کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمیناری ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی سوئیس

06:13 - 13 خاکەلێوه 2718

رۆژی شەممە ٣١ی مارسی ٢٠١٨ی زایینی سیمینارێکی گشتی بە بۆنەی ١٠ ی خاکەلێوە رۆژی لە سێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک کۆماری کوردستان و هاوڕێیانی کە بە رۆژی شەھیدانی کوردستان ناودێر کراوە، بۆ بەرێز سەعید بەگزادە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سویس رێکخرا. سەرەتا لە لایەن خاتوو پەروین شەکووری بەرپرسی یەکێتی ژنان و بەرێوەبەری سیمینارەکە بەخێرھاتنی میوانەکان کرا، پاشان کۆری سروودی لاوان بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ساتێک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەھیدان سیمینارەکەیان کردەوە. لەو سیمینارەدا بەرێز کاک سەعید بەگزادە بە ئاماژە‌دان  بە گەورەیی و لێزانی و، لە خۆبردوویی پێشەوا قازی محەممەد، ئاماژەی بە ھێندێک خاڵی وەسیەت نامەکەی پێشەوا کرد کە تێیدا باس لە یەکریزی و یەکگرتوویی کراوە و ھەروەھا وەبیر بەشدارانیشی ھێنایەوە کە لە بەر ئەوەی پێشەوای مەزن ھاوکات کە یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان بووە ، رێکخەر و رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان "یش بووە تا ئەو کاتەی شەھید کرا، ھەر بۆیە حیزبی دێموکرات ھەموو کات درێژەدەری رێبازە پیرۆزەکەی بووە و ھەموو کات ھەوڵی داوە رێبازی پاکی پێشەوا قازی محەمەد بە پاکی و بە درووستی درێژە بدات. بەرێز بەگزادە بە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی کۆن و نوێ و بە تایبەت مێژووی خەباتی کورد و حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی ٣ چارەکە سەدە دا گوتی: گەلی کورد لە سەردەمی قازی محەمەدەوە تا کوو ئێستاش زۆرترین زەربەی لە خەیانەتی ناوخۆیی و پشت بەستن بە وڵاتە زلھێزەکان خواردوە، وڵاتانی زلھێز لە بەرژەوەندی خۆیان سیاسەت دەکەن و مەسەلەی کوردیش تا ئەو جێگای بەرژەوەندیان تێیدا ھەبێت پشتگیری لێ دەکەن. بەشی کۆتایی سمینارەکە تەرخان کرا بۆ ڕێزگرتن لە کۆمەڵێک تێکۆشەری  دیموکرات و شاخە گوڵی ڕێز لێنانیان پێشکەش کرا. شایانی باشە لەو سیمینارە کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی نیشتەجێ سویس و نوێنەری چەندین حیزبی سیاسی تێیدا بەشدار بوون کە بریتی بوون لە: - یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان - پارتی دێموکراتی کوردستان - بزووتنەوەی گۆڕان - سازمانی خەبات