کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆتایی‌هاتنی دەورەیەکی تەشکیلاتی بۆ بەشێک لە کادروپێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان

16:36 - 22 رەشەمه 2717

کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە مەبەستی ئامووزشی کۆمەڵێک لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب، لە ڕووی ئوسوولی تەشکیلاتیەوە دەورەیەکی تایبەتی بۆ ٧٠ کەس لە پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە  بەڕێوەبرد و,  ئەو دەورەیە سەرلەبەیانیی رۆژی سێ‌شەممە ٢٢ی ڕەشەمە کۆتایی پێ‌هات. پێش‌نیورەرۆی رۆژی سێ‌شەممە بە ئامادەبوونی بەشداربووانی ئەو کلاسە، لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی سەرەکیی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا کۆتایی ئەو دەورەیە ڕاگەیاندرا. لەو ڕێوڕەسمە سەرەتا بە یادکردنەوە لە تازەترین شەهیدانی حیزب، تالب بەساتی‌وەند لاوی خوێنگەرمیی ئیلامی و ئەندامی تەشکیلاتی نهێنی حدک کە لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی ئەوشارە شەهید کراو هەروەها شەهید قادرقادری بەرپرسی هەرێمی سێی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەست‌پێکرد. پاشان کاک قادروریا ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب و بەرپرسی کۆمیسیۆنی تەشکیلات، سەبارەت بە گرینگی کاری تەشکیلاتی و هەروەها مەبەست لە کردنەوەی ئەو خولە ئامووزشییە  بۆ بەشداربووان قسەی کرد. بەرێزیان لە قسەکانی‌دا باسی لە پەروەردەو ڕاهێنان لە حیزبێکی سیاسی کردو لەوبارەوە درێژەی بەقسەکانی‌دا . هاوڕێ قادروریا  لە بەشێک لە قسەکانی‌دا گوتی: حیزبێکی سیاسی بۆ بەردەوام‌بوونی پێویستە گرینگی بە پەروەردەو فێرکردنی زیاتری ئەندامانی خۆی بدا و، بۆ  ئەوەی بتوانێ لە گەڵ ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکان درێژە بە خەباتی خۆی بدا ، دەبێ فێرکردن و پەروەردە لەو حیزبە‌دا بەردەوام بێ. هەربۆیەش مانەوەی حیزبی دێموکرات دوای تێپەڕکردنی زیاتر لە ٧ دەیە خەبات بۆ خۆپێگەیاندنی ئەندامانی ئەوحیزبە لە بەشە جیاجیاکان دەگەڕێتەوە. بەڕێزیان لە بەشێکی دیکە لە وتەکانی‌دا بە وردی لە چۆنیەتی و مەبەست کردنەوەی کلاسە تەشکیلاتییەکانی کرد و ئەو خولە ئامووزشییەی لە بواری جۆڕاوجۆرەوە بە دەورەیەکی باش و بە پێویست و پڕئەزموون زانی. بەرپرسی کۆمیسیۆنی تەشکیلات هاوڕی قادروریا لە کۆتایی قسەکانی‌دا  سپاسی سەرجەم بەشداربووان و مامۆستایانی ئەو دەورەیە کرد. پاشان ڕاپۆرتی ئەو دەورە ئامووزشییە لە لایەن ڕەحیم مەحموود ئەندامی کۆمیسیۆنی تەشکیلات خوێندرایەوە. لە ڕاپۆرتەکە ئاماژەدرابوو  بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کلاسەکان ، کە لە زستانی ئەمساڵ دەستی‌پێکرد و نیزیک بە ٧٠ کەس لە هاوڕێیانی کادروپێشمەرگە تێدا بەشدارییان کردو  دوای ٦ حەوتە کۆتایی پێهات . دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی تەشکیلات ،  بەشێک لە  بەشداربووان لە لایەن کاک مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزب و دکتورئاسۆ جێگری سکرتێری گشتی و کاک جەلیل گادانی تێکۆشەری دێرین ، بڕوانامەی تایبە‌تیان پێ‌بەخشرا، کە کۆمیسیۆنی تەشکیلات ئامادەی کردبوو. شیاوی باسە ئەو دەورەیە بە ناوی فەرماندەی شەهید، قادرقادری بەرپرسی هەرێمی سێی حدک ناودێر کرا.