کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری نوێنەرایەتی حدک لە کۆڕیادی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە لە پارلەمانی بریتانیا

16:41 - 24 رەشەمه 2717

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە رێكەوتی ١٤ی مارسی ٢٠١٨ كاتژمێری ٧ بۆ ٨و نیو، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بریتانیا، وەک نەریتی ساڵانەیان بە بۆنەی ٣٠هەمین ساڵەوە گەڕی کۆمەڵکوژی خەڵکی هەڵەبجە بە چەکی کیمیاوی و ئەنفال و بێسەروشوێن کردنی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی سڤیل و  بێتاوانی باشووری کوردستان لە لایەن ڕژیمی گۆڕکراوی بەعسەوە، ڕێورەسمێکی پێک هێنا. لەسەر بانگێشتی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بریتانیا، هاوڕێ مەولوود سوارە ئەندامی ڕێبەری و نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان لەووڵاتە، بە یاوەری بەڕێز دوكتور سەعید شەمس لەو ڕێورەسمە دا بەشدارییان کرد. سەرەتای ڕێورەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و پاراستنی خولەكێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان چەندین وتار و بابەت سەبارەت بە کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان پێشکەش کران. هەروەها کاروان جەمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەڕێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد. بە دوای ئەوانەشدا پارچە مۆسیقایەك و فیلمێكی دێکۆمێنتاری لەسەر کۆمەڵکوژی هەڵەبجە ‎ پێشکەش کران. لەو سمینارەدا بەیاننامەی ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران لەپیوەندی لەگەل كردەوە تیرۆریستیەكانی كۆماری ئیسلامی دژبەهێزەكانی كوردستانی ئێران و نوێنەرین شەهیدی حیزبەکەمان قادر قادری، بە زمانی ئینگلیزی لەنێو بەشداران بلاو كرایەوە. جێگەی ئاماژەیە کە دەقی ئەو بەیاننامەیە و بەیاننامەی سکرتاریای حیزب بە پۆستی ئێلێکترۆنی بۆ دەیان کەسایەتی و داوەدەزگای پەیوەندی داری بریتانی بەڕێ کرابوو. هەروەها نوسخەیەكیش درا بە هەر یەكە لە بەرێزان نەدیم زەهاوی و جاك لۆپرێستی ئەندامانی پارلمانی بریتانیاو لۆرد ئەحمەد. پێویست بە ئاماژەیە کە لە پەڕاویزی کۆڕیادەکەدا بەڕێز مەولوود سوارە لەگەڵ چەندین کەسایەتی و ئەندام پارلەمان و سیاسەتوانی ناسراوی بریتانی‌دا دیداری کرد و لە سەر بارودۆخی نالەباری کوردستان بە گشتی، داگیرکاری و هێرشی بەربڵاوی سوپای تورک بۆ سەر خورئاوای کوردستان و ئابلۆقەی شاری عەفرین و هەروەها بارودۆخی نالەباری کورد لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئیسلامی و گرتن، ئەشکەنجە و ئێعدامی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و نەیارانی سیاسی لە لایەن ئەو ڕژیمە قسە و باسی کرد. لەو کەسایەتی و ئەندام پارلەمانانەی کە بەڕێز مەولوود سوارە دیداری لەگەڵ دا پێک هێنان دەکرێ ئاماژە بە " ماری کلیندۆن، ئەندامی پارلەمانی بریتانیا، بەڕێز نەدیم زەهاوی ئەندام پارلەمان، جاک لۆپرێستی ئەندام پارلەمان، لۆرد ئەحمەد و کریستیان لامب ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی جیهانی و بەرپرسی بەشی دەرەوەی ڕۆژنامەی ساندەی تامزی بریتانی بکرێ.