کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی جەماوەری لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر، بۆ مەحکووم‌کردنی تیرۆری تێکۆشەرانی سیاسی

16:28 - 22 رەشەمه 2717

پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە بە بەشداری رۆژهەڵاتییەکانی نیشتەجێی باشوور و دۆستان و دڵسۆزانی باشوور و باکووری کوردستان، لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبونەوەیەکی جەماوەری بەڕێوەچوو بۆ مەحکوم کردنی تێرۆری چالاکانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان. سەرەتای رێوڕەسمەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد پاشان بەڕیز عەلی مەحموود رێکخەری سەرەکیی خۆپیشاندانەکە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی لە مێژووی تیرۆری تێکۆشەرانی کوردی رۆژهەڵات لە باشوور کرد و ئاوڕێکی لە ڕادەست کردنەوەی حەوت پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بە ئێران دایەوەو کە تێیدا بزوتنەوەی ئیسلامی تاوانبار بوو و هەروەها تێرۆرەکانی دەروازەی کۆیە و شەوی یەڵدا و تیرۆرەکانی ئەخیری باسکرد و، دەوری لاوازی حکومەتی هەرێم و دادگای مەحکووم کرد لە بە سزاگەیاندنی تاوانباران. پاشان پەیامی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکرات لەلایەن "نەوا قادری " کچی شەهید قادر قادری پێشکەش کرا کە تێیدا هاتبوو: هەر وەک هەموو لایەک ئاگادارن ماشێنی تێرۆری کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە کەوتۆتەوە گیانی تێکۆشەرانی سیاسی کوردی دژبەری ئەو رێژیمە و لە ساڵی رابردوودا تا ئێستا گیانی نۆ رۆڵەی نیشتمانپەروەری ئەم گەلەیان بە تەقینەوە و هێرشی چەکداری ئەستاندوە. شایانی باسە ئەمە لە ئیدامەی قەڵاچۆی کوردان، دوای سەرکەوتنی پڕۆسەی رێفراندۆمی باشووری کوردستان دێت کە دەوڵەتانی ناوچە لە دژی نەتەوەکەمان کەوتنە گەلەکۆمەیەکی ئیقلیمی کە سەرەتا بە داگیرکردنی کەرکوک و ناوچە جێ ناکۆکەکان دەستی پێکرد و دواتر بە هێرش بۆسەر عەفرین و لە ئیدامەی ئەوانەشدا هێرش بۆسەر چیاکانی سێ سنوور دەبێ کە هێزی پێشمەرگە و گەریلای لێیە و ئێستاکەش هێرش بۆسەر چالاکان و هەڵسوڕاوانی حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتە. لە درێژەی ئەو گردبوونەوە‌دا نەوا قادری لە پەیامەکەیدا وتی: ئێمە وەک لاوان و ژنانی دێموکرات وێرای مەحکوم کردنی گەلەکۆمەی ناوچەیی لە دژی کورد بە گشتی و بیدەنگی کۆمەڵگای نیودەوڵەتی لەوبارەوە، تێرۆری تێکۆشەرانی سیاسی رۆژهەڵات مەحکووم دەکەین و دڵنیاین کە کۆماری ئیسلامی لە پشت تیرۆری جیابیرانە و ئەو رێژیمە مێژوویەکی دوور و درێژی لەگەڵ تێرۆر هەیە و هەر بۆیەش چاوەڕوانین دادگاکانی باشوور بە ویژدانەوە لەگەڵ ئەو کەیسانە مامەڵە بکەن و خوێنی تێکۆشەرانی کورد ون نەکەن، هەروەها داواکارین لە رێکخراوە نێونەتەوەییەکان سنووریک بۆ ئەم پێشێلکاریانەی کۆماری ئیسلامی دابنێن. داواش لە لاوان و ژنانی شۆڕشگێری رۆژهەڵات دەکەین کە لە وەڵامی ئەم تێرۆرە ناجوانمێرانەی کۆماری ئیسلامی پەرە بە تێکؤشانی خۆیان بدەن و لە پێناو وەدیهێنانی ئاواتی شەهیدان تێ‌بکۆشن و شۆڕشگێڕانە چالاکی بنوێنن. لە بڕگەیەکی دیکەدا پەیامی یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد لەلایەن شەمزین ئەحمدنژاد خوێندرایەوە و لەو پەیامەشدا وێڕای مەحکووم کردنی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی پێداگری لەسەر بەردەوامی لەسەر رێبازی شەهیدان کرایەوە. لە کۆتاییدا جێگری نێردراوی نەتەوەیەکگرتوەکان پێشوازی لە ویست و داخوازی خۆپیشاندەران کرد. جێگری نیردراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشوازی لە بنەمالەی شەهیدانی ترۆرەکانی چەند رۆژی رابردوو کرد. پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ  هەیئەتێک بۆ بەدواداچوون بە مافەکانی پەنابەران و تێکۆشەرانی سیاسی کە پێکهاتبوو لە پێشەوا عەلی پوور سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان، کاک سەلاح رەحمانی باوکی شەهید سەباح و خاتوو نەوا قادری کچی شەهید قادر قادری چوونە بنکەی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە لایەن بەڕێز "بەدرەدین شوتە مەحمەد" جێگری نێردراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە هەولێر پێشوازیان لێکرا. سەرەتای دانیشتنەکە پێشەوا عەلی پوور بە پێشکەش کردنی راپۆرتێک سەبارەت بە مێژووی تێرۆری تێکۆشەرانی سیاسی رۆژهەڵات لە باشوور و هێنانەوەی کۆمەڵێک بەڵگە لەسەر کۆماری ئیسلامی، لیستەی سەرجەم تێرۆرکراوانی سیاسی لە باشووری پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتوەکان کرد. هەروەها ئاماژەی بەوش کرد کە نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوە جیهانییەکان چاویان بە رووی کۆمەڵکوژی و تیرۆردا داخستووە و، ئەرکی خۆیان بە جێ‌نەهێناوە بۆ وەستاندنی حکومەتە نابەرپرسیارەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان پێویستە زۆر جیددی ئاوڕ لە دۆخی تێکۆشەرانی رۆژهەڵات و سەرجەم پارچەکان بداتەوە کە رووبەرووی گەلەکۆمەی ئیقلیمی هاتوون و دووژمنان دەیانهەوێ چۆک بە ناسیۆنالیزمی کورد دابدەن. لە ئیدامەی قسەکانی‌دا پێشەوا عەلی‌پوور وێڕای وەبیرهێنانەوەی تەقینەوەی شەوی یەڵدا، دادگای باشووری کوردستانی بە کەمتەرخەم و نابەرپرس زانی لەبابەت ئەم کەیسە و داوای لە نەتەوە یەکگرتوەکان کرد کە تانە لە سیستمی قەزایی هەرێمی کوردستان بدەن. لە کۆتاییدا کاک سەباح رەحمانی و خاتوو نەوا قادری وەک بنەماڵەی شەهیدانی دەستی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی ئاماژەیان بە دۆخی سیاسی پەنابەران و تێکۆشەرانی سیاسی کرد و بەشێک لە ئازاری بنەماڵەی شەهیدانی دەستی تیرۆریان بۆ بەڕێز بەدرەدین مەحموود باس کرد و بەڕێزیان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بەڵێنی بەدواداچوونی دا بۆ سەرجەم ویست و داخوازییەکانی تێکۆشەرانی رۆژهەڵات .