کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی سیاسی- تەشکیلاتی بۆ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

19:24 - 10 رەشەمه 2717

پیش‌نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی ڕەشەممەی ٩٦ هەتاوی لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی سەرەکیی دەفتەری سیاسی حیزب، کۆبوونەوەیەکی سیاسی_تەشکیلاتی بۆ کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هات. سەرەتای کۆبوونەوەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد و، یادی تازەترین شەهیدی حیزب  تالب بەساتی‌وەند، لاوی نیشتمانپەروەری کوردی خەڵکی ئیلام و ئەندامی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە لە گرتووخانەی ئیتلاعات لە شاری ئیلام گیانی لێ ئەستێندرا، بەرزڕاگیرا. لەو کۆبوونەوەیەدا کاک مستەفا مەولوودی تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک بابەتی سیاسی و تەشکیلاتی و سیاسەت و خوێندنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لەهەمبەر دوا ئاڵۆگۆرەکانی ئێران و کوردستان شی کردەوە. سکرتێری گشتیی حیزب باسەکەی بەم پرسیارە دەست پێکرد کە بۆ نیزیک بە چل ساڵە خەڵکی ئێمە لە بەربەرەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی‌ دان و لە ئێستادا ڕەوشی ئێران و خەباتی کورد لە چ ئاستێک دایە؟ بەڕێزیان وێڕای باس لە کۆمەڵێک قەیران و لەمپەرە سیاسییەکانی نێو خۆی ئێران و دەرەوەی وڵات هۆکارەکانی کەڵەکەبوونی گرفتەکانی بەردەم رێژیمی هەر بۆ شێوەی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی و دەستێوەردانەکانی لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دیکە، گەڕاندەوە. کاک مستەفا مەولوودی لە درێژەی باسەکەیدا بە ئاماژەدان بە هەڵسوکەوتی زلهێزەکانی جیهان و ناوچە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هەروەها گوشارەکانی نێوخۆی ئێرانبەتایبەتی،  رووداوەکانی مانگی بەفرانباری بە قەیرانێکی گەورە لە بەردەم ئەو ڕێژیمە لە قەڵەم ‌دا. سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای ئێران و کوردستان بەتایبەت داتەپینی ئابووریی ئەو وڵاتە، تیشکی خستەسەر ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار و لێکەوتەکانی و لەو بارەوە گوتی: بە هۆی نابەرپرسایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاستی خەڵکی وڵاتەکەی، هەروەها گەندەڵیی سیستماتیکی ماڵی و پاوانخوازیی ئەو رێژیمە، خەڵکی ئێران کە وڵاتێکی دەوڵەمەند و پڕ سەرچاوەی جۆراوجۆریان هەیە رۆژبەدوای رۆژ بەشمەینەتتر و هەژارتر دەبن و، ئەوەش دیاریی نزیک بە چوار دەیە دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە؛ هەربۆیە خەڵکی وەزاڵەهاتوو بە هەموو چین و توێژێکەوە ڕژانە سەرشەقام و پەیامی خویانیان بە گوێی دەسەڵاتداران گەیاند و ئێستاش بەشی هەرەزۆی خەڵکی ئێران بەتایبەتی لەنێو چینی چالاک و جیابیر خوازیاری نەمانی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن. کاک مستەفامەولوودی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بە خستنەبەرباسی هەلومەرجی کوردستان و بەردەوامیی خەباتی خەڵکی کورد لە دژی کۆماری ئیسلامی، دەور و نەقشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی وەکوو حیزبێکی ئەرک‌وەخۆگر و بەرپرسیار لەهەمبەر ڕووداوەکانی ئێران و کوردستان بەرزنرخاند و هەروەها بە ئاماژەپێدان بە هەوڵ و ماندووبوونی حدک بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە و سیاسییەکانی کوردستان، دامەزراندنی ناوەندی هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی بە دەسپێکێکی باش و جێی دڵخۆشی لە قەڵەم ‌دا. بەڕێزیان لە کۆتایی باسەکەیدا تیشکی خستە سەر پرسی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات بە دوای کۆنگرەی ئەم دواییانەی حدکا و لەو بارەیەوە گوتی: حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لە کۆنگرەی ١٤ بەملاوە، کردنەوەی دەرگای دیالۆگ بۆ چارەسەری کیشەی دێموکراتەکان هاتۆتە نێو کار و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەوڵ و نیازپاکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ئەو ئامانج و مەبەستە هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە باس کردن لەسەر زەروورەتی یەکبوونەوەی دوولایەنی دێموکرات و هەورەها بە ئاماژەدان بە پەیامی دۆستانەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ کۆنگرەی ١٦ حدکا گوتی: دەرەنجام و بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٦ حدکا لە ئاست چاوەڕوانییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێمە نەبوون، بەڵام ئەمە بە مانای دڵساردبوون لە پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان نیە. شایانی باسە لە بەشی کۆتایی ئەو کۆبوونەوەیەدا و‌، لە گفتوگۆیەکی کراوەدا بەشێک لە ئامادەبووان  پرسیار و ڕاو سەرنج و تێبینی خۆیانیان لە پێوەندی لەگەڵ ئەو باسەدا هێنایە گۆڕێ.