کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمیناری ١٠ خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، لە یۆلاندی دانمارک

08:01 - 13 خاکەلێوه 2718

لە درێژەی کار و چالاکییەکانی کۆمیتەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی لە سێدارەدانی پێشەوای گورەی کورد قازی محەمەد و هاوڕێیانی لە چوارچرای شاری مەهاباد و ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە رێکەوتی ۱ی ئاپریلی ٢٠١٨ی زایینی، کومیتەی ناوچەی یولاندی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی دانمارک، سمینارێکی بۆ بەڕێز کاک مستەفا شەڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کومیتەی بەڕێوەبەری دەرەوەی وڵاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان پێک هێنا. سمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیان و روحی بەرزی شەهیدان دەستی پێکرد. پاش بەخێرهێنانی میوانان و ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە، بەڕێز شەڵماشی باسەکەی خۆی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. بەڕێز شەڵماشی بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناڤین و کێشەو ئاڵۆزییە رۆژ لە دوای رۆژی ئەو ناوچەیەی خستە بەر تیشکی وتەکانی خۆی و تاوتوێ کرد. بەڕیزیان ئاوڕێکی گشتی لە بارودۆخی کورد لە هەموو بوارەکاندا و لە هەر چوار پارچەی کوردستان دایەوە. بەڕێز شەڵماشی بە ئاماژە بە کایە دیپڵۆماسییە جیهانییەکان و بەرژەوەندی سیاسەتی وڵاتان، زیاتر زوومی لەسەر پرش وبڵاوی هێزە کوردستانییەکان کرد و ئەو گرفتەی بە هۆکارێک بۆ باڵادەستی دوژمنەکانی زانی. بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخان بوو بۆ باس لەسەر رۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بارودۆخی ئێران. لەو بەشەش دا بەڕێز کاک مستەفا شەڵماشی لەگەڵ ئەوەی دیسانیش رەخنەی لە پڕشوبڵاوی و لێکدابڕانی هێزەکانی رۆژهەڵات هەبوو، بەڵام دیسانیش کاری یەکگرتووانە و رێکخراو و هاوبەشی خەڵکی رۆژهەڵات لە لێقەومان و بۆنە نەتەوەییەکان بە بەرز نرخاند و هاوکات پێکهێنانی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆلێکنزیکبوونەوەی زیاتر ئەو بەشە لە بزاڤی کورد و وڵامێک بۆ داواکاری خەڵک زانی. بەڕێز شەڵماشی لە پەیوەندی لەگەڵ درێژەی خەبات و تێکۆشان و بەرینکردنەوەی گۆڕەپانی تێکۆشان دژ بە کۆمای ئیسلامی،  جەختی لەسەر ئەو خاڵە کردەوە کە دەبێ کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵک لە نێوخۆ رووبەڕوو بکەینەوە. پاش تەواوبوونی باسەکەی بەڕێز شەڵماشی، ئامادەبووان تێبینی و رەخنە و پێشنیاری خۆیان ئاراستەی بەڕێزیان کرد و چەندین پرسیار و وڵام بوونە کۆتایی هێنەری سمیناری ١٠ی خاکەلێوە، ٧١هەمین ساڵەوەگەڕی لە سێدارەدانی پێشەوای مەزن قازی محەممەد و هاوڕێێانی.