کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سێهەم کۆبوونەوەی خۆی پێک هێنا.

16:55 - 18 رێبەندان 2717

رۆژی سێشەممە ١٧ی رێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی ( ٦/٢ / ٢٠١٨ ی زایینی) سێهەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە بنکەی سەركردایەتیی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران  بەڕێوە چوو. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەڕێز کامیل نوورانیفەرد ئەندامی دەفتەری سیاسیی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران وێڕای بەخێر هێنانی ئامادەبووان، دەستووری کاری کۆبوونەوەکەی راگەیاند. لە دەستووری کاری ئەم کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک پرس و بابەتی گرنگ هەبوون کە بریتی بوون لە : ١-  هەڵسەنگاندنی کاردانەوەی پێکهاتنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکان لە نێو خەڵکی ڕۆژهەڵات و هێز و لایەنە سیاسییەکان، ٢-   درێژەی باس و بیروڕاگۆڕینەوەی کۆبوونەوەی پێشوو لە بارەی ئەرک و ئامانجەکانی ناوەند و پێڕەوی نێوخۆی. ٣-  خستنە ڕووی ڕاوبۆچوون لە بارەی فراوانکردنەوەی ناوەند و بانگێشتی هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکە. ٤- گرنگترین ڕووداو و ئاڵوگۆرەکانی ئێستای ئێران و ناوچە بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی و خوێندنەوە و هەڵوێستمان لە بارەیان دوای راگەیاندنی دەستووری کارەکە هەریەکە لە هەیئەتەکانی بەشدار بۆچوون و سەرنجی خۆیان لەسەر هەرکام لە بابەتەکان هێنایە گۆڕێ. ئەوەی وەک ئەنجام و پوختەی باسەکانی ئەم دانیشتنە پێویستە بە ئاگاداریی ڕای گشتی بگات، بریتییە لە: - ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە ئاماژە بەو پەیامانەی لە چەند حەوتووی ڕابردوو دا، بە هێزە سیاسییەکانی پێکهێنەری ئەو ناوەندە گەیشتوون و بە سەرنجدان بە لێدوان و دژکردەوەی هۆگرانی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و راگەیەنەکان دا،  ڕێزی لە خۆشحاڵی دەربڕین و پێشوازیی ئەوان لە پێکهاتنی ئەم ناوەندە گرت و ئەمەی بە هاندەرێکی باش زانی بۆ بەردەوام بوون و پەرەپێدانی هاوکاریی نێوان حیزبەکان و گەیاندنی بە ئاستێکی کاراتر. - کۆبوونەوە وێڕای وەبیرهێنانەوە و تەئکید کردنەوە لە سەر ئەو پرەنسیبە گشتییە سیاسییانەی بناغەی هاوکاریی حیزبەکانی ئەندامی ناوەندیان لە سەر پێک هاتوە، ناوی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران"ی بۆ ئەم ناوەندە پەسند کرد و ڕیزە خاڵێکیشی بۆ ڕوونکردنەوەی  پێڕەوی نێوخۆ و هاوکاریی ئەندامان لە چوارچێوەی ناوەند دا دیاریی کرد. - لە تەوەری باس لە سەر ڕووداوەکان و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە، لایەنەکانی ئەندامی ناوەند بەپێزانینەوە لە سەر خۆپێشاندانەکان و ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆری و بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە تەمەنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە تایبەتی ڕۆڵ و بەشداریی ژنان لەو حەرەکەتانەدا، هەڵوێستەیان کرد.  کۆبوونەوە سەرکوتی دڕندانەی خۆپێشاندانی جەماوەریی خەڵک، گرتنی هەزاران هاونیشتمانی وەزالەهاتوو لە بارودۆخی دڵتەزێنی ئابووری و سیاسی و، هەر وەها کوشتنی گیراوانی ئەم دواییەی لە ژێر ئەشکەنجە لە گرتووخانەکانی ئەو ڕێژیمە کە ژمارەیەک لە لاوانی کوردستانیشیان لە نێو دا هەبوون، بە توندی مەحکووم کردەوە. ناوەندی هاوکاری بە وەبیرهێنانەوەی هەڵویستی خۆی لە بارەی دەرچوونی حوکمی ئێعدام بۆ لاوی کورد رامین حوسێن پەناهی کە ڕۆژی ٢٦ی ژانویەی لە توێی بەیاننامەیەک دا ڕای گەیاند،هەوڵدانی هەموولایەنە بە مەبەستی هەڵوەشانەوەی حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن پەناهی و هیدایەت عەبدوللاپووری بە ئەرکی بە پەلەی هەموو هێز و لایەن و کەسایەتییەکی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست زانی. هەر لە چوارچێوەی باس لە ڕووداوەکانی ناوچە، ناوەندی هاوکاری پەلاماری دڕندانەی سوپای تورکیە و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر خەڵکی عەفرین و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژاوای کوردستان لە بەر چاوی کۆمەڵگەی جیهانی، بە جێگای داخ زانی و وێڕای مەحکوومکردنی  ئەم دەستدرێژی و تاوانخوڵقێنییانە، هاوخەمی و هاوپێوەندیی خۆی لە گەڵ خەڵکی خۆڕاگری ڕۆژاوای کوردستان بە تایبەتی ناوچە پەلاماردراوەکان، دووپات کردەوە. لە تەوەرێکی دیکەی ئەم بەشە لە باسەکان دا، هەیئەتەکانی بەشداری ئەم دانیشتنە، بە لە بەرچاوگرتنی بۆنەکانی ٢٢ی ڕێبەندان(ساڵرۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و دەستبەسەرداگیرانی دەسکەوتەکانی ئەو شۆڕشە لە لایەن خومەینی و هاوبیرەکانی)،٢١ی  فێوریە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک و چەند بۆنەیەکی دیکە، پێویستیی یەکدەنگی و هاوپەیامیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ڕووبەرووبوونەوەی ئەم بۆنانەیان بە پێویست زانی و ناوەندی هاوکارییان بۆ ئامادەکردنی پەیام و بانگەوازی پێویست لەم پێوەندیانە دا، ڕاسپارد. ناوەندی پێکهاتوو لە ٥ حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سێهەمین کۆبوونەوەی خۆی‌دا، وێڕای باسکردن لە پێویستیی فراوانکردنەوەی ناوەند و بانگێشتی هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکە بۆ هاوکاری، گەڕایەوە سەر یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەو ناوەندە کە کارکردن‌ و هەوڵدانە بەئامانجی پێکهاتنی بەرە یا هاوپەیمانەتییەکی گشتگیر و بەردەوام لە نێو هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەر پێنج لایەنی بەشدار  پێیان لە سەر ئەم خاڵە داگرتەوە کە پێویستە ئاسۆ و ئامانجی ئەم ناوەندە، هەوڵدان بۆ هەر چی زیاتر لێک کۆکردنەوەی حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕەخساندنی بوار بۆ لاپەڕە و قۆناغێکی نوێ لە هاوکاری و هاوخەباتیی نێوانیانە. لەم پێوەندییە دا، ناوەندی هاوکاری خۆی ئەرکدار کرد بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی خۆی‌دا لە سەر زەمینە و کۆسپەکانی بە پیرەوەچوونی ئەم پرسە گرنگە و وردەکارییەکانی باسی چڕ و پر بکا. لە کۆتایی سێهەم دانیشتنی ناوەندی هاوکاری دا، پرێس کۆنفرانسێک بە خانەخوێی سازمانی خەبات و بە بەشداریی نوێنەرانی حیزبەکانی بەشدارلەم ناوەندە(حیزبی دیموکراتی کوردستان، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران) بەڕێوە چوو کە تێی دا بەڕێز کامیل نوورانی فەرد، بۆ میدیاکان تیشکی خستە سەر باس و بڕیارەکانی ئەم کۆبوونەوەیە.