کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ماتەمینی شەهید قادر قادری

18:33 - 17 رەشەمه 2717

ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەشەمە ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردن و پرسەی شەهیدی فەرماندە، قادرقادری  بەڕێوەچوو. سەرەتا بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە کاردو پێشمەرگەو ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەورەها نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی دیکە، تەرمی شەهید قادرقادری لە مەزارگەی تێکۆشەرانی دێموکرات نێژرا. پاشان لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات ئەو ڕێوڕەسمە درێژەی هەبوو. دوای ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادو ناوی سەرجەم شەهیدانی کورد وکوردستان، بەتایبەتی نوێترین شەهیدی دەستی تیرۆر،فەرماندە قادر قادری ، بە خوێندنەوەی پەخشانێک لە لایەن عەلی لەیلاخەوە  ڕێوڕەسمەکە دەستی‌پێکرد. لە بڕگەیەکی دیکە‌دا هاوڕێ حەسەن قادرزادە ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە نوێنەرایەتی دەفتەری سیاسییەوە لەسەر ژیان و خەباتی شەهید قادرقادری بۆ ئامادەبووان قسەی کرد. بەڕێزیان سەرەتا کورتەیەک لە ژیانی ئەو کادرە لێهاتووەی بۆ ئامادەبووان باس کرد و، دواتر بە ئاماژەدان بە قوناخەکانی تێکۆشانی فەرماندە قادرقادری ، خۆنەویستی و ماندوویی‌نە‌ناسی شەهید قادری وەکوو پێشمەرگەیەکی ئازاو فەرماندەیەکی بەوەج بەرزنرخاند. هاوڕێ حەسەن قادرزادە لە درێژەی قسەکانی‌دا بەسەرنجدان بە خەباتی تێکۆشەرانی دێموکرات باسی لە پیلان و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد بە دژ مافخوازان و ئازادیخوازنی کورد و لەو بارەوە گوتی: کۆماری ئیسلامی لەهەموو ڕێگایەکەوە هەوڵی داوە بۆ لە ناوبردنی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد، بەتایبەتی  تێکۆشەرانی دێموکرات. بەڵام یەکێک لە قیزەون‌ترین چەکێک وا بە دژی خەباتکارانی گەلی کورد و جیابیران هەڵی‌گرتووە ، چەکی تیرۆرە کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی شوڕشگێڕانی کورد بە گەورەترین مەترسی و نیگەرانی بۆسەر خۆی دەزانێ. بەڕێزیان لە درێژەی قسەکانی‌دا وێڕای مەحکووم کردنی کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە خاکی باشوور، بە وەبیر هێنانەوەی هێرشی تیرۆریستانەی شەوی یەڵدای ساڵی ڕابردوو هەروەها کردەوەی تیرۆریستییەکەی  ئەم داوییانەی شاری هەولێر کە دووکەس لە تێکۆشەرانی حدکای کردە ئامانج، بە باس کردن لەوە کە دیسان تێکۆشەرێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەڕێگای تیرۆرەوە لە خاکی باشوور شەهید کرا، لەوبارەوە گوتی: هاوکات کە سپاسی هاوخەمیی کردنی خەڵکی باشوور و لایەنە سیاسییەکان دەکەین، لە سەرجەم دامودەزگاکانی پێوەندی‌دار داوای کرد کە بەرانبەر بە پاراستی گیان و ماڵی سەرجەم تێکۆشەرانی کورد لە باشووری کوردستان خۆیان بەرپرسیار بزانن و، پێش لە دزەکردنی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی بگیردرێ. لە کۆتایی‌دا کاک حەسەن قادرزادە بە نوێنەرایەتیی دەفتەری سیاسی و سەرجەم کادر و پیشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵی بەڕێزی شەهید قادرقادری کرد. دوای قسەکانی هاوڕێ حەسەن قادرزادە، پەیامی هاوخەمیی کردنی لایەن و نوێنەرە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان خوێندرانەوە. دواتر ئامادەبووان لە نیزیکەوە لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان و بنەماڵە و هاوسەنگەرانی شەهید قادرقادری  هاوخەمیی و سەرەخۆشیان کرد.