کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمیک بە بۆنەی ٨ی مارس لە ئەمریکا

20:46 - 20 رەشەمه 2717

ڕۆژی ٩ی ماڕس لە واشنگتۆن بە بۆنەی ٨ی ماڕس ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان لە لایەن کۆمیتەی ئەمریکای حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕێوڕەسمێک بڕێوەچوو. سەرەتا نەسرین کەریمی ئەندامی کۆمیتەی حیزب، وەک پێشکەشکار ڕێوڕەسمی ڕۆژی ژنانی کردەوە. بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی‌ڕەقیب دەستی پێکردو دواتر بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی سوورخەڵاتی ڕێگای ڕزگاری کوردستان بە تایبەتی دوو شەهیدی تازەی حیزب، شەهیدانی شاخ‌و شار شەهید تالب بەساتی‌وەندو شەهیدی فەرماندە قادر قادری خولەکێک بێدەنگی ڕاگیرا. نێوئاخنی بەرنامەکە لێوڕێژبوو لە شێعر‌و پەخشان بۆ یادی ژنان‌و پێگەی تایبەتی ژن کە لە لایەن نەسرین کەریمی پێشکەش کرا. پەیامی کۆمیتەی حیزب لە ئامریکا بەشێکی تری بەرنامەکە بوو کە تێیدا داواکرابوو حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وەک حیزبێکی پێشڕەو بایەخێکی زیاتر بدا بە بوونی ژن لە ساختار‌و پێکهاتەی ڕێبەری حیزبدا. پاشان خاتوو ئارەزوو ئەحمەدی پارچە پەخشانێکی نەمر مامۆستا شێرکۆ بێکەسی بۆ ئامادەبوان خوێندەوە. لەسەر ڕاسپاردەی کۆمیتەی حیزب لە ئامریکا، هاوڕێیانی حیزب لە دەفتەری سیاسی حیزب لە کۆیە دێکۆمێنتارییەکی پڕ بایەخیان بە بۆنەی ٨ی ماڕس سازکردبوو کە تێیدا لەگەڵ ژنانی خەباتکاری حیزب وتوێژ کرابووو پێشکەشی ئامادەبوان کراو بە گەرمی پێشوازی لێکرا. پاشان خاتوو فیرووزە فەهیم چالاکی بواری مافی ژنان‌و ڕۆژنامەوان بە زمانی ئینگلیسی بابەتێکی پێشکەش کردو تێیدا ئاماژەی بە پەروەردە کرد وەک بنەمایەک بۆ لەنێوبردنی هەڵاواردنی ڕەگەزی. پاسان خاتوو مەهتاب سەروەری بە زمانی فارسی وتارێکی بەنرخی پێشکەش کرد. لە کۆتایی بەرنامەکەدا لە کردەوەیەکی داهێنەرانەدا کورە گەنجەکانی بنەماڵەی حیزب بە سازدانی خواردنێکی تایبەت میواندارییان لە خانمەکان بە تایبەتی و سەرجەم میوانەکان کرد.