کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕیوەچوونی کۆنفرانسی کۆمیتەی فەرانسە لە شاری مولوس

18:01 - 2 رەشەمه 2717

دوا نیوەرۆی ڕۆژی هەینی ١٦ ـ ٠٢ ـ ٢٠١٨ کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی فەرانسە بە بەشداری رێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب لەم وڵاتە و هەروەها بە بەشداری جێگری سکرتێری گشتیی حدک دوکتور ئاسۆ حەسەن‌زادە و هاورێ حەمەرەسووڵ کەریمی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات و هەروەها  مەسعود ڕەواندۆست نوێنەری کۆمیسیۆنی پارێزگاری لە بەرنامە و پێرەوی حیزب، بە خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان،  کۆنفرانس دەستی بە کارەکانی خۆی کرد. سەرەتا لە لایەن بەرپرسی کۆمیتەی حیزب هاوڕێ ئارش زەمانی بەخێرهاتنی گشت لایەک کرا و دواتر باسی لە ئامانجی کۆنفرانس و کار و بەرنامەی کاری کۆنفرانس بۆ بەشداران، چ ئەوانەی حزووری بەشدار بوون و چ ئەوانەی لە ڕێگای سکایپەوە بەشدار بوون کرد و، هەروەها باسی لە گرینگی ڕۆڵی فەرانسە وەک ناوەندی بریار لە ئورووپا و کاری دیپلۆماسی و مرۆڤدۆستانە کرد . پاشان دکتۆر ئاسۆ حەسەن‌زادە جێگری سکرتێری گشتیی حیزب باسێکی سیاسی پر نێوەرۆک کە چەند تەوەری گرنگی لە خۆ گرتبوون پێشکەشی کۆنفرانس کرد، بەرێزیان بە وردی و بە هێنانەوەی چەندین بەڵگە ئاوڕێکی چڕوپڕی لە ڕووداو و بارودۆخی رۆژهەلاتی ناوەراست ، کورستان و ئێران و کاریگه‌ریی رووداوه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ له‌سه‌ر خەبات و تێکۆشانی حیزبەکەمانی بە تایبەتی دایەوە. بەرێز حەسەن‌زادە وێڕای ئاماژه‌ به هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ست و مه‌ترسییانه‌ی که هه‌لومه‌رجی ئێستا دروستی ده‌کا، ده‌رفه‌ته‌کانی دۆخی ئێستای ناوچه و ئیراده‌ی خه‌باتگێڕی و توانای هه‌ستانه‌وه‌ی کورد به گشتی و کورد له رۆژهه‌ڵاتی وه‌ک هۆکارێک بۆ گوڕوتین به‌خشین به خه‌بات ناوبرد به‌تایبه‌ت له هه‌لومه‌رجێکدا که هاتنە سەرشەقام و خۆپێشاندانەکانی نێوخۆی ئێران ده‌توانێ ببێته ده‌سپێکی خاڵی وەرچەرخانێکی بەهێز بۆ گۆڕینی باڵانسی هێز له‌نێوان خه‌ڵک و سه‌ره‌رۆییدا هه‌م له ئێران و هه‌م له کوردستان. دوایین بڕگەی وتەکانی باس لە زەروورەتی کاری هاوبەش و هاوکاری هێزە سیاسییەکان و تێکۆشانمان و لە مەیداندا بوونی حیزبەکەمان لە هەموو بوارەکانی خەبات دا بوو. لێره‌شدا وێڕای ئاوڕدانه‌وه‌ی تایبه‌تی له رابردووی تێکۆشانی حیزبی دێموکڕات له فه‌رانسه، تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و وڵاته له بواری کاری دیپڵۆماسییه‌وه خسته به‌ر باس و ئیشاره‌ی به رێکاره‌کانی کارکردنی زۆرتر و باشتری حیزب و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی رۆژهه‌ڵات له‌و وڵاته‌دا کرد. پاشان حەمەرەسووڵ کەریمی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزب و ئەندامی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات وێرای خۆشحاڵی دەربرین لەگرتنی ئەو کۆنفرانسە و نرخاندنی کارەکانی کۆمیتەی فەرانسە باسەکەی خۆی لە چەند بڕگەیەک دا پێشکەش کرد و سەبارەت بە پرسە تەشکیلاتی‌یەکان و شێوەی کاری بەرێوەبەری و گرینگی‌یەکانی کار و چالاکی‌یەکان و ئەم بەشە لە ریزەکانی حدکدا بە گشتی و دەرەوەی وڵات وتی؛ کە هەموومان دەتوانین وێرای کار و خەبات و تێکۆسانی سیاسی بۆ حیزبەکەمان هاوکاتیش دەتوانین سەفیری باشی گەلی کورد و حیزبەکەشمان بین. بەرێز کەریمی بە گشتی باسی لە پرنسیپەکانی کاری و ئەرک و مافی ئەندام و کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکان بە قازانجی بەرەو پێشچوونی کاری حیزب و هەروەها چۆنیەتی درووست کردنی پەیوەندی نێوان کورد بە گشتی لە تاراوگە لەگەڵ ناوەندە بریاردەرەکانی وڵاتانی دەرەوە و کاری دیپلۆماسی و هەندێک پرسی دیکەی تەشکیلاتی وەک چۆنیەتی کەڵک وەرگرتن لە دونیای مەجازی بە قازانجی بزووتنەوەی کورد بە گشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تایبەتی لەم باردۆخەدا کرد و، بە گشتی چەند ڕاسپاردە و خاڵی جەوهەری بۆ ئەمڕۆی کار و تێکۆشانی حیزبەکەمان لەم سمینارەدا بە وردی باس کرد. بەشدارانی کۆنفڕانس چ حزووری و چ لەرێگای سکایپەوە روانگە و نەزەراتی خۆیان لە پەیوەندی لە گەل باسەکانی هەر دوو هاوڕێ دکتۆرئاسۆ و کاک حەمەرەسول هێنایە گۆر و رەخنە و پێشنیارەکانیان ئاراستە کردن و دوای وڵامدانەوەیان لە لایەن ئەو دوو بەرێزەوە بڕگەی یەکەمی کۆنفرانس کۆتایی پێهات. بەشی دووهەم ڕاپۆرتی کار و چالاکی وەرددانەوەی کارەکانی رابردوو بوو، کە بەرێزان قادر محەممەدگوڵی و ئارش زەمانی بە وردی تیشکیان خستە سەر کۆمەلیک پرسی تەشکیلاتی و سیاسی لە دەروەی وڵات و، هەروەها نیوخۆی وڵات و بەم شێوەی دەرگای باسێکی دیکەیان بە رووی بەشداران دا کردەوە و ئەم بەشەش لە ژێر ڕووناکایی باسەکانی بڕگەی یەکەم و دووهەم دا بەوپەری دڵسۆزی‌یەوە لە لایەن بەشداربووانەوە پێشوازی لێکرا و بە دانی پێشنیاری بەکەڵک و خەسارناسی لە سەر کارەکانی رابردوو باسەکانی ئەم بڕگەیەش کۆتاییان پێهات و دوایین بڕگەش کە بەشی هەڵبژاردن بوو ، بەشداران بەشێوەیەکی ئازاد و دڵخوازانە خۆیان بۆ کاری کۆمیتەی داهاتوو بەربژێر کرد و،  لە ئاکامدا پێنج کەس وەک ئەندامی کۆمیتەی نوێی وڵاتی فەرانسە هەڵبژێردران و بەم چەشنە کۆتایی بە کۆنفرانسی ساڵانەی وڵاتی فەرانسە هات.