی پێشەوا قازی محەممەد و پێشمەرگانە جێگای ئیفتیخارە، جێگای ئیفتخارە. ئێمە شانازی دەکەین کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای زوڵم و زۆری کۆماری ئیسلامی ئەو خەڵکە بە تێکۆشانی خۆی بەردەوام دەچێتە پێشێ. لانیکەم دوو نموونە نیشانی دا کە شعووری سیاسیی کورد لە ئێران ئێستا بە خۆشییەوە و ئێحساسی مەسئوولییەت بەرامبەر بە بەدواداچوون بە نیسبەت مافە نەتەوایەتییەکانیان ڕۆژبەڕۆژ لە گەشە دایە. لە باشوور، یان لە کوردستانی عێراق ڕێفراندۆم دەکرێ بەڵام لە کوردستانی ئێران عەقڵەییەتی ڕێفراندۆم بە هاتنە سەر شەقام نەهادینە دەکەن. لە کرماشان بومەلەرزەیەک بەشێکی زۆری ئەو ئوستانە دادەگرێ، داموودەزگای کۆماری ئیسلامی کە بە لێشاو  پوڵ و پارە لە خزمەت تێرۆریستان لە دەرەوەی سنوورەکەی خۆی دادەنێ، تا چەند ڕۆژیش نەیدەزانی لە کرماشان چی ڕوو دەدا، بەڵام کۆمەڵانی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سازماندەیی و خۆرێکخستن و بە عەقلیەتی بە موئەسیسەکردنی کوردایەتی و فەعالیەتی سیاسی وەدەنگ هاتن و هاتنە سەر خەت و ئەو پەیامەیان دا بە خۆیان کە دەتوانن کار بکەن لەوێ، ئەو پەیامەیان دا بە تاران کە دەتوانن وەدەنگ بێن لە سەر هاونیشتمانیان خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو پەیامەیان دا بە شوێنەکانی دیکەش کە لە کوردستانی ئێران، بە شێوازی جۆراوجۆر لە مەیدان دان. بۆیە دەڵێم بە موئەسیسەکردن، زۆرتر ئەو بیرۆکەیە دێتەوە گۆڕێ کە ئایا کەس یا حیزب یا خەڵک وەک جەماوەر، یا بە موئەسیسەکردن کەڵک لە دەرفەتەکان وەردەگیرێ؟ بۆیە دەڵێم دەرفەتەکان، کۆماری کوردستان جیاواز لەو مێژووە کورتە کە پەیوەندی دار بوو بە ژ-ک، هونەری قۆستنەوەی فورسەت بوو و قۆستنەوەی فورسەت لە کۆماری کوردستان، لە ڕاستی دا بێ ئێغراق هونەری شەخسی پێشەوا قازی محەممەد بوو. هەلومەرجێک لەو ناوچەیە دێتە گۆڕێ  جموجوڵی فکری کوردایەتی بەو شێوەی کە لەو کورتە فیلمەدا باس دەکرێ، لە ژوورەکانی بەستە بە نێوی کۆمەڵەی ژ- ک لە گۆڕێ دایە. پێشەوا زۆر زوو بەو قەناعەتە گەیشت بەو جووڵانە فکرییه‌ لە ژوورەکانی داخراو و بە سوێند خواردن ناکرێ ئەو فورسەتە بقۆسترێتەوە، بۆیە زۆر زوو موئەسیسەی بۆ دا نا. یەکەمین موئەسیسە دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو، لە شكڵی ژوورەکانی هێنا دەرێ. لە ماوەیەکی کورتدا تۆ دەبێ فکر لە موئەسسە بکەیەوە، لە شێوانی ناوچەکە فکر لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بکەیەوە، لە دواکەوتوویی و نە خوێندەواری کۆمەڵگه‌ی ئەو وەختەی کوردستان، وەرە وەزیرت هەبێ، موئەسیسات دابنێ، تەعامول لەگەڵ کێ بکە، لەگەڵ سیناریۆیەکی ئاڵۆزی نێودەوڵەتی کە ئەتۆ وەلا دەنێ. ئازەرییەکان بە شێوەی خۆیان وەلایان دەنا و دەیانویست ببێتە پاشکۆی ئازەربایجان. تاران هەر نادیدەی دەگرت، سوڤیەت زۆر درەنگ هاتە سەر خەت دەنا ناڕاستەوخۆ مامەلەی لەگەڵ وان دەکرد. بەڵام پێشەوا قازی محەممەد لە ماوەیەکی کورتدا توانی ئەو موئەسیسەیە درووست بکا و ئەو موئەسیسەیە یەکەمین دەوڵەتی کوردی بوو، یەکەمین ئادرەسی کوردیش بوو. هونەری قۆستەوەی فورسەتەکە لە لایەن پێشەوا قازی محەممەد ئەوندە گەورە بوو کە لەو ماوە کورتەدا، ئێستا سەنەدییەت و دێکۆمێنێتێکی زۆری بۆ ئێمە جێهێشتووە کە نە تەنیا تێکۆشەران و ئەدیبان و نووسەران ئەوانەی کە کوردن بە دوایاندا دەچن، بەڵکوو غەیرە کوردەکانیش زۆر جار موڕاجعەی پێ دەکەن. کاتێک کۆمار دەڕووخێ ئێمە زۆر جار هەوڵ دەدەین بچینەوە نیو خەسارناسی ئەوە، بەڵام ڕووخانی کۆمار خاریج لە توانای پێشەوا قازی محەممەد بوو، خاریج لە توانای ڕیزی یەکگرتوویی و تواناکانی نیزامیی کوردیش بوو، بۆیە پێشەوا قازی محەممەد بەو جۆرەی کە خۆی تەشخیسی دا بەوەی کە لە پێناو ئەو ڕێبازەدا ئیعدام بکرێ، کۆمار ئاوا کۆتایی پێهات، بەڵام بە قەولی نووسەرێکی غەیرە کورد دەڵێ بیرۆکەی ناسیۆنالیزمی کورد لە ماوەیەکی کورت کە لە مەهاباد ڕا نەهادینە بوو و دەوڵەتی کوردی لە سەر دامەزرا بە ڕووخانی کۆمار و بە لە سێدارەدانی قازی محەممەد تیدا نەچوو، بەڵکوو بوو بە هەوێنی ناسیۆنالیزمی کورد بۆ نەوەکانی دیکەش، دەقیقه‌ن ئێستاش هه‌روه‌هایه‌. فورسەتەکان زۆر هاتوونەوە گۆڕێ، ئایا ئەو فورسەتانە چۆن کەڵکیان لێ وەرگیراوە؟ دوای کۆماری کوردستانیش، بە ئینقلابی ئێران فورسەتێکی ئاوا هاتەوە گۆڕێ، ئێمە هەوڵمان دا لەو فورسەتە کەڵک وەرگرین بەڵام دیسانەوە بە دەستی ئێمە نەبوو. دەسەڵاتی کورد لە ئێران بە براورد لەگەڵ دەسەڵاتی دەوڵەتی مەرکەزی لەو مەوقعییەتە دا نەبوو کە ئێمە بتوانین بە باشی لەوێ بمێنینەوە و دیفاعی لێ بکەین. دوایە دیسانەکانە ئێمە شاهیدی باشووری کوردستانین. ساڵی ٩١ فورسەتێک دێتە گۆڕێ قەزیەی کوردستانی عێراق، کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرامبەریدا تەعەهوداتێکی دەبێ، کورد لەو فورسەتە کەڵک وەردەگرێ، بە ڕووخانی سەدام حوسێن قورسایی ئەو فورسەتە دیسانەوە قورستر دەبێتەوە. بە هاتنە گۆڕێی ڕێفراندۆم و جموجووڵی رێفراندۆم و بە موئەسیسە کردنی حکومەتی کوردی لە کوردستانی عێراق، قورستر و قورستر دەبێ، بەڵام کە دێتە لوتکە، لەوێ دەردەکەوێ قورسایی بە موئەسیسە بوونی دەسەڵاتی کوردی کەلێنێکی وای تێدا بوو، لە لوتکەوە تا ڕادەیەکی زۆر گەیشتە سەر شکستێکی ئینکار ناپەزیر. لە تورکیە بە دوای هەڵبژاردنەکاندا ٨٠ ئەندام پارلەمان لە حیزبێکی کوردی دێتە پارلەمان، لە حیزبەکانی دیکەش کەم و زۆر ئەندامی کوردی تیدا بوو، بەڵام خوێندنەوەیەکی تێکەڵ بە یەکتر لە قەزیەی کورد و چۆنیەتیی تەعامول لەگەڵ حکومەتی تورکیە ئەو فورسەتەش لەوێ تیدا دەچێ و دەبێتەوە بە شەڕ و شۆڕ. لە سوریە فورسەتێک درووست دەبێتەوە، خەلەئێک کە لە نەتیجەی ئەو خەلەئەدا کورد تێدەکۆشی لەوێ خۆی سازمان بدا و ئێستا دەبینین کە لەوێ دەسەڵاتی خۆیشی هەیە. ئایا ئەو فورسەتە چۆن دەقۆزرێتەوە؟ ئایا ئەو فورسەتانەی کە هەموو دێنە گۆڕێ، دەگەنە لووتکە؟ بۆ وڵامدەر نابێ؟ بۆ ئێمە لە ساڵی ڕابردوودا لە کوردستانی عێراق ئەو شکستەمان بینی، لە تورکیە دەورانێک زۆر چووە پێشێ، بەڵام پاشەکشەی بە خۆیەوە بینی و لە سووریە دەبینی هێرشێک کراوەتە سەر ئەو ناوچەیە. ئەو تەجرووبەیە چی لێ دێ؟ لە کوردستانی ئێرانیش سەره‌ڕای ئەو هەموو تێکۆشانانە و کەڵکوەرگرتن لەو فورسەتانە موقعیەتەکەی ئێمە دیسانەکانە لە چوارچێوەی موبارزە و خەباتدا هەر پێناسە دەکرێ. گەورەتری ڕووداو کە لە مێژووی هاوچه‌رخی کورد دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان روویدا، چۆنیەتی بە نەتیجە نەگەیشتنی ئەو رێفڕاندۆمە بوو لە  باشووری کوردستان. من ناچمە نیو تەفاسیلی ئەو ڕێفراندۆمە. حیزبی یموکراتی کوردستان لە سەر ئەو مەزووعە هەڵوێستی بوو،  چ لە کاتی ڕیفراندۆمدا و چ دوای ئەوە کە ئەو شکستە بە سەر وێدا هات. بەڵام پێمخۆشە لێرەوە من، لە گۆشەیەکەوە ئاوڕێکی لی وێدەمەوە ئەویش ئەوە کاتێک ئێمە دەگەینە سەر تاوتوێ کردنی شکستەکان و خوێندنەوە دەرفەتەکان، یەک بوعدی قەزاوەت دەکەین. لە سیڤەرەوە بگە تا لۆزان و لە دەرفەتەکانی دیکە هەمیشە ئێمە تێکۆشاوین خەتای شکستەکان بخەینە سەر خەڵکی دیکە. دەیخەینە سەر فەڕانسە، دەیخەینە سەر بریتانیا، دەیخەینە سەر سایکس پیکۆ و لەو دواییانەدا دەیخەینە سەر ئەمریکا، دەیخەینە سەر تورکیە، دەیخەینە سەر ئێران و عێڕاق و خەڵکی دیکە. لە موعادەلەیەکی پیچیدەی نیودەوڵەتی کە کورد تێیدا هەیە هەموو ئەو فاکتۆرانە دەوروو تەئسیریان هەیە، بەڵام چەند و چۆنی خوێندنەوەی ئێمە لە موعادلاتی نیودەوڵەتی و چۆنیەتی پێناسە کردنی موعادلاتی نیودەوڵەتیە. جاری وا هەیە ئەو ئینتزاراتە لە ئێمە درووست دەکا و کاتێ ئەو ئینتزاراتە وڵام ناداتەوە تووشی یەئس و نائۆمێدییەک دەبین و لە نێو ئه‌و نائۆمێدییەدا کەمتر شەهامەتی ئەومان هەیە خەسارناسیی نێوماڵی کورد بۆ خۆمان بکەین و ئاسانترین نەتیجەگیری ئەوەیە کە بڵێین خەتای ئەم و ئەو بوو، ئەوە ئاسانترین نەتیجەگیرییە لە سیاسەتدا. زۆر دوور ناڕۆم کاتێکی حیزبی ئێمە تووشی نەهامتییەکانی لێکدابڕان و لەت بوون هات، ئەوەڵین ئادرەس کە دەماندا ئەوە خەتای ئەو حیزب وئەم حیزبی کوردییە کە دخالەت لە نێو ژیانی حیزبی دیموکراتدا دەکەن وهانیان داون کە حیزبی دێموکرات لەت بووە. نا ئەسلەن پەیوەندی بەوەوە نەبوو. بەڵام ئەمن لە باسەکە ناگوزەرێم، بەڵکوو پەیوەندی بەوە هەیە کە ئێمە دێینە نێو قەزیەی کورد لەو پێناسەیەدا چۆن بۆ مەسئەلەکە دەچین؟ لە کوردستانی عێراق و دوای ڕیفراندۆم، من بە حوکمی کارەکەم ئەو ماوەیە تێکەڵاویم لەگەڵ عیلاقاتی نیودەوڵەتی هەبوو، چ دەورانێک کە نوێنەری حیزبی دیموکرات بووم لە واشنگتۆن و چ دەورانێک کە سکرتێری حیزب بوو و هێشتا وازم نەهێنابوو. یەکێک لە بۆچوونەکانی ئەوانەی تێکەڵاوییان لەگەڵ قەزیەی کوردستانی عێراق هەبوو زۆر نموونەیان بۆ ئێمە دێناوە. من لێرە تازە دوای ئەو ڕووداوە ئاماژە بە یەک دوو ڕووداو دەکەم. لە واشینگتۆن بووم لە سەردەمی ڕووخانی سەدام حوسێن کەرکووک مەعلووم نەبوو چی بەسەر دێ؟ دەکەوێتە دەستی کێ، ناکەوێتە دەستی کێ؟ ناچمە نێو تەفاسیل بەڵام ئەوەی کە جاری پێشوو کورکووک نەکەوتە دەستی کورد خەتای ئەمریکا و عێراق نەبوو، خەتای دوو حیزبە سەرەکییەکەی کوردستان بوو. ئەو دوو حیزبە سەرەکییە کە حیزبی دیموکرات بە درێژایی ژیانی خۆی ڕەوابیت و عەلاقاتی لەگەڵ هەردووکیان زۆر بووە و ئەو دوو حیزبە سەرەکییە پاشخانێکی دەوڵەمەندیان هەیە لە قوربانیدان لە سەر مەسەلەی کورد، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیەتیی نیشتمانی، کە من عیلاقاتم لەگەڵ هەردووکیان خۆشە و حیزبی دیموکراتی کوردستانیش لەگەڵ هەردووکیان عیلاقاتی خۆش بووە و دەزانین ژیانی پێشمەرگایەتیمان تەجرووبە کردووە، دەزانین ئەو دوو حیزبە چەندیان فیداکاری لە پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ قەزیەی کورد کردوه‌. ئەو فورسەتە هاتە گۆڕێ زیاتر لە ٣٠ کۆنسووڵ دێتە وێ، لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی کوردستان فەڕشی سوور بۆ سەرۆکی فەڕانسە ڕادەخا و هەموو ئێمەش ئیتفخاری پێ دەکەین، بەڵام ئەو دوو حیزبە هەر هەوڵیان نەدا بیکەن بە یەک ئیدارە، دوو پێشمەرگە بکەن بە یەک پێشمەرگە و یەک ئادرەس لە کوردستان دروست بکەن  و کاتێک دەگاتە لووتکە لە کەلێنێکی درزی لێ دەکەوێ و دوای ڕیفراندۆم ئاداری بە سەر پاداری نامێنی و ئەو شکستە گەورەیە تووشی کورد دەبێ. زۆر زوو بە پەلە خەتاکە خرایەوە سەر ئەمریکا کە ئەوان نەهاتنە سەر خەت، ئەوە دیسان غەڵەت لێ حاڵی بوونە لە ڕەوابیتی نێودەوڵەتی. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک ئێمە چاو لە مەسەلەی ئێمە ناکا. دەوڵەتان ڕەوابیتیان لە سەر دۆستایەتی و دوژمنایەتی نیە، عەلاقاتیان لە سەر بەرژەوەندییە. ئورووپایی و ئەمریکایی بزانێ لە جێیەک کێشەیە و پیچیدەگی هەیە و نیگەرانی و ئاڵۆزی هەیە، پاش ماوەیەک خوێندنەوە سەعی دەکەن لێی هەڵێن. ئەوە ئێران و تورکیە و ئەوانن لە ناوچەکە دان و ئاوا بە ئاسانی بە جێی ناهێڵن. ئەگەر وایە ئێمە کە دەگەڕێینەوە سەر فورسەتەکان، ئەوەڵین شت ئەوەیە لە یادی کۆماری کوردستان و ڕێزلێنان لە پێشەوا قازی محەممەد، ئەوەڵین ڕخنە دیسان بەرینەوە سەر نەبوونی یەکگرتوویەکی کامیل لە باشووری کوردستان کە بە داخەوە ئەو فورسەتە لە دەست چوو. لە گەرمەی دەسەڵاتی کورد، بۆیە ئەوانە دەڵێم ڕەنگە لە داهاتوو بۆ ئێمەش ڕوو بداتەوە، لە گەرمەی دەسەڵاتی کورد کە پایتەختی هەیە، سەرۆکی هەرێمی هەیە، حکومەت و پارلەمانی هەیە، بەڵام حیزبی کوردی بۆ خۆی عەلاقات لەگەل ئەو پایتەخت و ئەو پایتەخت بەرقەرار دەکا. ئاوا دەوڵەت درووست نابێ و میللەتیش ئاوا درووست نابێ. رەنگە بگوتری باشە کەچەڵ ئەگەر پزیشكی چاک بێ دەرمانی سەری خۆی دەکا. هی کوردستانی ئێران زۆر لەوێ خراپترە و دێمەوە سەر ئەو باسەش.  ، لانی کەم زۆر جار کە باس لە من دەکرێ  دەڵێن زۆر باسی کەم و کووڕییەکان دەکا، دەڵێن زۆر باسی نەقسەکان دەکا، دەڵێن عەیبەکان باس دەکا، حەق وا نیە ئینسان زۆر باسی عەیب و نەقسەکان بکا. منیش دەڵێم هەموو ئەو شتانەی کە ڕاستەوخۆ ئەمنییەتی کەسێک یا لایەنێک یا چەند کەس لە نێوخۆی وڵات ناخاتە خەتەر، تا ئەو جێگایەی ئەو موشکیلاتانە باس نەکەین ڕێگە چارەمان بۆ نابیندرێتەوە. کۆماری ئیسلامی دوای ئەو تەزاهورات و شتانە، ژووری خەسارناسییان هەیە و  دەچن دادەنیشن و دەڵێن ئەو تەزاهوراتانە بۆچی ڕوویان داوە. ڕەنگە ئێمە یەک بوعدی بڵێین ئەها ئەوانە هەر سەرکوت دەکەن. بۆ ئێمە پێمان وایە ئەوانە بۆ نەجاتی خۆیان هەر سەرکوت دەکەن؟ بۆچی بۆ نجاتی خۆیان نایەن ڕێگەیەکی دیکە بگرنە بەر؟ مەبەستم ئەوەیە کە خانەی خەسارناسی لە نێو ئێمەدا بە داخەو هەمیشە تێکەڵاو لەگەڵ کۆمەڵێک عاتفە و نوستاڵژییە کە  قامکی گلەیی و ڕخنە لە ڕابردووی خۆمانی بۆ درێژ ناکەین. پێمان وایە ئەگەر ڕەخنە لە هەڵەکان بگیرێ ئەوە ئێمە پێی دێینە خوارێ، شکستی پێ دەخۆین، کۆماری ئیسلامی و ئەو دەوڵەتانەی کە کێشەیان لەگەڵ کورد هەیە لە عەیب و نەقسەکانی ئێمە دەگەن. بمانهەوێ و نەمانهەوێ ئەوان ئەوەی لێ دەزانن. ئیستا ڕیفراندۆم نەکرابوو ئەردۆغان دەیگووت ئاڵای ئیسڕائیلیان لە هەولێر هەڵداوە و دەیانەوێ دوڵەتێکی هاوتای ئیسڕائیل درووست بکەن و، ناهێڵین درووست ببێ. ئێستا ڕیفراندۆم نەکرابوو لە تاران دەیانگووت ئیسڕائیلی چووکە درووست دەکەن. دیسان دەگەڕێتەوە سەر چۆنیەتیی تەعامولی ئەو معامەلاتە. بەشێک لە ئیشکالی ئێمە ئەوەیە کاتێک پێناسە لەو دەوڵەتانە و لە موعادلاتانە دەکەین بەو چاوە ئیحساسی و عاتفی و تەوازوعەی کە بۆخۆمان هەمانە ئاوا چاو لە مەسئەلەکە دەکەین. زۆر جار لە تەنیشتی ئێمە دەگوترا ئەمریکا پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاستی گەورەی هەیە، ئەمریکا نەهاتووەتە ئێرە بۆ دوو ڕۆژ و مانگێک و سێ مانگ بمێنێتەوە. زۆر جار دەیانگووت نەقشەی سیاسی گەورەیان بۆ ئەو مەنتەقەیە هەیە و کوردیش بەشێک لەو مەنتەقەیە. بە خوێندنەوەی خۆم و ئەوندەی من لەو مەعادەلاتەی دا بووم، ئیستاش نە لە واشینگتۆن و نە لە پاریس و نە لەندەن و نە لە هیچ شوێنێکی دنیایە نەخشەیەکی سیاسی وا نابیندرێ کە ڕۆژهەڵاتی نێوەراست تێک و پێک بدرێ و بێن و لەوێدا دەوڵەتێک بۆ کورد درووست بکەن و ئەو سنوورانە هەڵبوەشێندرێتەوە. زۆر جار بوعدی ئینتزاراتی ئێمە لەوە زیاتر دەچووە پێشێ بۆیە ئەوە بەرگری دەکرد لەوەی کە ئێمە ئەو حکومەتانە بناسین کە بە دوای بەرژەوەندیی خۆیاندا دەگەڕێن. حیزبێکی سیاسی لە واشینگتۆن یان لە پاریس یا لە لەندەن یا لەو مەرکەزی قودرەتانە، بەشێکی سیاسەتەکەیان ئەوەیە چۆن دەنگدەری وڵاتەکەیان بەرەو لای خۆیان ڕابکێشن کە لە ئینتخاباتدا دەنگی پێ بێننەوە. ئەگەر گەیشتە ئەو مەرحەلەیە، هەموو شتەکانی دیکە تابیعی ئەو بەرژەوەندییە دەبێ. نەقسێکی دیکەی ئێمە لەو موعادێلاتانە بە تایبەت دوای ڕووداوەکەی باشووری کوردستان ئەوە بوو، لە ڕاستیدا ئێمە ئێستاش لە بوعدی زلهێزەکانی نیودەوڵەتی داین، جێگەیەک نادەین بە ئێران و تورکیە و عێراق و سوریە. هۆیەکەی چییە؟ دەوڵەتان دەرووخێن بەڵام ئەوەی دێتەوە جێی، دێتەوە سەر موئەسیسەی دەوڵەتی پێشوو. دەوڵەتی عوسمانی دەڕووخێ تەواوی فایل و موئەسیساتەکەی تورکان دەیگرنەوە، دێنە سەر نەقدی و حازری چون تەعامول لەگەڵ موخالفینی خۆیان بکەن. لە تاران ئینقلاب دەکرێ و دوای ئینقلاب دەردەکەوێ تەواوی موئەسیسات و فایل و سەنەد و دێکۆمێنتەکانی هەزاران ساڵەی حکومەتی شاهنشاهی ئێستا لە لایەن حکومەتی ئیسلامییەوە ئیستفادەی لی دەکرێ. حکومەتەکەی بەغدا کە پێمان وایە زۆر کەم تەجرووبەیە و تازە هاتوونەتە سەر کار، دڵنیام لە ئیدارەی وڵاتی خۆیان و تەعامول لەگەڵ موخالفینی خۆیان لە ئێمە دەوڵەمەندترن. سووریەش ڕەنگە بڕووخێ، بەڵام ئەوەی لە سووریە دێتە سەر کار دێتە سەر فایلی دەوڵەتی پێشوو. دەوڵەت زوو دەبنەوە دەوڵەت بەڵام میللەتان زۆر بە زەحمەت دەبن بە میللەت. ئاخر وەڵڵاهی لە کوردستانی عێراق شانسمان پێدرا. دنیا شانسی بە ئێمە دا، دنیا لەگەڵماندا بوو دنیا بە حەوسەلە لەگەڵمان دەهات بەڵام لە یەک شوێندا ئەوە یقەواعیدی بازیی بە میللەت بوون و مەئەسیسە درووست کردنە، لەوێ کەممان هێنا. ئەگەر بمانهەوێ خەسارناسیی شكستی نەتیجەی ڕیفراندۆمی کوردستانی عێراق بکەین، دەبێ لەوێڕا دەست پێ بکەین. ئەوە هونەر نیە بڵێێ وەڵا قاسمی سولەیمانی هاتووە لە کوردستانی عێراق حەشدی شەعبی هێناوە و کێی هێناوە، دەی دەبێ ئەوە بکا، ئەی ئەوە نەکا چ بکا؟  ئەو کاری خۆی دەکا و زۆر چاکیشی دەکا، بە پێی پلانی دەوڵەتەکەی خۆی لە تاران دەچێتە پێشێ و ئیفشاگەری لە سەر ئەوە هیچ موشکیلەیەک حەل ناکا. مەگەر لە واشینگتۆن بە ئەمریکایی بڵێی هەر سندان و بگاتێ ئەرێوەلا، پشت و شکێ، پێتان وایە عێراقتان لە دەست دایە بەڵام قاسم سولەیمانی ئەوێی کردووەتە مەیدانی ڕمبازێنی خۆی. مەگەر لەوێ بەکار بێ ئەگینا لەنێو ئێمە بۆ بەکار دێ؟ بۆ قاسم سولەیمانی هاتە ئەوێ؟ ئەگەر بە دوای ئەوەدا برۆی، ڕەنگە لەوێ موشکلیەکە حەل بێ. من بۆیە ئەوە دەڵێم، بڕێک ئاوڕێکی قووڵ و بڕێک وردم لەو مەوزووعە داوە، لە ڕوانگەی من مەسەلەی کورد لە ڕوژهەڵاتی نێوەڕاست دیسان تابیعی فورسەتەکانە. لە ڕوانگەی من فورسەت دێتەوە پێشێ بەڵام دیسان نیگەرانم کە ئێمە نەتوانین لەو فورسەتانە کەڵک وەرگرین. دیسان نیگەرانم و ئەو نیگەرانییەی من ئیستا کە زیاتر دەچمە نێو بەحسەکەم، ڕووی لە کوردستانی ئێران. بۆیە من لێرە خۆشحاڵییەکم هەیە کە هەموومان دەتوانین بە دەرس وەرگرتن لەوەی کە ئێمە لە پڕۆسەی بە میللەت بوون بە مەعنای سیاسیدا، بە هۆی ئەوەی کە حیزبایەتیمان لە جێگای ئەو داناوە چەندە موەفەق دەبین. لە کوردستانی عێراق سەرۆکی هەرێمت هەبوو، حکومەت و ئەنجوومەنی وەزیرانت هەبوو، پارەمان هەبوو، بەڵام موراجعە بە کێ دەکەی، موراجعە بە ٣٢ حیزبان دەکەی! نازانم ئەگەر سەرۆکی هەرێمت هەیە، موئەسیساتی قانوونیت هەیە، حکومەتت هەیە بۆ حیزبان لێک دەهاڵێنی؟ حیزبانێک کە لە پارلەماندا حەقی خۆیانە. ئێستا لە وڵاتەکەی ئێوە لە سۆئێد ٧ حیزب لە پارلەماندا هەیە، بەڵام رەنگە ٥٠ حیزب هەبێ. سەرۆکی سۆئێد کە تووشی بۆحران دەبێ، دەچێ ٥٠ حیزبان خڕ دەکاتەوە؟ حکومەتێکە و پارلەمانە و قانوونە. ئێمە بەو شێوە بیر کردنەوە لە حیزبایەتی ناهێڵین موئەسیساتی حکومەتی دەسەڵات پەیدا بکا، ئەویش بۆ؟ حیزبە گەورەکان لە رقابەت لەگەڵ یەکتردا حیزبان درووست دەکەن. ڕەنگە ئەمنیش وەک کەسێکی حیزبی دیموکرات پێم خۆش بێ و لەو ماوە دا لە کۆبوونەوەکان کە لەگەڵ حیزبەکانی دیکە دەمانکرد، دەماندیت جاروبار ئەو بەحسەش دەهاتە پێشێ کە دوو لا پێکهاتوون شتێکیان درووست کردووە، ئەرێ بۆ ئێمەش لەگەڵ ئەو حیزب و ئەو حیزب و ئەو حیزب خڕ نەبینەوە؟ ڕەنگبێ جاروبار ئەو ئیدەیەش هاتبایە گۆڕێ ئەرێ دوو سێ حیزبی چووکەش درووست نەکەین؟ ئەوە ژیانی سیاسیی کورد بووە و لە کوردستانی عێراق ئەوە نەهادینە بووە. کێشەی دوو حیزبە سەرەکییەکە بۆ ئەوەی کە یارگیری بکەن ڕێگە حەلەکەیان لەوەدا دەدی کە حیزبان لە دژی یەکتری درووست بکەن. کە حیزبیان لە دژی یەکتری درووست کرد جا ئەو جار هەر حیزبە بۆ خۆشی سەر لە پایتەختێک دەردێنێ. ئاخر لە شوێنێک کە تۆ موئەسسیاتی دەوڵەتی دادەنێی حیزب مانای نیە سەردانی پایتەختی وڵاتێک بکا و لەگەڵ ئەو دەوڵەتە دابنیشێ. وەزارەتی خاریجە بۆ ئەو کۆبوونەوانە دەچێ، ئەندامانی مەجلیس دەچن، موئەسیساتی دەوڵەتی دەچن. بەڵام ئێستاش هەر حیزبەکانن بە عیللەتی ئەو ڕقابەتە دەبێ سەردانی ئەولاولا بکەن. ئایا ئەوەی کە لە باشووری کوردستان ڕووی دا، لەو پارچانە ی دیکە ڕوو دەدا، بۆ ئێمە دەتوانێ دەرس بێ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یا دیسانەوە هەر ئەوانە دووپاتە دەکەینەوە؟ بەو جۆرەی کە ئیستا ئێمە چاو لە قەزییەکە دەکەین، نا. من خۆشبین نیم، زۆر بە سەراحەت بیڵێم. ئێمە ئیستا نزیک بە هەشت نۆ حیزبمان هەیە، حیزبی کوردستانی ئێران کە لە باشووری کوردستانن، حیزبەکەی منیش کە لە خزمەتتاندام، بەشێکی زۆری ئێمە پێشمەرگەمان هەیە. ئێران دەشێوێ، ناشێوێ، دەرووخێ، ئاڵووگۆڕی بە سەر دا دێ؟ نەخێر ئەو سیناریۆ خەیاڵییەی کە خاوەرمیانە دەشێوی و ئێرانیش دەشێوەێ، دەی لەو حاڵەتەدا ١٠ حیزب، یانی ١٠ گرووپی موسەلەحی پێشمەرگەیان هەیە. لە شوێنێک کە هێشتا یەک فورسەتی وا نەبووە دوای کۆماری کوردستان، لە کوردستانی ئێران، لە ئیلامەوە تا دەگاتە ورمێ، بە هەموو مەزاهیب و ئایین و زاراوەکان کە هەیەتی، خەڕ بێتەوە لە دەوری یەکتر، موئەسسەیەکی میللی هەبێ، زبانێکی واحیدی هەبێ، لێکتێگەشتنێکی واحیدی هەبێ، فەرا حیزب بێ، فەرا ئایینی ، فەرا لەهجەیی بێ و بڵێ وەک کورد من میللەتێکم و ئادرەسەکەشم ئەوەیە، جا وەرە تۆ بەو تەنەوعات و ڕقابەتی حیزبی و ڕقابەتی پێشمەرگە بڕۆوە کوردستانی ئێران. ناخۆشترین سێناریۆ دەبێ. زۆر جار دەڵێن دەی بابە با حکومەت بڕووخێ ئەوانە جێبەجێ دەکەین. حکومەت دەڕووخێ ناڕووخێ مەوزووعێکی دیکەیە. ئایا حکومەتیش لە تاران ڕووخا ئەو مەدینە فازیلەیە کە ئێمە لە تاران دەیینین ئەو بەهەشتەیە؟ بۆ پێمان وایە هەر ئێمە سیاسەت دەکەین بەشێوەی خۆمان؟ بۆ پێمان وا نەبێ بازماندەگانی کۆماری ئیسلامی، یا ئەوەی کە مەزهەب لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتووەتە نیو سیاسەت ئەوانیش بۆ خۆیان سیاسەت ناکەن؟ بە جۆڕیکی دیکە و بە حیزبێکی دیکە نایەنەوە نێو مەجلیسی ئێران و کورد کە رەنگە ١٠ دەرسەدی دەنگی نەبێ؟ ئاخر ئێمە لە شوێنێک سیاسەت دەکەین کە دەورانێک حیزبی دیموکرات و پارتی دیموکرات دادەمەزرێ ناسیۆنالیست و کوردایەتی و لە تەنیشتی ئەو بیروباوەڕی چەپ دیتە گۆڕی و خەڵکێکی زۆر لەگەڵی دەکەوێ، ئایا ئیستاش وەزعەکە هەروایە؟ لە کوردستانی عێراق تەجروبەمان کرد. حیزبی شیۆعیی کوردستان دۆستایەتییەکی زۆریان لەگەڵ ئێمە هەیە، زۆریش پیاوی چاکن، ئێمە زۆریش قەرزداریانین لە رەوابیتدا بە تایبەت هێندێک برادەران کە لێرەن و من لە خزمەتیاندام شاهیدی ئەوەن. مێژووی حیزبی شیوعی هەمووی خزمەتە بە کورد، حیزبی شیوعیی کوردستان، بەڵام بۆ لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستانی عێراق لە ماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا حیزبی شیوعی دەنگ ناهێنێتەوە بەڵام دوو حیزبی مەزهەبی دێنە نێو پارلەمانی کوردستان، کە دەورانێک لە نیو خوێندنەوەی کورد بە چەپ و ناسیۆنالیستەوە جێگایان نەبوو. ئایا ئەوە ئەو سیگناڵە بە ئێمە نادا لە ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست ئایین لە سیاسەتدا بووەتە فاکتۆڕێک ئینکار ناکرێ؟ چۆن لەگەڵ ئەوە تەعاموول دەکەی؟ لە بەغدا حکومەتی سەدام حوسێن دەڕووخێ، ئایا حیزبی سێکۆلار بەو مەعنایەی کە ئێمە عادەتمان پێگرتووە و بە فەرهەنگە ئوروپاییەکەی جێی گرتووە یان هەموو حیزبە سیاسییەکانی بەغدا بە جۆرێک هۆوییەتی مەزهەبییان دەبێ هەبێ؟ سوننە دەبێ بە هۆوییەتی سووننە لە مەقابل شیعەکە لە دەسەڵاتدا بێ دەنا لەو ڕقابەتەدا نایباتەوە. من پێشبینی سیناریۆیەکی لەو بابەتە و خراپتر بۆ داهاتوو لە تاران دەکەم. بۆیە نەفسی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێمە وەک کورد چەندە دەتوانین، چەندە عەمەلی دەبێ چەندە عەمەلی نابێ، بە مەعنای ئەوە نیە جێگرەوەکەی ئەوە دەبێ کە ئێمە دەڵێین. جا ئەگەر وایە چۆن تەعاموول لەگەڵ ئەوە دەکەین؟ چۆن لەگەڵ ئەوە دەچێنە پێشێ؟ بەتایبەت بۆ ئێمە وەک حیزبی دیموکرات و وەک زۆربەی زۆری کوردەکانی ئێران کە چارەسەری قەزیەی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا دەبینین، قەبووڵی ئەو واقعییەتە کۆمەک بە ئێمە دەکا کە لە ئێستاوە چۆن یارگیری بۆ بکەین لە ڕادەی خۆماندا. لە دە ساڵی ڕابردوودا کە ئێمە هەوڵمان داوە بە تایبەت حیزبی دیموکراتی کوردستان ئەوە بووە ئەو بەتاڵاییە بە کۆمەک پێکردن بە موئەسیساتی مەدەنی و خەباتی مەدەنی و کەڵکوەرگرتن لە فورسەتەکان پڕ بکەینەوە و خەڵکێکی زۆر لە شەقامی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆی تێدا ببینێتەوە، بێ ئەوەی کە زەرەر و زیانێکی زۆر بدا، هەر دیار بێ مەترەح بێ. بە دوو هەدەفەوە، ئەو هەوڵانە دوو هەدفیان لە پشت بوو: یەکەم کوردستان عادەت بگرێ بە خۆ سازماندان و موئەسیسات درووست بکات، بۆ نەورۆزە، بۆ ژینگە پارێزییە، کۆڕی ئەدەبییە، کۆڕی هونەرییە، یاد و بۆنەکانە، فێر بێ لێک خڕ بێتەوە. عەقڵەییەتی لێک خڕ بوونەوە لەگەڵ یەکدا بوون تەمرینێکە بۆ کارکردن پێکەوە. ئەوە لایەک، لای دووهەمی ئەوە بوو بەو بۆنەوە لێکحاڵی بوون و لێک تێگەشتنێک لە خزمەت کوردایەتییەکی واحید و ناسیۆنالیزم و هۆویەتێکی واحید بەینی ئیلامییەک و کرماشانییەک و بۆکانی و مەهابادییەک درووست بکەی. چون ئەگەر ئەوەت نەبێ، وا بە ئاسانی ناتوانی تەعامول لەگەڵ تاران بکەی لە سیناریۆکانی دیکە. مەبەستی سێهەممان کە کەمتر لەو مەبەستە نەبوو ئەوە بوو کە کوردی ئێران فێر بکەین، کۆمەکی پێ بکەین کە بەرامبەر بە کێشەکانی ئێران بێ تەفاوەت نەبێ. ئەگەر بە کێشەکانی ئێران بێ تەفاوەت بێ، بڵی کاری بە من نیە، مەربووت بە من نیە، جا ئێرانی چین، فارس چن، جا شوینیست چن خۆ فەرقیان نیە، عەجەم وایە، دەی تۆ لەو حاڵەتە دا دەبێ بڕۆیە نیو ئەو حەلە و سنوورێک دەنێی، ئەگەر وایە کارت بە ئێران نیە. نەخێر ئێمە کارمان بە ئێرانە، کێشەکەمان لە چوارچێوەی ئێراندا جارە سەر دەبێ و تا ئێستاش بە دوای ئەو حەلە دا دەگەڕێین و مادام بە دوای ئەو حەلە دا دەگەڕێین قەواعیدی بازی خۆی هەیە. قەواعیدی بازی خۆی ئەوەیە قورساییەکە بخەنە ناو جمووجۆڵ و خەباتی مەدەنی لە ناوخۆی وڵات. ئەوە دەبێ حکومەتی تاران و ئێرانییەکانی غەیری ئێمە موتەوەجیه بن، لەوێیە قودەرتی کورد دیار دەبێ، دەنا بە سیرفی فەعالییەتی ئێمە حیزبەکان کە لە نیوخۆی وڵات ناتوانین دیار بین، ئەندامانمان لە دەرەوەن یان لە کوردستانی عێراقین ناتوانین ئەو پەیامە قورسە بدەن. حیزبی ئێمە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ڕاستییەکەی هەوڵێکی زۆری بۆ ئەوە داوە. بۆیە ئێستاش لەو باوەرە داین ئێمە لەبەرامبەر ڕووداوەکانی تاران بێ تەفاوەت نەبین. ئەگەر بە ڕووداوەکانی تاران بێ تەفاوەت بین دەبێتە هۆی ئەوەی تووشی ئێنزوا و سوورەپەرێزی بین. ئەگەر تووشی ئینزوا بین، لەو حاڵەتەدا و لە دیتنەوەی دۆست و دوژمندا دیسان تووشێ موشکیلە دەبین. بۆیە دوای ئەو تەزاهۆراتانەی ئەخیر کە لە ئێران ڕرووی دا، لە ڕوانگەی ئێمەوە کە ئێران شڵەقا، سەرەتایەکی باش بوو، ئێعتماد بە نەفس لە نێو خەڵکدا درووست بوو، تاران لەوە حاڵی بوو کە ئاوا بە ئاسانی ناتوانێ ئێران ئیدارە بکا و دنیای دەرەوەش بەوە گەشتن کە کێشەی ئێران هەر کێشەی ئەتۆمی نیە و ئۆپۆزێسیۆنی ئێرانی بەو گەشتن کە بەشێکی زۆریان زۆر حەوایی فکر دەکەنەوە، لاقیان لە سەر عەرز نیە، لە گەرمەی ئەو جموجۆلە دا ئاردەسێکی واحید لە گۆڕی دا نەبوو، جا ئەگەر وایە ئێمە دەبێ ئینتیزاری ئەوە بکێشین کە ئێران دەکرێ تەحەوەلاتی تێدا بێتە گۆڕێ، ئێران دەکرێ تەغیراتی تێدا بێتە گۆڕی. با هەمیشە ئەو تەغییر و تەحەولە بە نەفسی رووخانی کۆماری ئیسلامی پێناسە نەکەین کە باشترین سێناریۆیە، چون ئەگەر یەک بوعدی هەموو حەلەکان لەوەدا ببینیننەوە پاڵدانەوەیەکی تەمبەڵانەیە بەرامبەر بەو هەموو خۆپیشاندان و تەزاهورات و کێشەی قانونی و کێشەی مجلیس و ئەوانە، ناچینە نیویان، دەگەڕێینەوە سەر تێئۆرییەکەی ناپلیۆن کە دەیگووت شەڕ لە سیاسەت خۆشترە، شوعارێکە دەیدەی یا دەیکوژی یان دەتکوژێ.   سیاسەت ئەوەیە ئەمڕۆ تەرحێک دێنی نایگرێ، پاشەکشە دەکەی، حەڵێکی دیکە دینێ بەولایەدا دەچی، لەو دەرگایە دەدەی ئەو دەرگایەت لی داەخرێ و دەرگایەکی دیکە دەکەیەوە، ئێمە لەگەڵ ئێرانییەکان ئە ئاواین. لە ماوەی یەک دوو مانگی رابردوو کە ئێمە هەوڵمان داوە لەگەڵ زۆربەی ڕێکخراوە سیاسییە ئێرانییەکان کۆبوونەوە بکەین هەمووی لەو پەیوەندییە دا بووە، لەو پەیوەندییە دا ڕخنەشمان دێتەوە سەر. ئەو ڕەخنەگرەی کە رەخنە دەگرێ، ئەوندەی کە پەیوەندی بە مێتود و شێوەی ئێمە بێ، کە بڵێین خراپ عەمەل دەکەین لە هەڵبژاردندا، لە چۆنیەتی قسە دا لە گوفتمان دا سەرچاوان، دەبێ گوێی بدەینێ، بەڵام ئەگەر ڕەخنەکەی ئاوا بوو کە بڵێ چت بە ئێرانییەکان داوە و ئەوانە جێی باوەڕ نین و ئەو حیزب چییە و ئەو دیکە شۆڤینیستە و ئەوەیان پان ئێرانیستە، ئەوە هیچی لێ سەوز نابێ. مەجبوورین ئێمە لەگەڵ ئەوانە بچینە پێشێ، ئاخر ئەوە نیە لە باشووری کوردستان گەیشتە لوتکە، حکومەتی هەرێم حکومەتیشە، دەسەلاتێکی دێفاکتۆشی هەیە، ئێستاش لە فیدرالیزم ئەولاترە، بەلام هەوڵ دەدا پەنا بۆ واشێنگتۆن و تاران و ئەولاوئەولا دەبا فشار بۆ بەغدا بێنن رەوابیتەکەی لەگەڵ عادی بێتەوە وئەوەی هەیەتی لە دەست نەچێ. دەی مادام ئاوایە لە ڕاستیدا ئێمە دەبێ تەنزیمی قەواعیدی بازی خۆمان لەگەڵ چەند و چوونی دیتنەوەی ڕێگا حەل لەگەڵ ئێرانییەکان بکەین. ئا لەوێدا گرفتێک کە بۆ ئێمە دێتە پێشێ، ئەوەیە کە ئەرێ چوونە نیو ئەو قەواعیدی بازییە ئەوە کۆتایی هێنان بە پڕۆژە نەتەوەییەکان نیە؟ ئەوە ئێمە بە دوای شتی کەمدا ناڕۆین؟ خواستی نەتەوەییی ئێمە ئەوەیە؟ ئەوە فێدێرالیزمە، ئەوە بیرۆکەکانی کۆماری کوردستانە؟ چۆنیەتی تەلفیقی بیروبۆچوونی نەتەویی و نەتەوەگەری لەگەڵ واقعیاتی سیاسیی چارەسەرییەکە دیسان هونەری ئێمەیە چۆنی تەنزیم بکەین. ئەوە موشکیلێکە ئێمە هەمانبووە کەم و زۆر، مودیرییەت کردنی پێ دەوێ. ئەوەی لە عەفرین ڕوو دەدا و هێرش دەکرێتە سەر ئەوێ، موزووعی کوردستانی سوریەیە، کێشەیەکە لەوێ هەیە، ئێمە وەک کورد دەتوانین هاودەردییان بکەین و لە حەدی خۆماندا پشتیوانیان بکەین لەو شوێنەی کە موناسیبە، لەوە زیاترمان بۆ ناکرێ و جاری وا هەیە و من بۆ خۆم زۆر جار وتوومە کوردستانی ئێران زیاتر لە حەدی خۆی، خۆی بە پارچەکانی دیکەوە مەشغووڵ کردوە، تەنانەت وایکردووە کە ئێمە رۆژانە زۆرتر تەعقیبی پارچەکانی دیکە دەکەین تا ئەوەی کە بزانین لە ئوستانەکانی کوردستانی ئێران چ دەگوزەرێ، ڕۆژنامەکانی ئێران چ دەڵێ، تەلەفزیۆنی ئێران چ دەڵێ، کێشە قانونییەکانی نیو مەجلیس چۆنیان باس بکەین چۆنیان لە سەر بنووسین؟  بڕێک دوور کەوتووینەتەوە لەوە. بۆیە تەوەجوهێکی زۆرتر بەوە کۆمەک بەوەی دیکە دەکا. ئەوە دەسەڵاتی کوردی لە کوردستانی ئێرانە تاران نیگەران دەکا و مەجبووری دەکا چۆن تەعامول لەگەڵ قەزیەی کورد لە پارچەکانی دیکە بکا. بۆ ئەوەش زەمینە هەیە. ئیشکالاتی دیکەمان چ بووە لەو پەیوندییە دا؟ ئیشکالاتی دیکەمان ئەوەیە کە چۆن ئەوە فەعالیەتە مەدەنییە کوردستانی ئێران وەک خۆی بناسین؟ بۆ و چۆن وەک خۆی بناسین؟ فەعالیەتی مەدەنی و قانوونی لە کوردستانی ئێران، ئەگەر ئینتزارمان ئەوە بێ، ئەوەیە کە سنوورەکان هەڵدەگرێ و ئەو پارچانە تێکەڵ دەکاتەوە و دەزانم زۆربەی ئێوەش وا فکر دەکەنەوە، لە هەڵە داین. ئەگەر پێمان وابێ لەگەڵ تاران نەتیجەی ئەوە دەبێ کە فیدرالیزم لە ئێران دا سەپێ و دەوڵەتی کوردی دابمەزرێ لە هەڵە داین. ئەگەر شوعاری وایانبخەینە نێو و ئەو شوعارانە لە نێو خۆیاندا کێشە و موشکیلاتیان بۆ درووست کا، حیزبەکەی من شوعارێک و حیزبەکەی تۆ شوعارێک و ئەوەی دیکە شۆعارێک بدات و بەو جۆرە وەحدەت و یەکڕیزی فەعالینی مەدەنی و قانونی و فەرهەنگی و ئەدەبی و ژینگە پارێزمان لە کوردستانی ئێران لە مەترسی خستووە. ئەوەی لە نێوخۆی وڵاتە بە تەبیعەتی وێ فەعالیەت دەکات، ئەوەی لە دەرێیە بە تەبیعەتی ئێرە نەزەر دەدا، ئەوەی حیزبەکانن لە تاراوگە دان لە باشووری کوردستانن و ڕۆژانە لەگەڵ ئەو جەمعەی بە یەکەوەن کارد دەکەن بە تەبیعەتی ژیانی خۆیان لە سەر وەزعەکە قەزاوەت دەکەن. ئایا ئێمە دەتوانین ئەو سێ شوێنە، نیوخۆی وڵات کە زۆربەی خەڵکەکەی ئێمە لەوێیە و ڕۆژانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی سەروکاری هەیە و سیاسەتی تێکەلا و بە ژیان کردووە، سیاسەت ئەگەر لە موشکیلاتی ڕۆژانەی ژیان دوور بووەوە خەراپە ناخۆشە ویشكە، تێئۆریکە دانیشگاهییە بەکار نایە و خەڵکی لەگەڵ ناکەوێ. لەو وڵاتە کە کورد لەوێ دەژی، ڕۆژانە لەگەڵ موشکیلاتی سیاسی و فەرهەنگی و بێکاری و نەخۆشی و مەجالی خوێندن و چ دەکڕێ و چ ناکرێ تێکەڵە. ئەگەر پێمان وابێ هەمووی ئێران و هەموو کوردستانی ئێران وەک ئێمە سیاسەت دەکەن لەهەڵە داین.  جا ئێمە چۆن ئەتوانین ئەوانەی لە نیوخۆی وڵاتن لەگەڵ ئەو کوردە ئێرانیانەی لە دەرەوەن و لەگەڵ حزیبە سیاسییەکان کە بە شێوەی تەواو وەخت کادر و ئەندامیان هەیە، ئەو سێ شوێنە چۆن ئەتوانین لێکیان نزیک کەینەوە؟ ئەوەی لە دەرێیە لە خزمەت ئەوە دا بێ ددەنگی ئەوان بە دنیای دەرێ بگەیەنێ، ئەوە حیزبەکانە چۆن مودیرییەتی ئەوە بکا کە فاسڵەی خوێنەوەی خۆی لەگەڵ واین لێک دوور نەبێ؟ من جاروبار و خوێندنەوەی خۆم وا بینەوە، تەنانەت لە نیو ئەندامانی حیزبەکەی خۆمان، کە لە نیوخۆی وڵات داوایەک دەکرێ، یەکێک هەڵوێستێک دەگرێ و قسەیەک دەکا، دەڵێ وەڵا ئەوە هیچ نیە و تەنانەت هەندێک جا حەملە بەو فەعالانەش کراوە. وەڵا جاشن، جاسووسن، لەگەڵ پاسدارانن. لە ڕوانگەی من هونەرە تۆ لە کوردستانی ئێران بتوانی ڕۆژانە لە سەر مافەکانی سیاسی و مەدەنی و قانوونی و نەتەوایەتیی خۆت کێشە بکەی، ئەوە بە هونەر دادەنێم. بۆ ئەوانەی دوورن زۆر ڕەحەتە لە دنیای مەجازی و فەیسبووک تەحلیل بکەن و لێکیشی بدەنەوە، بەڵام ئەمن ئاوا دەڵێم، دەڵێم چۆن ئەو سێ بۆچوونە، ئەو سێ نوقتەی جوغرافیاییە تێکەڵ کەینەوە لە خزمەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆمەکی پێ بکەین ئەوێ بەقووەت بێ. زەمانێک ئێمە دەتوانین ئەوە بکەین کە ئەو لێک حاڵی بوون بەهێز بێ. حیزبەکان، زۆر جار ئێمە ڕوومان لە حیزبەکانە و بۆ خۆشـم دەورەیەک سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان بووم. هەشت ساڵ لەو کێشەی تێکەڵ بوونەوە دانیشتن لەگەڵ ئەو حیزب و پێک بێین و پێک نەیین و هەموو ئەوانە بوو. من ئێستا ئاماژە بە چەند شت دەکەم ئەویش هەر کۆمەک بە لێکحاڵی بوون و درووستکردنی ئەو پردە بەینی خۆمان و نێوخۆی وڵاتە و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. کۆنگرەی نەتەوەیی لە هەولێر دەستی پێکرد بۆ یەکەم جار ئەو پێنج حیزبە، دوو دێموکرات و سێ کۆمەڵە لێک نزیک بوونەوە. لە پەراوێزی کۆنگرەی نەتەوەیی ٥ سکرتێرەکە پێکەوە دانیشتن، قەرار درا و بڕیار درا وردە وردە ئیدامە بەو دانیشتنانە بدەین، دوو جار دانیشتن، دوایی هەر کەسە و چووەوە ماڵی خۆی، چون ئێحساسمان دەکرد هیچ لایەکمان وا بە ڕاحەتی یەکتر تەحەموول ناکەین. هەرکەسە بە دوای وە دەگەڕا موقعییەتی خۆی کوێیە لەوێ دا؟ بڵێم چی حیزبایەتی وایە. قەزیەی هەڵبژاردنی مەجلیس و پارلەمانی ئێران و شۆڕاکان هاتنەوە گۆڕێ پارەکە، دیسان حیزبەکان بە یەکەوە ئیتلاعییەیەکیان دا، قەرار بوو لەوە دوا تێبکۆشن لە سەر ئەو جۆرە شتانە بەیانییەی هاوبەش بدەن. بە دوای ئەوەی کە ئەو هەڵبژرادنانە تەواو بوو ئەویش تەواو بوو. بە دوای ڕووداوەکانی ئەخیری ئێراندا کە وردە وردە ئێران شلەقا بە خۆشییەوە حیزبەکان لەگەڵ یەک دانیشتن و تەنانەت ناوەندێکیشیان پێک هێناوە  و بە کارێکی باشی دەزانم و دەبێ هەوڵ بدەین تەشویقیان بکەین، بەڵام لێرە تێبینییەکم هەیە. خراپترین سیاسەت ئەوەیە کە تۆ شەرایەتێک دێتە پێشێ و هەلومەرجێک دێتە پێش و بە تەبیعەتی جەوەکە خۆت موجبوور دەبینی زوو شتێک بکەی، کە جەوەکە دادەمرکێتەوە، ئەویش وەردە وردە دادەمرکێتەوە. ئێمە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە کوردستانی عێراق وا بووین. کە شەرایەتێک دێتە پێش، سەردانی یەکتر دەکەین بەپەلە و ئەو بۆلای ئەو دەچێ و ئەو بۆلای ئەو حیزب دێ و ماوەیەک کە جەوەکە گەرمە و لێرەش دەنووسی ئای بەقوربانتان بم، ئەوە یەکتر دەگرنەوە و ئەوە لێک نزیک دەبنەوە، کە وردە وردە کەش و هەواکە دەنیشێتەوە ئەویش دەنیشێتەوە و تەواو دەبێ. بۆ و چۆن دەکرێ ئەوە حەل بێ؟ بۆیەکەی ئەوەیە کە ئێمە بەشێ زۆری ژیانی خۆمان، تەغزیەمان لە ئەندامانی خۆمانە و تەغزیەمان لەو نەسلەیە کە زۆرتر لە دەرەوەیە. تەغزیەی فکری ئێمە لە نیوخۆی وڵات کەمە ، با  قەبووڵی بکەین، ئەوەمان کەمە و بە قووەت کردنی پردی ئێرتیبات لەگەڵ نێوخۆی وڵاتە هەر حیزبەی دەزانێ موقعییەتی لە کوێیە. ئیستا لە هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەموو حیزبێک بڵێین چەند دەرسەدی خەڵکت لەگەڵ دایە؟ هەرکەسە ٨٠ دەرسەدی بۆ خۆی دادەنێ. قانوونی ڕیازییاتیش دەگۆڕین. بەڵام ئەگەر جاریک لە نیوخۆی وڵاتدا هەر حیزبە و دەنگی پێدرا، فەرزەن حیزبکەی من ٧٠ دەرسەدی هەیە، ٣٠ دەرسەدی هەیە، ئەو وەختی ئەگەر قسەم کرد بە قەرای دەنگی خۆم قسە دەکەم. بەڵام ئیستا هیچکاممان بە قەرای دەنگی خۆمان قسە ناکەین. ئەوە لە حاڵێکدا دەڵێم دوای ئینقلابی ئێران و لانیکەم لە یەکەم هەڵبژرادندا حیزبی دیموکراتی کوردستان لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ئێراندا تەقریبەن نوێنەرانی دەنگی هێنایەوە و دەرسەدی دەنگی حیزبی دیموکرات ئەو وەخت زۆر زۆر لە سەرەوە بوو، بەڵام ئەوە هی ئەو وەخت بوو. جا بۆیە تا ئەو جێیەی پەیوەندی بە حیزبەکانەوە هەیە لە ڕاستیدا دەبێ ئێمە ئەو فشارە بێنین و وەهای نەهادینە بکەین کە کاری ئاوا عەکسولعەمەل نەبێ لە موقابیل عەمەڵێکدا، ئەو مەنتەقەیە هەموو ڕۆژێک شتی بە دوو دا دێ، ئەوڕۆ عەفرینە و دوێنێ شەنگال بوو و پێڕێ کۆبانی بووە و ڕەنگە سبەینێ زیندانێکی تورکیە بێ و دوو سبەی شتێک لە عێراق بێ و چوار سبەی شتێک لە ئێران بێ و یانی ئەگەر هەر وات لێهات بە تەبیعەتی ئەوانە تۆ عەکسولعەمەل نیشان بدەی و ئەوە تەئسیرت لە سەر دابنێ شتێک بکەی، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوە نەفسی شتە ئەسڵی و ستراتیژییەکە زەعیف بێ. ئایا چۆن کۆمەک بەوە دەکرێ بەشێک لە ئێوە ڕەنگ بێ لە من باشتری لێ بزانن بەڵام ئێحتیاجمان بەوەیە. لە ڕوانگەی خۆم لێک نزیک بوونەوەی حیزبەکان ئەگەر بۆ کوردستانی ئێران نەبێ نەتیجە نادا. ئەگەر لێک نزیک بوونەوەی حیزبەکان ئاوا دانەنیشێن خەسارناسییەک لە سەر خۆمان و چۆنیەتیی عەلاقات لەگەڵ کوردستانی ئێران و سازماندانی خەڵک لە دژی کۆماری ئیسلامی نەبێ، ناتوانێ پێی لە سەر ئەرزی واقێع بێ. ئەمە لەوێ بڕێک لێک دوورین و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو دا کە من خۆم لە نێو هێندێک لەو کۆبوونەوانە دا بووم ئەوەم بینیوە. زۆر ئاسان نییە حیزبێک بۆ خۆی لە باشووری کوردستان بێ یان ئەندامانی لێرە بێ، بە فەعالێکی سیاسی لە نیوخۆی وڵات بڵێ جاش یا خائین، ئەسڵەن ئاسان نیە. ئەمن جارێکیش گوتم، کوتم باشە بۆ بۆ ئێمە راحەتە ئەوەی لە نێوخۆی وڵاتە یەک بەناوی ئیسڵاح تەڵەب و یەک بە ناوی جوڵانەوەی سەوز و هەموو ئەوانە هەر یەکە و نێوێکیان بۆ دابنێین، ئەدی بۆ ئەو خەڵکە حەقیان نیە بڵێن ئێوە چل ساڵە لە کوردستانی عێراق ماونەتەوە هەر خەریکی لەت بوون و ئینشعابات و شەڕ لەگەڵ یەکتری دان، ئەدی بۆ ئەوان حەقیان نیە؟ دەی دەباشە با ئەو حەقە بە هەموو لایەکمان ڕەوا ببینین، بیدەین بە یەکتری و ئەگەر دامان بە یەکتری و لەوێدا  دەتوانی خۆ ببینینەوە و لەوێ دا ئەتوانین عێلاجێکی بۆ ببنینەوە. بە نیسبەت فاکتۆرێکی دیکەی ناوچەیی پێم خۆشە لێرە ئاماژەی پێ بکەمەوە کە لە شوێنی خۆی دا بە سەریدا بازم دا. ڕووداوەکانی کوردستانی عێراق و باشوور و ڕووداوەکانی ناوچەکە حەقیقەتێک بە ئێمە دەڵێن کە ئەو حەقیقەتە تاڵە بەڵام قبووڵی حەقیقەت کۆمەکت دەکا ڕێگە حەلی بۆ ببینیەوە. موعادلاتی نێودەوڵەتی بەو جۆرە نیە کە بە شێوەی کلاسیک ئێمە دەورانێک ئێمە خوێندنەوەمان بۆی هەبوو. کە سەردەمی شەڕی سارد، مۆسکۆ لە لایەک و واشینگتۆن بە سەر چوو، پێمان وابوو دنیا بووەتە چەند بۆعدی. ڕەنگە لە دنیای دیموکراسیدا ئەو ئەبعادە هەبێ، بەڵام بە داخەوەلە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئێران و تورکە و کێشەی ئایینی فاکتۆڕێکی سەرەکین. چۆن ئێمە تەنزیمی عەلاقات لەگەڵ ئەو چوار پایتەختە دەکەین زۆر مەسەلەیە، ئاسان نیە بۆ کورد بە سەر ئەوانە دا پاس بدا بۆ واشینگتۆن و لەندەن وپاریس. مەگەر لەو بەری جادەکە کە ئەو پاس دەدا موعادلەیەک لە گۆڕێدا بێ دەسەڵاتێک لە گۆڕی دا بێ کە بە راحەتی ئەو دەسەڵاتە ناوچەییانە نادیدە بگرێ. بۆیە کورد مەحکووم بە تەعامولە لەگەڵ ئانکارا، تاران، بەگدا و دێمەشق، تەنانەت ئەو حکومەتە شڵەژاو و شەق و شڕ و بێ سەروپایەکەی بەشار ئەسەد، کوردی سوریە دەبێ فەزایەکی بۆ ببینیەوە رەنگە لە داهاتوو دا مەجبوور بە تەعامول لەگەڵ ئەو حکومەتە بێ. ڕووداوەکانی هەشت، نۆ دەساڵی ڕابردووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نیشانی داوە، بە داخەوە ئەوانە ماندەنین، لەوێ دەبن، دەمێننەوە و ئەمراز و کەرەستەی گەمەیان هەر بە دەست، تاران و ئانکارا و ئەوانی دیکە، بەڵام ئەوانی دیکە تابیعی موعادلەیەکن، سەیر نیە لە واشێنگتۆن هەڵبژاردنێک بکرێ ڕەئیس جمهوورەکەی مەوقعییەتی خۆی لە خەتەردا ببینێ، لە ئینتخاباتی دووبارەدا لایەنی بەرامبەری بڵێ ئەرێ لە عێراق چ دەکەی، ئەرێ لە سووریە چ دەکەی، ئەرێ بۆ ئەوەت کردووە؟ وەڵا بە جۆڕێک وازیشێ لێ بێنێ و هەڵ بێت و بڕوات. جا ئایا ئێمە چۆن تەنزیمی ئەو عەلاقات و مەعادڵاتە دەکەین، بەستە بە خۆیەتی و هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا لە ژێر ڕووناکایی ئەو واقعییەتی تاڵە دا، تێبکۆشێ کۆمەک بە مانی حکومەتی هەرێم و داهاتووەکەی بکا. ئەوەی کە ئیحتیمالات لە داهاتوودا روو دەدەن ئەوە شتێکی دیکەیە و چۆنیەتی موعاملە لەگەڵ ئێحتیمالاتی داهاتووش دا هەر لەو ڕوانگەیەوە دەچێتە پێشێ. ئاخیر قسەم  دەگەڕێتەوە سەر ئێمە و دێموکراسی. ئەوەیان قسەی خۆمە. زۆر جار ئێمە کە دێینە سەر هەڵسەنگاندنی خۆمان، پێناسەی خەبات و تێکۆشانمان، زۆر بە ئیفتخارەوە دەڵێین دێموکراسی شتێکی گەورەیە، خەبات بۆ دامەزراندنی دیموکراسی دەکەین و جاری وایە وای لێ دەکەین داخوا دیموکراسی دەبێ چەندە شتێکی موقەدەس بێ؟ جاری وا هەیە قوودسییەت دەدەین بە دێموکراسی.  لە ڕوانگەی خۆم و بە تەجروبەی خۆم، دێموکراسی فەقەت تکنیکە فەقەت ئامرازە، هیچ تەقەدووسێکی نیە. ئەوەی موقەدەسە مافە. هەموو قانوونی ئەساسییەکان بخوێنەوە دیفاع لە ماف دەکرێ و دێموکراسی تکنیکێکە لە ئێختیار ماف دا. دیموکراسی لە دێموکراتترین وڵاتدا تکنیکی عەلاقەی خەڵکە لەگەڵ دەسەڵات. خەڵک وەسیلەیەکی هەبێ لە دەسەڵات بپرسێتەوە، دەسەڵاتیش بە تەبەعییەت لەو تکنیکە خوی مولزەم بە وڵامدانەوە ببینێ بەرامبەر بە خەڵک. ئایا قەواعیدی بازی دیموکراسی و ژێستی دێموکراسی، بۆ میللەتێک وەک کورد کە لە خەبات و تێکۆشان دایە، تەواوی دەرووبەرەکەی بە چاوی ئەمنییەتی چاوی لێ دەکەن، هەموو کەس لەوێ بە چەک خۆ پێناسە دەکا، بەراستی چۆن جێگەی دەبێتەوە؟ چۆن جێبەجێ دەبێ؟ لانی کەم دەبی هێندێک لەو برا گەورانەم کە لیرە لە حیزبی دیموکرات لە خزمەتیان دا هەم هەموو کۆنگرەکانی حیزبی دیموکرات کە شانازیمان پێوە دەکرد حیزبێکی دیموکراتین، هەموو کۆنگرەکانی حیزبی دیموکرات، حیزبی تووشی کێشە و موشکیلە کردووە. هەموو کۆنگرەکانی!  دەی لە کوردستانی عێراق، لە باشوور دەسەڵاتێک هەیە جاری وایە لە ڕقابەتی حیزبی وا فێر دەکرێ، لە گۆشەیەکی، وەلا دیموکراسی بۆ ئێمە گرینگە. دیموکراسی بۆ گرینگە بەڵام کەرکووک دەگیرێتەوە کەمی بۆ گرینگە، بۆ دەبێ دیموکراسییەکەی گرینگ بێ. ساڵی ١٩٥٠ کە کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتووەکان درووست دەکرێ، ئەوەی زۆر کەم دەوری تێدا هەبوو دیموکراسی بوو. ١٤ مادەیەک کە هەمووی لە سەر ماف قسە دەکا و شتی بۆ کورد تیدا بوو، پێم وایە نوێنەرێکی کورد هەستا چووە لۆس ئانجلێسیش، نازانم دەقیقەن لە یادم نیە، هەستا بە دوویشی دا چوو، ئێحسان نووری پاشا زۆر ئاماژە بەوە دەکرد، زۆری هەوڵ دا کە لەو مێتودانەی ویلسۆن کەڵک وەرگرێ، ئەو وەختی کە لە ساڵی ١٩٥٠ چل، پەنجا دەوڵەت هەبوو و ئێستا نزیک بە ١٩٣ تا ٢٠٠ دەوڵەت لە دنیا دا هەیە، زۆرێک لەو وڵاتانەی کە بوون بە دەوڵەت، لەو میلەتانەی بوون بە دەوڵەت لە ئافریقا و لە ئامریکای لاتین و لێرە و لەوێ هەر نەیاندەزانی دیموکراسیش چییە، ژێستیشیان پێ لێ نەدەدا. نەیاندەزانی نێچە و مارکس و ئینگێلس و ئەو تێئۆریسیۆنە دانیشگاییانە کێن، بوون بە دەوڵەت و دەوڵەتی خۆشیان درووست کرد. دەوڵەت درووست کردن بە ئیقتیدار دەبێ بە دێموکراسی نابێ، هیچ میللەتێک بە دیموکراسی ناگا بە دەوڵەت. دیموکراسی تکنیکی بڵاو کردنەوەیە، لە بازی دیموکراسی دا هێندێک قەواعدی بازی هەیە، سبەینێ یەکێکیش لە حیزبەکەی من جودا دەبێتەوە و دەچێ حیزبێک پێک دێنێ و ئاخر من دەڵێم وەڵا باش نیە، خراپە بۆ یەکگرتن خراپە، دەڵێ دیموکراسییە و ئەمنیش حیزبی خۆم پێک دێنم. بە دیموکراسی بە دەوڵەت ناگەی، ئەگەر بازی دەوڵەت دەکەی. بە ئادرەس بە ئێقتیدار بە دەوڵەت دەگەی. لە کوردستانی عێراق کە هەر بەشێکی فیدای کێشەی حیزبی بوو ئەوە بوو. ئایا قەواعیدی بازی دیموکراسی کە ئێمە هەمانەوە و لە نێوماندا هەیە ئادرەسی بەقووەتت بۆ درووست دەکا؟ نا. جا بۆ ئەوەی کە ئێمە بتوانین ئەو ئاردەسە بە قووەتە درووست بکەین، با دیموکراسی ببەینەوە نێو ماف، ئەندامی حیزبی، مافەکەی بپارێزرێ، ئەندامی کۆمەڵگە مافەکەی بپارێزرێ و چۆن لەوێ دەتوانین خوێندنەوەی خۆمان لە دیموکراسی بکەین بۆ میللەتێک کە دابەشە بە سەر دەیان حیزب؟ وەڵا من لەوە نیگەرانم سبەی لە کوردستان ئێران ئاوا بچێتە پێشێ، وەڵا زاراوەکانیش حیزبی خۆیان هەبێ. یارسان بڵێ حیزبی خۆم دەوێ، سوننی کوردیش پەیدا بێ بڵێ حیزبم دەوێ، عیزبی شێعەی کوردی پەیدا بێ بڵێ ئەوەم دەوێ، یەکێک بڵێ من خەڵکی شومالم حیزبم دەوێ، یەکێک بڵێ جافم، یەکێک بڵێ کەلهوڕم، بۆ قەواعدی بازی و کێشەکان و بەرژەوەندی بازی ئەو مەنتیقە وای لێ هاتووە ئەئاوا  دابەشت دەکا. لە ڕوانگەی خۆمەوە بۆ ئەوەی کە ئەوە خڕ بکەیەنەوە، ئەوەیە کە ئێمە حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە بەرەو ئەوە دەڕۆین کۆمەک بەو عەقڵییەتە بکەین. کۆمەک بەو ئادرسە بە قووەتە بکەین. بۆیە پێش هەموو شتێک ئەوە بینینە گۆڕێ، لە لێک نزیک بوونەوەی خۆیاندا، دەکرێ ئێمە هێزی موسەلەحی واحیدمان هەیبێ؟ کە زۆر ئاسان نیە. یانی لەو حاڵەتە دا تۆ زۆر گەورە فکر دەکەیەوە، زۆر میللی فکر دەکەیەوە، زۆر نەتەوەیی فکر دەکەیەوە، بەڵام ئەگەر ئەوە نەکەین من زۆر نیگەرانی زەرەر و زیانەکانیم بۆ داهاتووی کوردستانی ئێران. قسە کردن لەو نیگەرانییانە بۆ ئەوەیە ڕێگە حەلیان بۆ بدۆزینەوە. شتێکی دیکە بە نیسبەت ئێران پێم خۆشە بیڵێم و دەبێتە ئاخر قسەم. ئەو تەزاهوراتانەی کە لە ئێران ڕوویدا، ئێستاش بە مەعنای ئەوە نیە ئێمە بەرامبەر بە کێشەکان لە تاران بێ تەوەجوه بینین. سیستەمە ئیدیولۆزییەکان بە کێشەی نێوخۆیی زۆر لەق دەبین. سۆڤیەتی پێشوو، بە شەڕی ئەستێرەکانی ڕێگان نەڕووخا، بەو پرسیارە گەورەیە ڕووخا کە گۆرباچۆف لە سەری درووست کرد. ئادار بە سەر پاداری نەما. سیستەمی ئیدیۆلۆژیکی ئێران و کۆمەڵێک موئەسساتی ئایینی کە هەیەتی و کێشە ناوخۆییەکانی دەتوانێ زۆر کۆمەک بکا بە زەعیف بوونی و ئێمە نابێ لێی بێن و لە ڕوانگەی خۆمەوە، لە نێو سیستەمی کۆماری ئیسلامی دا ئەگەر کەسانێک هەن بە هەر ناوێک لە دژی توندڕەوەی کۆماری ئیسلامی و لە دژی ئەو نیزامە بن ئاڵوگۆڕێکی تیدا پێک بێنن، ئێمە نابێ لێی بێ تەفاوەت بین. ئێمە نابێ بڵێین ئەوە فەرقیان نیە. ڕەنگە ئەوان وەک ئێمە فکر نەکەنەوە بەڵام بۆ ئێمە پێویستە کە بەرامبەر بەو کێشانە لە تاران بێ تەفاوەت نەبین. لە ساڵانی رابردوودا لە کوردستانی ئێران کە تەزاهورات ڕووی دەدا خەڵک دەکوژرا،  دەگیرا لە هیچ پایتەختێک خەڵکمان بۆ خڕ نەدەبووەوە یان گوێیان نە دەداینێی.، بەڵام بە تەزاهۆرات لە شارە گەورەکانی ئێران ئەو جارە لە دژی جمهوری ئیسلامی ئەمریکاش هاتە سەر خەت، یەکێتی ئوروپاش هاتە سەر خەت و بوو بە مەسەلەیەکی نێودەوڵەتی. کێشە لە تاران و مەشهەد و ئیسفەهان و تەورێز لە دژی کۆماری ئیسلامی،یە کە دەتوانێ سوئالی لە سەر درووست بکا و ئەوەیە کە دەتوانێ لەوێڕا بیرووخێنێ. کێشەی ئێمە لە کوردستان زۆرتر لە پێناو مافەکانی خۆماندایە و ئێمە لە کوردستان بە سازماندەیی خۆمان تێبکۆشێن کە ئەو سیناریۆیە هاتە پێشێ بەرنامەمان بۆی هەبێ. بۆ جارێکی دیکە هەر ماندوو نەبنەوە، هەر ساغ و سڵامەت بن  و هیوا دارم هەمووی ئێمە بە دەرس وەرگرتن لە شەهانەت و واقێع بینی یەکەم ڕەئیس جمهووری کوردستان پێشەوای حیزبی دیموکرات، سەرۆکی کۆماری کوردستان کۆمەڵێك تەجروبە و ڕێگا حەلمان هەبێ، بۆ داهاتووی کورد بە گشتی و بە تایبەت بۆ کوردستانی ئێران. دڵنیاشـم ئەو جەمعەی لێرە دانیشتوونە جەمعێکن کە لە زۆر بوار دا ساحەب نەزەرن، ساحەب قەڵەمن، ساحەب تەجروبەن، ڕایەڵەیان هەیە، ئەگەر چارەنووسی ئێمە کوردی ئێران وا نەبوایە ئەو جەمعەی کە لێرە دانیشتوون بەشێ زۆریان لەکوردستانی ئازاد لە کوردستانی ئێران، لەو کەسانە دەبوون کە خەڵک موراجعەی پێ دەکردن، لەو کەسانە بوون کە لە دەسەڵات و ئیدارە و دەوڵەتداری دا بوون  و لەو کەسانە بوون لە هەمووان موهیمتر کۆمەکیان بە نەتەوەسازی لە کوردستانی ئێران دەکرد. بۆیە ئەو جەمعە ئێستا ئا لێرە بە هەموو ڕایەڵکەیەکی خۆمان دەتوانین تەئسیر دابنێین. یەکەم لە پێناو وەحدەت، دووهەم لە پێناو بە قووەت کردنی هەرچی زۆرتری ئەو جموجۆڵە مەدەنی و قانوونییەی کە لە کوردستانی ئێران هەیە، با بە کەمی دانەنێین، کۆمەکی پێ بکەین، چونکا هەر ئەوێیە دەتوانێ قەزیەی ئێمە هەم لە تاران تەرح و هەم لە دەرەوە. کێشەی کورد لە عەرەبستان لەواشةگتۆن ولە ئوروپا چارەسەر نابێ، کێشەی کوردی ئێران لە کوردستانی ئێران و لە تاران چارە سەر دەبێ. لە کوردستانی ئێران ئاوا چارە سەر دەبی ببی بە دەسەڵات و لە تاران ئاوا چارە سەر دەبێ لەگەڵت دانبیشێ، دەنا قەتعەن لەو باوەڕە دانیم کێشەی ئێمە لە پایتەختی هیچ وڵاتێک لە دنیای دەرەوە چارەسەر بکرێ. ئەگەر پێمان وابێ زۆر دوور دەکەوینەوە لە واقعییات و هەڵسەنگاندنەکە. زۆر سپاستان دەکەم. دابەزاندن و ئامادەکردنی بۆ بڵاوکردنەوە: ئازاد بانەیی