کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی سکرتێری گشتیی حیزب ، لە یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد

00:07 - 24 رێبەندان 2717

سەر لە بەیانی ئەوڕۆ ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی ھەتاوی،ڕێزدار مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەردانی سکرتاریای یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کوردی کرد و لە لایەن شاندی یەکیەتی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد و بە ئامادە بوونی سکرتێری ڕێکخراو، ڕێزدار ڕەحمان سەلیمی بە گەرمی پێشەوازیان لێکرا. لەو دانیشتنە دوو قۆڵیەدا دوای باس کردنێک لە سەر فەلسەفەی ھەبوونی ڕێکخراوی خوێندکاران لە قۆناغی خەبات بۆ بەدەست ھێنانی ڕزگاری نەتەوەیی و بەشداری ئەو تویژە پێشەنگەی کۆمەڵگا لە ژیانی حیزبایەتی دا کاک مستەفا مەولودی جەختیان لەسەر پشتگیری ھەمەلایەنەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە یەکیەتی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد بە لە بەر چاوگرتنی ھەموو تایبەتمەندیەکانی خەباتی تایبەت بە ھەرێمی زانکۆ و خوێندکاری کورد کردەوە. سکرتێری گشتی حیزب لە بەشێک لە بۆچونەکانیان دا جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە حیزبی دێموکڕات پێویستە بە زمانی خوێندکارانەوە بچێتە نێو زانستگاکان و ڕێکخراوی خوێندکارانی بە ئەرکدار زانی کە پێویستە لەو قۆناغە مێژوویەدا و بە بنەما گرتنی بەردەنگی خۆیان چالاکانەتر ڕۆڵ بگێڕن . لە بەشێکی دیکەی بۆچونەکانیان دا ھەروەھا ئاماژەیان بە ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی حیزب بە گشتی و بە تایبەت یەکیەتی نەتەوەیی خوێندکاران لە ھەوڵدان بۆ بەھێز کردن و بەرەو پێش بردنی گوتار و لە ھەمان کات دا یەکیەتی تەشکیلاتی حیزب کردەوە . ڕێزدار سەلیمی بە باس کردنی تایبەتمەندیەکان و زیندووتر بوونی ژینگەی تێکۆشانی خوێندکاران لە چاو بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگا و ڕۆڵی پێشەنگانەی خوێندکاران لە ئاڵوگۆرە کەلانەکان دا باسێکی تێر و تەسەلیان لەسەر جۆری ڕوانینی یەکیەتی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد لە ئاست پێشھاتە سیاسیەکانی کوردستان بە تایبەتی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کرد و لە دوا بەشی بۆچوونەکانی خۆیاندا ڕۆڵی حیزبیان لە سەر لە نوێ بوژانەوەی خوێندکاران و تێکۆشانی نوێی ئەو ڕێکخراوە بەرز نرخاند. لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا لە لایەن شەمزین ئەحمەد نەژادەوە ڕاپۆڕتێک لەسەر چالاکیەکانی ئەو دواییەی خوێندکاران بۆ ڕێزدار مەولودی خوێندرایەوە و کورتە باسێکیش لەسەر فەزای ئەندێشەیی زاڵ بەسەر زانکۆکانی کوردستان و ئێران و چۆنیەتی کارکردنی خوێندکاران لەو فەزا دوو قوتبی کراوەدا کە بێ گوومان زەرفیەتێکی گەورەتری بۆ ھەبوونی خوێندکارانی دێموکڕات تێدا مەوجودە کرا. ئەو دانیشتنە بە بەشداری گەرم و دەوڵەمەندی ئەندامانی خوێندکاران دوای پتر لە کاتژمێرێک کۆتایی پێھات .