کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەوەندی کورد لە نۆروێژ بۆ جارێکی دیکەش یەکدەنگ و یەک هەڵوێست سیاسەتی تیڕۆر و سەرکوت و زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی مەحكوم کرد

07:45 - 6 خاکەلێوه 2718

لە سەر داوای کۆمیتەی هاوکاری حیزب و رێكخراوە سیاسی و فەرهەنگی و کولتووری یەکانی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ، ئەمڕۆ شەممە، ڕیکەوتی ٢٤ی مانگی مارسی ٢٠١٨ی زایینی، رەوەندی کورد لە نۆروێژ، ڕێپێوانێکی ئیعترازی و هێمنانەیان بە مەبەستی مەحکووم کردنی سیاسەتی تیرۆر وسەرکوت و زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان و لەقاودانی بێدەنگی و بێ هەلوێستی بیروڕای گشتی و ناوەندە بڕیاردەرەکان بەرێوەبرد. سەعاتی ١٢ی نێوەڕۆ کوردستانیانی دانیشتووی نۆروێژ لە مەیدانی وێستگەی سەرەکی قەتاری ئۆسلۆ لە دەوری یەکتر کۆبوونەوە. پاشان بە بەرزکردنەوەی دروشم و پلاکارتی جۆراو جۆر و شوعاردان بە شەقامە سەرەکی یەکانی شاری ئۆسلۆدا بەرەو پاڕلەمانی نۆروێژ وەڕیکەوتن. لە کاتی تێپەڕین بە شەقامەکانی نێوشاری ئۆسلۆدا، دروشم و پەیامەکانی خۆپێشاندەران سەرنجی هەزاران کەس لە خەڵکی ئۆسلۆیان بۆلای خۆیان ڕادەکێشا. بەتایبەتی لە کاتێکدا کە پێکەوە سرودی ئەی شەهیدانیان دەوتەوە،زۆربوون ئەوخەڵکانەی بە نیشانەی هاوپێوەندی دەگەڵ خۆپێشاندەران ئیحساساتی خۆیان نیشاندەدا. ئەوە لە حاڵیکدا بوو کە پۆلیس لە پێشەوەی خۆپێشاندانەکەوە بەمەبەستی پاراستنی نەزم و هەروەها ئەمنییەتی خۆپێشاندەران حەرەکەتی دەکرد. لە ریزی پێشەوەی خۆ پێشاندانەکەدا، ئارم و لۆگۆی هەموو حیزب و رێکخراوەکانی بەشداربوو بەرچاودەکەوت.. جگەلەوە ئاڵای کوردستان و وێنەی شەهیدانی کوردستان کە ببونە قوربانی دەستی ئیعدام وتیرۆری کۆماری ئیسلامی بەدەستی خۆ پێشاندەرانەوە دەبینران. دواتر ئاپۆرای خەڵکەکە لە بەردەرگای پەڕلەمانی نۆروێژ کۆبونەوەو میتینگێکی سیاسی و ئیعتڕازیان بەرێوە برد. لەسەر داوای کاک قادر عەزیز بەگی ، نوێنەری کۆمیتەی بەرێوەبەری میتینگەکە، دوای ڕاگرتنی دەقیقەیەک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، لەسەرەتای بەرنامەکەدا، بەشدارابووان پێکەوە سرودی نەتەوایەتی و میللی ئەی ڕەقیب یان بەدەنگی بەرز پێکەوەگوتەوە. پاشان بڕیارنامەی خۆپێشاندەران بەزمانی کوردی لە لایەن کاک هیوا خوروەند خوێنرایەوە. دواتر هەمان بڕیارنامە بە زمانی نۆروێژی لە لایەن خوشکە بەفرین ڕۆستەمی خوێنرایەوە. دوای ئەوە بریارنامەکە بەزمانی فارسی لە لایەن کاک ئیدریس کەریمی خوێنرایەوە. لە بەشیکی دیکەی بەرنامەکدا یەکێک لە ئەندامانی پاڕلەمانی نۆروێژ بەناوی (Freddy Øvestehård) "فرێددی ئۆڤێستێهۆرد"، پشتیوانی خۆی لە داخوازەکانی ڕەوەندی کوردی نیشان دا و سیاسەتی تیرۆر و تۆقاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە دژی تێکۆشەرانی کورد مەحکوم کرد و داوای لە دەوڵەتی نۆروێژ کرد لە پێوەندی دەگەڵ دیفاع لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستاندا پتر فەعال بێت و لە تواناو ئیمکاناتی دەوڵەتی نۆروێژ لە ناوەندە جیهانییەکان و کۆریدۆرە دێپلۆماسییەکاندا بۆ ئەو مەبەستە کەلکێ پێویست وەرگرێ. دەبێ بگوترێ لە بڕیارنامەکەی خۆپێشاندەراندا جگە لەوەی سیاسەتی سەرکوت و ئێعدام و زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی ئیران مەحکووم کرابوو، نیگەرانیش بەرانبەر وەگەرکەوتنەوەی ماشینی تیڕۆری کۆماری ئیسلامی بەدژی تێکۆشەرانی کورد لە باشوری کوردستان نیشان درابوو. لەوەش زیاتر داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بیرورای گشتی خەڵکی کوردستان کرابوو نەیەڵن کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە کوردستانی باشور بکاتە قەتڵگای تێکۆشەرانی کوردی نێو ریزەکانی ئۆپۆزیۆنی رێژیم. دەبێ بگوتڕی کۆمیتەی هاوکاری حیزب و رێکخراوەکانی کوردستان، پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتی نیشتمانی کوردستان، گۆڕان، پارتی دێموکراتی کوردستان لە باکوڕ جگەلەوەی لەو حەرەکەتە ئیعتڕازیەدا بەشداربوون، پەیامی هاوپێوەندیی و پشتیوانی خۆشیان بۆ کۆمیتەی بەرێوەبەری خۆ پێشاندانەکە نارەدبوو کە لەکاتی بەرێوەچونی بەرنامەکەدا ئیشارەی پێکرا. دەستەی بەرێوەبەری خۆ پێشاندانەکە سوپاسی هەموو خوشک و برایانی کورد لە ئۆسلۆ و دەوروبەردەکات کە لەو خۆپێشاندانەدا بەشدار بوون. بەتایبەتی ئەو بەشە لە هاونیشتمانیانی کورد کە لەشار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی دەرەوەی ئۆسلۆوە خۆیان گەیاندبووە شوێنی رێپێوانەکە. حیزب و رێکخراوەکانی پێکهێنەری ئەو خۆپێشاندانە بریتی بوون لە: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێڕان حیزبی دێموکراتی کوردستان پارتی ئازادیی کوردستان سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕێکخراوی خەباتی شۆرشگێڕی کوردستان پارتی سەربەستی کوردستان سازمانی یاری کورد (یارسان) ڕێکخراوی دێموکراتیکی یارسان