کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسێک بۆ ئەندامانی حیزب، لە دەڤەری هەولێر

21:25 - 5 رەشەمه 2717

پاشنیوەرۆی ڕۆژی هەێنی ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمەی ٩٦ی هەتاوی بە ئامادەبوونی هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەر پەرەستی هاوڕێ حەسەن قادرزادە ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدک  و بەرپرسی کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامی حیزب،  لەشاری هەولێر کۆنفڕاسێک بۆ ئەندامانی حیزبی لەو دەڤەرە پێکهات. بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب، نیشتەجێی دەڤەری هەولێر  کۆنفڕانسەکە سەرەتا بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ یاد وناوی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی‌پێکرد و پاشان هاوڕێ حەسەن قادرزادە باسێکی گشتی پێشکەش کرد. بەڕێزیان بە خستنە بەرباسی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و،  هەروەها دەور و ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی وەکوو ماکەی ئاژاوەنانەوە لە ناوچە، لەو بارەوە درێژەی بە قسەکانی دا و ،بە ئاوردانەوەیەک لە ململانێی زلهێزە جیهانییەکان و هەروەها کێشەی ئێران و وڵاتی ٥ کۆی یەک،  بەشێکی دیکە لە باسەکەی بوو. حەسەن قادرزادە لە درێژەی وتەکانی‌دا بە وەبیرهێنانەوەی ڕووداوەکانی ٣ مانگی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان و پەلامار بۆ سەر ئەو هەرێمەوە لە لایەن نەیارانی کوردەوە باسێکی لە بارودۆخی ئێستاکەی عەفرین کرد و، هەڵوێستی فەرمیی حیزبی لەو بارەوە ڕوون کردەوە. ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانی باسی لە دوا هەوڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد بۆ هاوکاری و لەیەک‌نزیکبوونەوەی  لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردو  پێک‌هاتنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوونی حیزب زانی بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ ڕێکخراو و لایەنەکانی دیکەی کوردستان. لە بەشێکی دیکەی قسەکانی  ئاماژەی بە پێوەندی نێوان "حدک" و حدکا" داو  وتی: بە خۆشییەوە لە چەند مانگی ڕابردوو هەر دوولایەن بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر هەنگاوی باشیان هەڵهێناوەو، حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پەیامی دۆستانەی بۆ بەستنی کۆنگرەی ١٦ حدکا بە نیازپاکییەوە باسی لە ویستی یەکگرتنەوە کردوە. حەسەن قادرزادە لە کۆتایی قسەکانی باسی لە هەلومەرجی سیاسی ئێران و خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری کردو، ئامادەبوونی حیزبی بۆ هاتنە ئارای هەرچەشنە ئەگەرێک لەو وڵاتە بە خاڵێکی بە پێویست لە قەڵەم دا. لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆنفڕانسە‌دا بۆ ڕێزگرتن لە چالاکیی و تێکۆشانی  کۆمیتەی هەولێر، لەوحەی ڕێزلێنان لە لایەن  هاوڕێ حەسەن خۆشکەلام بەرپرسی تەشکیلاتی ئاشکرا، پێشکەش بە کۆمیتەی هەولێر کرا. خوێندنەوەی ڕاپۆرت کارو چالاکیی دووساڵەی کۆمیتەی هەولێر لە لایەن بەرپرسی کۆمیتە چیامەلاک بڕگەیەکی دیکەی ئەو کۆنفڕانسە بوو. دوای خستنە بەرباسی ڕاوبۆچوونی بەشێک لە ئەندامان ، لێژنەی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتە  بە سەرپەرەستی هاوڕێ خالید وەنەوشە دەستی بەکارەکانی خۆی کرد.