کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک لە ژێرناوی "ڕۆلی ژن لە ئێستا و داهاتووی ئێران" دا

22:06 - 7 رەشەمه 2717

ڕۆژی شەممە ۲٤ی فێبریواری ۲٠۱۸ یەكێتی ژنانی دێموكراتی كوردستان/ کومیتەی نۆروێژ سیمینارێكی بۆ بەڕێز ''د.كوێستان گادانی'' لە ژێر ناوی '' رۆل و پرسی ژن لە ئێستاو داهاتووی ئێران دا'' پێك هێنا.   سیمینارەكە سەعات یەکی پاشنیوەڕۆ بە بەشداری ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی یەكێتی ژنان و لایەنگران و خەمخۆرانی پرسی ژن دەستی پێكرد. لە سەرەتای سیمینارەكە دا بەڕێوەبەری بەرنامە"شلێر باپیری" باسێکی كورتی لە سەر ژنان لە ڕەوتە جیاوازییە مێژووییەکانی ئێران کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ژنان بەردەوام خەباتیان بۆ وەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانیان کردووە. هەروەها ئاماژەی بە ژنانی  کوردیش کرد کە بە پێی سەردەمە جیاوازەکان لە ئێراندا لەمافەکانیان بێبەش کراون و تا ئێستاش لەگەڵ سەرکوتکردن و زوڵمکردن لێیان، دەست وپەنجە نەرم دەکەن. هەر لە دەستپێکی سیمینارەکە دا ەرێوەبەری بەرنامە کورتەیەکی لەسەر کۆرگێڕ "د.کوێستان گادانی"بۆ ئامادەبوان خوێندەوە و بانگهێشتی خاتوو کوێستانی بۆ پێشکەشکردنی باسەکەی کرد.. خاتوو کوێستان سەرەتا سپاسی بەشداربووانی كرد بۆ بەدەنگەوەهاتن و بەشداریان و نیشاندانی خەمخۆریان بۆ پرسی ژن. د.كوێستان لە سەرەتای باسەكەی دا گرنگی بە مێژووی خەبات و ڕۆڵی ژنان لە ئێران دا بۆ تێگەیشتن لە ئێستا و پلان بۆ داهاتوویەكی باشتر. ناوبراو باسە مێژووییەكەی لە سێ قۆناغی جیاوازدا پێشكەش كرد.   لە قۆناغی یەكەم دا (مێژووی كەون ئارا واتە هەمان مێژووی کۆن) کە ئاماژەی بەوەکرد ژن جێگە و پێگەی تایبەتی هەبووە، پاشکۆی پیاو نەبووە، مەقام و کەسایەتی خۆیان هەبووە. هەروەها وەک خانمی گەورە نێوی هاتووە و رۆلی دادوەری و پێراگەیشتنیان هەبووە. لە قۆناغی دووەم واتە قۆناغی دوای هاتنی ئیسلام، د. کوێستان لە دوو روانگەی جیاوازی ئەرێنی و نەرێنیەوە باسی لەسەر ژنان کرد. لە ڕوانگەی ئەرێنیەوە هاتنی ئیسلام، داب و نەریت و كولتووری ئیسلامی ژنانی بە مافی خۆی ئاشنا كرد و ئاڵوگۆڕێکی زۆر لە بواری كۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری پێكهات. لەلایەكی دیکەشەوە پەنجەشی لەسەر کاریگەرە نەرێنیەکانی ئیسلام دانا وەک ژنان بە زەعیفە پێناسە کردن، ئاڵ‌وگۆر پێکهێنان لە شێوەی جلوبەرگ و زۆر رەفتاری دیکەی ناشارستانی کە کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک بەتایبەت ژنان هەبوو.   خاتوو کوێستان لە درێژەی  باسەکەیدا و لە قۆناغی سێیەمدا ئاماژەی بە مێژووی هاوچەرخ دا دوای بە دەستەڵات گەیشتنی كۆماری ئیسلامی. لەو بەشەی مێژوودا باسی لە بارودۆخی خراپی ژنان لە بوارە جۆربەحۆرەكان دا کرد هەر لە هەڵاواردنی رەگەزی تا لەشفرۆشی ژنان، بێكاری وئیعتیاد. لە بەشی دووەمدا کۆرگێر پڕژایە سەر شۆرشی گەلانی ئێران تا بە ئەمڕۆ و بەشداری بەرچاوی ژنان لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران  و هەروەها بووونە ئەندام  و ئەرك وەرگرتنی ژنان لە رێكخراو، حیزبەكان و خەباتی مەدەنی دا.   لە كۆتایی باسەكەی دا 'د.كوێستان گادانی'  بە تێر و تەسەلی باسی لە ئامانجی بزووتنەوەی ژنان و ئەو رێگایانە کرد کە مەیدانی بزووتنەوەکە بەرفراوانتر و بەرەو پێشی دەبات. کۆرگێر جەختی زۆری لە چۆنێتی  قۆستنەوەی هەلەکان لەلایەن ژنانەوە کرد بۆ بوونی پێگەیەکی بەهێزتر و بەرچاوتر  لە كۆمەڵگەیەکی دێموكرات، سێکولار و یەكسانی‌خواز دا. بەشی كۆتایی سیمینارەکە بۆ پرسیار، رەخنە، تێبینی و پێشنیاری بەشداربووان تەرخان كرابوو کە بە شێوەیەکی چالاكانە ئامادەبووان بەشداریان تێدا كرد و کۆرگێریش وڵامی پرسیار و پێشنیارەکانی دایەوە.