کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆڕێکی خۆمانە، بۆ ڕێزلێنان لە ئازیتا موئمێنی لە قەڵای دێموکرات

23:17 - 25 رێبەندان 2717

پێش‌نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕێبەندان لە لایەن بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانەوە ڕێز لە کیژۆڵە هەڵکەوتووەکەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات گیرا. لە کۆرێکی خۆمانەو خۆماڵی بە ئامادەبوونی بنەماڵەی ئازیتا موئمێنی کچە سەرکەوتووەکەی بواری مووسیقی کوردی ، کە لەو دواییانەدا توانی بە لێهاتوویی خۆی و پاڵنەری بنەماڵە تێکۆشەرەکەی لە کێبەرکێیەکی هونەری‌دا نازناوی ئەستێرەی کوردستان کیدس ڤۆیس بە دەست بهێنێ ، وەکوو رێزلێنان لە خۆی و بنەماڵەکەی و سەرجەم لایەنگرانی ڕێوڕەسمێکی ڕازاوە لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب بەڕێوەچوو. لەو ڕێوڕەسمە‌دا کە بەشێکی بەرچاو لە کادرو پێشمەرگەو بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو، سەرەتا پێشکەشکار سۆما حەکیم‌زادە پێشەکییەکی ئەدەبی پێشکەش بە ئازیتا و سەرجەم منداڵانی تاراوگە کرد. دواتر خاتوو سوهەیلا قادری سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان  وێڕای بەخێرهاتن کردنی مێوانان و پیرۆزبایی کردن لە بنەماڵەی ئازیتا موئمنی چەند وتەیەکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد . سوهەیلا قادری  با باس کردن لە لێهاتوویی منداڵانی نێو بنکەکانی حیزب لەو بارەوە وتی : وەکوو یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بە ئەرکی خۆمان زانیوە کە سەرنجی زیاتر بە کچ و کوڕانی بە توانای حیزب بدەین و هەروا کە لە بەرنامەیەکی تایبەت، ڕیزمان لە بنەماڵەی هونەرمەند کاک ئەنوەر عەزیزی و کچانی هونەرمەندی گرت، ئەمجارەش بە هۆی درەوشانەوەی ئازیتا موئمێنی لە بواری گۆرانی  کۆڕێکی هاوشێوەمان پێک‌هێناوە. پاشان دەستەخوشکانی هونەرمەندو پەنجە ڕەنگین بەناوەکانی کوردستان و ئاڵاو نیشتمان عەزیزی کە ماوەیەکە بنەماڵەیان پەیوەست‌بوون بە ریزکانی حیزبەوە  تابلۆیەکی نەخشین لە گۆرانییان پێشکەش کرد. لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمە دا سکرتێری گشتیی حیزب بە نوێنەرایەتی  لە دەفتەری سیاسی، لەوحەیەکی رێزلێنانی  پێشکەش بە ئازیتا موئمنی کرد و پاشان هاورێ مستەفا مەولوودی لە سەر سەرکەوتنی ئازیتا وەکوو منداڵێکی بەهرەمەندی دێموکرات چەند وتەیەکی ئاراستەی بەشداربووان کرد. بەرێزییان بە کورتی وێڕای پیروزبایی کردن و خوشحاڵی سەرجەم تێکۆشەرانی دێموکرات لە سەرکەوتنە هونەرییەکەی‌ ئازیتا موئمێنی لەو بارەوە وتی: بێ گومان ئازیتا و ئازیتاکان سەروەت و سامانی میللەتێکن و ئێمەش وەکوو حیزبی دێموکرات کە ئازیتا موئمنی تێدا پەروەردەبووە رێزلە زەحمەتەکانی خۆی و بنەماڵەکەی دەگرین و هیوا خوازین بە یارمەتی هەموومان ڕێگەخۆشکەر بین بۆ سەرکەوتن و دەرکەوتنی زیاتری منداڵانی بنەماڵەی دێموکرات. لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە،لەوحی ڕێزلێنانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە لایەن خاتوو سوهەیلاوە پێشکەش بە ئازیتا موئمنی کرا. هەروەها رێزدار مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە دیارییەکی بەو کیژۆڵە هونەرمەندە بەخشی . لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، فیدراسیۆنی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری کۆیە و هەروەها تیپی مووسیقای باواجی کۆیە بە پێشکەش کردنی خەڵاتی خۆیان  ڕێزیان لە ئازیتا موئمنی گرت. لە دوا بەڵگەی ئەو ڕێوڕەسمەدا ئازیتا موئمنی و ئاسۆی موئمنی بە هاوکاری کوردستان عەزیزی و ئارام ئیزەد پەنا، بە چەند ئاواز و گۆرانی کۆڕەکەیان ڕازاندەوەو چێژێکی  تایبەتیان بەو ڕێوڕەسمە بەخشی. شیاوی باسە ئازیتا موئمنی ناسراو بە ئازیتا لوقمان لە کێیبەرکێیەکی هونەری کە ماوەی ٨مانگی خایاند ، لە نێوانی ٢٥ منداڵی لێهاتوو لە هەر چوار پارچەی کوردستان توانی لە بواری گۆرانی خەڵاتی یەکەم بە دەست بهێنێ.