کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەدواداچوون بۆ بەڵگەنامەکانی کوشتنی نیکا شاکەرەمی دەکات

11:25 - 13 بانەمەڕ 2724

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە بەدواداچوون بۆ دۆسییەی کوشتنی نیکا شاکەرەمی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەکات و دژی سزای لەسێدارەدانی تووماج ساڵحی دەوەستێتەوە.

ستێفان دووجاریک وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕ لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ڕاپۆڕتی کاناڵی بی بی سی سەبارەت بە کوشتنی نیکا شاکەرەمی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕایگەیاند: "سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەربڕیوە و لە ئێستادا جگە لە ڕیپۆرتەرێکی تایبەت بەم پرسە، ژمارەیەک مێکانیزمی مافی مرۆڤی دیکە سەبارەت بە ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە کە ئەگەر بی بی سی ئەو بەڵگەنامانەیان ڕادەست بکات دەتوانن بەدواداچوونی بۆ بکەن".

دووجاریک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و لە وڵامی پرسیاری دەرچوونی حوکمی لەسێدارەدان بۆ تووماج ساڵحی ڕایگەیاند کە نەتەوە یەکگرتووەکان دژی هەر جۆرە کەڵکوەرگرتنێک لە سزای لەسێدارەدان ڕاوەستاوە و ڕاشدەوەستێت و بەهیوان کە ئەم حوکمە جێبەجێ نەکرێت.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان زیادی کردووە کە بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوە بە شێوەی بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیدا لە پێوەندیدان و نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێرانیان، پێ ڕادەگەیەنن.

کاناڵی بی بی سی جیهانیی ڕۆژی دووشەممە لە ڕاپۆڕتێکدا ڕایگەیاند کە دەستی بە ژمارەیەک بەڵگەنامە گەیشتووە کە دەریدەخات نیکا شاکەرەمی مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ پاش دەستدرێژیی ڕەگەزیی لەلایەن هێزەکانی ڕێژمەوە کوژراوە.

ئەم کاناڵە ڕایگەیاندووە کە ڕاپۆڕتێکی زۆر نهێنیی لە دانیشتنێکی هێزەکانی سپای پاسداران سەبارەت بە کوشتنی نیکا شاکەرەمیی دەست کەوتووە کە ناوی بکوژەکانی نیکا و هەروەها ئەو فەرماندە باڵایانەی سپای پاسداران کە ویستویانە ڕاستییەکان بپۆشێنن، تێیدا هاتووە.

پاش دەرکەوتنی لایەنە نوێیەکانی کوشتنی نیکا شاکەرەمی بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم شەپۆلێکی نوێ ڕق و قین و ناڕەزایەتی لە ڕێژیمی ئیسلامی، بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستی پێ کردووە.