کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک تایبەت بە ٨ی مارس، لە قەڵای حیزبی دێموکراتی کوردستان

19:58 - 15 رەشەمه 2717

پێش‌نیوەڕۆی ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەشەمەی ٩٦ی هەتاوی بە دەستپێشخەریی ناوەندی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و، هەروەها بە پاڵپشتی ناوەندی هاوکاریی  حیزبەکانی  کوردستانی ئێران، لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سیمینارێک تایبەت بە ٨ی مارس، رۆژی نێونەتەوەیی ژن، بەڕێوەچوو. دوای ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕیزگرتن لە یادوناوی سەرجەم ژنانی تێکۆشەر کە لە پێناوی دەستەبەرکردی مافە ڕەواو ئینسانییەکان  گیانیان لە دەست‌داوە، ئەو سیمینارە دەستی‌پێکرد. سەرەتا پەیامی ناوەندی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن سنوور حەنیف‌پوور خوێندرایەوە. لە بەشێک لەو پەیامە‌دا بە ئاوردانەویەک لە رووداوەکانی ئەم دواییانەی ئێران و کوردستان  و، هەروەها هاتنە مەیدانی ژنانی کورد لە بوارەجیاجیاکان‌دا،هاتبوو: لە بەفرانباری ئەمساڵدا لە زۆربەی شارەکانی ئێران ئاخێزێکی جەماوەری لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی‌ئێران دەستی پێکرد، بەشداری ژنان لەنێو خۆپێشاندانەکان و لەوەش گرینگتر "نا" وتنی  چەندین ژنی بوێر بە حیجابی زۆرەملێ لە پایتەختی ئێران، نیشان لە وریایی و پێشەنگ‌بوونی ژنانی دەکرد لەو ڕاپەڕینە و بۆ بە نەریتێکی گشتی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی ژنان بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران. لە بڕگەیەکی دیکە، پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە لایەن ژیلا ئەحمەدی خوێندرایەوە. لە بەشێک لەو پەیامەد‌ا هاتبوو: ئێمە وەکوو ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی ٨ی مارس لە هەموو ژنانی جیهان بەتایبەتی ژنانی یەکسانیخوازی وڵاتەکەمان،  پشتیوانیی خۆمان لە هەموو داوا ڕەواکانی ژنان بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر و ژیانێکی مرۆیی کە لە ڕاستیدا داوکاری و ویستی هەموومانە، دەردەبڕین. پاشان ئەحمەدسادق‌پوور ناسراو بە سۆفی ئەحمەد  تێکۆشەری دێرینی نێو سەنگەری حیزبی دێموکراتی کوردستان بە پارچە هەڵبەستێک،  کۆڕەکەی ڕازاندەوە. لە بەشێکی دیکەی کاری سیمینار، پانێلی یەکەم بۆ خاتوو فاتیمە عوسمانی سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران  تەرخان کرابوو، کە بەڕێزیان لەو پانێلە‌دا باسی لە ئەسڵی ئازادی لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئیران کرد. خاتوو فاتیمە عوسمانی سەرەتا باسی لە شێوەی داڕشتنی یاسا و بەڕێوەبردنی یاسا لە وڵاتانێک کرد کە بە سیستەمی ئایدۆلۆژیایەکی دۆگم بەڕێوەدەچن. پاشان بەڕێزیان  بە ئاوردانەوەیەک لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای بەسەرکار هاتنی تا ئێستا، باسی لە  هەڵاواردن و دووچاوکی بە نیسبەت مافەکان و هەروەها هەبوونی  یاساکانی دژبە ژنانی کرد، لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی‌دا. ناوبراو بە هێنانەوەی نموونە لە وڵاتانی دیکە، هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی ژنانی لە ئێران و کوردستان خستەبەر باس و وتی: چاوگی یاسا لە ئێران،  سیستەمی کۆماری ئیسلامییەو هەتا ئەو سیستەمە گۆڕانی بەسەر نەیەت، یاسا دژەمرۆییەکان وەک خۆیان دەمێننەوە. لە پانێلی دوویەم خاتوو سۆهەیلا قادری سکرتێری گشتی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بابەتێکی لە ژێرناوی خۆپێشاندانەکانی  ئەم دواییانەی ئێران و،  رۆڵی ژنان و چەند سەرنجێک لەوبارەوە پێشکەش کرد. بەڕیزیان سەرەتا باسی لە دوایین رووداوەکان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران و کوردستانی کردو لەو بارەوە گوتی: ژنان بۆ جارێکی دیکە بە کۆمەڵگای جیهانیان سەلماند کە بەدوای بەدەستهینانی ئازادی و مافەئینسانییەکانی خۆیان و ، هەربۆیەش لە دوایین ڕووداوەکانی ئێران و کوردستان بوێرانە هاتنە سەرشەقام. بەڕێزیان  لە درێژەی قسەکانی‌دا بە باس کردن لە ژنی کورد و گرفتەکانی سەرێیان لە ئێستا و لە داهاتووش لەو بارەوە گوتی:  ژنانی کورد، بەتایبەتی ژنانی چالاک ، دەبێ لە دوو سەنگەرەوە خەبات بکەن، یەکەم بۆ بە دەست هێنانی مافی نەتەوایەتیی و دوویەم بۆ دەستەبەرکردنی  مافە تاکەکەسییەکانی خۆیان، هەرئەمەش گیروگرفتی  بەردەم ژنانی بە نیسبەت پیاوان زیاتر کردوە. هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا بە خستنەبەرباسی  دەوری بەرچاوی  ژنانی ئێران و کوردستان لە نارەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا گوتی: بۆجارێکی دیکە ژنان  ئازایانە هاتنە سەرشەقام و، دەنگی ئازادییان بەرزکردەوە و سەلماندیان کە بە هەنگاوە چووکەکەکان دەتوانن ڕێگایەکی گەورەببڕن، هەربۆیەش لە زۆربەی چالاکییە سیاسی و مەدەنی و فەرهەنگییەکانی ئێران و کوردستان  ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن. لە کۆتایی‌دا بە وەبیرهێنانەوەی مێژووی خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان و، ئاماژەدان بە جموجۆڵی کچان و ژنان لە بۆنەکانی تایبەت بە  کوردستان، ئەوانی بە سەرقافڵەی چالاکییەکانی کوردستان زانی و، هاتنە مەیدانی ژنانی لە بواری ئەدەبی و هونەری و مەدەنی بەرزنرخاند و داوای کرد بە هاوکاری ژنانی تێکۆشەری نیوڕیزەکانی حیزبەکانی کوردستان، زیاتر هەوڵ‌بدەن کە دەنگی مافخوازانەو یەکسانیخوازانەی ژنانی کورد و کوردستان بەرزبکەنەوە. ئەو سیمینارە بە باس کردنی ڕاوبۆچوونی چەند کەس لە بەشداربووان و وڵامدانەوەیان لە لایەن هەردوو کۆڕگێڕەوە کۆتایی پێهات. شیاوی باسە ناوەندی هاوکاری ژنانی رۆژهەلاتی کوردستان بریتین لە: ئاسۆی ژنی کورد یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمەڵەی ئافرەتانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات.