کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستان: هێرش بۆ سەر دەروێشە گونابادییەکان مەحکوومە

03:18 - 2 رەشەمه 2717

ئێوارەی رۆژی دووشەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی (١٩ی فێوریەی ٢٠١٨ی زایینی)  هێزە ئینتزامی و بەسیج و لیباس شەخسییەکانی حكومەتی ئێران هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەی دەروێشە گونابادییەکان لە شەقامی پاسداران لە تاران لە گەڕەکی گوڵستانی حەوتەم. بە پێی دوایین هەواڵەکان  لە ئەنجامی ئەو هێرش و پەلامارانەدا، چەند كەس كوژراون و بریندار بوون، بەڵام ئاماری وردی کوژراو بریندارەكان هێشتا ناڕوونە. بە قسەی وتەبێژی هێزی ئینتزامی تاران ٥ کەس لە بەسیج و لیباس شەخسی و هێزە ئینتزامییەکان کورژاون و باس لە دەستگیر کردنی زیاتر لە ٣٠٠ کەس لەو دەروێشانە لە لایەن دام و دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەکرێ. کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی دەروێشە گونابادییەکان لە ناڕەزایەتی دەربڕێن بە کۆنترۆڵکردنی ماڵی دوکتور "عەلی تابەندە" سەرۆکی تەریقەتی نیعمەتوڵڵاهی ناسراو بە "دەروێشە گونابادییەکان" بە بیانووی دروست کردنی ئیست و بازڕەسی (خاڵی پشکنین) و هەروەها ناڕەزایەتی بە دەستگیر کردنی "نیعمەتوڵڵا ریاحی" یەکێک لە دەروێشانەکانی ئەم تەریقەتە لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکان لە گەڕەکی گوڵستانی حەوتەم لە باکووری تاران دەستی پێکرد. لە ماوەی ساڵانی دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی تر لەم چەند ساڵەی دواییدا توندو تیژی بەرانبەر  ئەم گرووپە ئایینییە لە ئێران هاتوەتە ئاراوە و بە هەزاران کەسیان لێ گیراوەو و راپێچی زیندانەكان كراون و سزای قورسی زیندان و دورخستنەوە و ئیعدامیان بەسەردا سەپێندراوە. ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، وێڕای مەحکووم کردنی گرتن، سەرکوت و داپڵۆسین، کوشتن و بڕین و هەڵسووکەوتی نامرۆڤانەی دەسەڵاتی ئێران لەگەڵ ڕێڕەوانی تەریقەتی نیعمەتوڵڵای و باقی باوەڕمەندانی ئایین و ئاینزاكانی تر ، داوا لە کۆڕ و کۆمەڵ و ڕێکخراوەكانی مافی مرۆڤ لە جیهان، هەموو ئازادیخوازانی جیهانی و ئێرانی دەکات، دژی سەرکوت و داپڵۆسینی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە دەروێشە گونابادییەکان و باقی باوەڕمەندانی جیاواز لە ئایینی ڕەسمی ئێران، دەستگیری و کوشتنیان بوەستنەوە و بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێت بەرامبەر بەم کردەوانەی  دەسەڵات لە ئێران بێ‌ دەنگ نەبن.   ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ١ی ڕەشەممەی ١٣٩٦ی هەتاوی ٢٠ی فێورییەی ٢٠١٨ی زایینی ( ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پێکهاتووە لە: حیزبی دیموکراتی کوردستان، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێڕان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)