کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ لە پەیامی نەورۆزیی خۆیدا پشتیوانی لە خەڵکی ئێران و داواکارییەکانیان دەکا

17:37 - 29 رەشەمه 2717

دۆناڵد ترامپ سەرکۆماری ئەمریکا، بە بۆنەی نەورۆز و ساڵی نوێوە، لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزکردنی ئەم بۆنەیە، ئاشکرای کرد کە ئەمریکا پشتیوانی لە خەڵکی ئێران و داواکانیان دەکا. دۆناڵد ترامپ لە سەرەتای پەیامەکەیدا پێداگریی کردووەتەوە، "ئێمە پشتیوانی لە خەڵکی ئێران و ئامانجەکانیان دەکەین هەتا خەڵکی ئێران بکەینە خاوەن حکوومەت و دەسەڵاتی خۆیان". لە درێژەی پەیامەکەیدا هاتووە، "نەورۆز لە ئێران ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە شوێنێک کە پڕە لە شانازی بۆ هەزاران ساڵ کە خاوەنی کولتوور و خۆڕاگریی خەڵکەکەیە کە لە بەرانبەر گرفت و ئاستەنگی گەورەدا وەستاوەتەوە، بەڵام ئەمڕۆکە خەڵکی ئێران لەگەڵ گیروگرفتی گەورەتر ڕووبەڕوو بووەتەوە، بە شێوازێک کە دەسەڵاتداران و کاربەدەستانی ئێران لەجیاتی خزمەت بە خەڵک، خزمەتی خۆیان دەکەن". سەرکۆماری ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی پەیەمەکەدا دەڵێ: "سپای پاسداران کە ئێستا دەستی بەسەر ئێراندا گرتووە، سەرچاوە و نوێنەری داگیرکاری، درۆ و وشکەساڵی لەو وڵاتەیە." شایانی باسە لە مێژ ساڵە سەرکۆمارە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا لە بۆنەی نەورۆز و ساڵی نوێدا پیرۆزبایی لە خەڵکی ئێران دەکەن و پەیام ڕوو بە خەڵک بڵاو دەکەنەوە، کە ئەمە لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە کاردانەوەی لێ دەکەوێتەوە و بە دەستیوەردان لە کاروباری وڵاتەکەیان دەزانن.