کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی نۆڕوێژ ١٠ی خاکەلێوە یادی شەهیدانی بەرز ڕاگیرا

05:30 - 14 خاکەلێوه 2718

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی بەرامبەر بە ٣١ی مەی ٢٠١٨ی زایینی، کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆڕوێژ بە هاوکاریی کومیتە ناوچەی ئۆستفۆڵد، بە بۆنەی ١٠ی خاکەڵیوە رۆژی شەهیدان و ٧١هەمین ساڵی لە سێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد، یەکەمین سەرۆک کۆماری کوردستان و هاوڕێیانی لە لایەن حکومەتی ڕوخاوی پەهلەوییەوە، لە شاری فریدریکستادی وڵاتی نۆڕوێژ کۆڕیادێکی بەڕێوەبرد.لەو کۆڕیادە دا نوێنەری چەندین حیزب و ڕیکخراوی کوردستانی و نوڕوێژی و کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی ئەو دەڤەرەو ئەندام و دۆستانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەشدار بوون.. سەرەتای کۆڕیادەکە بە سروودی ئەی شەهیدان دەستی پێ کرد. ئەو جار پەیامی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆڕوێژ لە لایان هاوڕێ سۆران شێرزاد بەرپرسی کومیتەی حیزبەوە خوێندرایەوە کە لە بەشێک لە پەیامەکەدا هاتبوو: کۆماری ئیسلامی ئێران نە تەنیا ئاوڕ لە ویستی گەلێکی خاوەن مێژوو و شوناسی نەتەوەیی وەک گەلی کورد ناداتەوە، بەڵکوو بە ڕێگەی جۆراوجۆر ئینکاری هۆوییەتی کردووە و بێ حورمەتی بە داخوازییەکانی دەکات، زوڵم و ستەمی پێ ڕەوا بینیوە و وەک بێگانە و هاونیشتمانییەکی کەم بایەخ و دەرەجە دوو سەیری کردووە. بۆ بەردەوامبوونی دەسەڵاتی نەگریسیان فەرهەنگی ناحەز و دزێوی پەروەردەی سیخوڕ و کورد بە کورد بە کوشتدانی کردووەتە باو و، فەزای کوردستانی ژەهراوی و تەماوی کردووە و دەرەتانی نەفەسکێشانی بە ئاسوودەیی ژیانی لە خەڵک بڕیوە، ڕەوایی بە دیاردە وێرانکەر و دزێوەکانی وەک مووخەدەرات و فەحشا داوە و زیندانەکانی لەمێرمنداڵان و ڕووناکبیران و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد ئاخنیوە و نایەکسانی و ناعەداڵەتیی کۆمەڵایەتی کردووەتە پیشە و، هەر تاوناتاوێک بە بوختانی کردەوەیەکی ناحەز لاوێکی زیندانیی کورد دەکاتە قوربانی. گوتیشی:"بە خۆشییەوە سەرەڕای تەنگەبەرکردنی مەیدانی چالاکی و بڕەوپێدانی ئەو هەموو دیاردە نەخوازراو و دزێوانە و زەخت و فشارهێنانی لە ڕادەبەدەر، خەڵک بە پشتبەستن بە حیزب و هێزی پێشمەرگەی خۆیان گەرم وگوڕتر بۆ کێشە جۆراوجۆرەکان هاتوونە مەیدان، لەکار و چالاکییەکانیاندا بەردەوامن و هەرگیز گەلەکەیان لە بیر نەچووەتەوە و دەرفەتەکان لە قازانج و بەرژەوەندیی گەلی کورد دەقۆزنەوە. لە هەلەکان کەڵک وەردەگرن و بە ئامادەیی دێنە مەیدان. بۆ وێنە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربرینی بوێرانە و بێ وێنەی خەڵک لە مانگی بەفرانباری ڕابردوو کە پایەکانی ڕێژیمی وەلەرزە خست و دەسەڵاتدارانی لە بنەڕەت‌ڕا تووشی وەحشەت و دەستەوەستانی کرد، چاوەڕوانین لە داهاتوویەکی نیزیکدا جمووجۆڵەکان ببووژێنەوە و لە نیهایەتدا خەونی تێکەوەپێچانی تۆماری تەمەنی ئەم ڕێژیمە بێتە دی" پاشان هاوڕێ کوێستان گادانی ئەندامی کۆمیسیۆنی چاودێریی پێڕەوی ناوخۆی حیزب، وتەیەکی پێشکەش کرد و وێڕای بەرزنرخاندنی یادی شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە و سەرجەم شەهیدانی سوورخەڵاتی گەلەکەمان، ئاماژەی بە بارودۆخی سەخت و دژواری هەنووکەیی گەلی کورد بە گشتی کرد و بۆ ئەم مەبەستەش پەنجەی لەسەر دوو فاکتەری دەرکی و ناوخۆیی دانا و لە بەشێک لەو کێشانەی بۆ پیلانی دەرەکی و بەشێکیشی بۆ یەکنەگرتوویی گەلەکەمان گەڕاندەوە و پێی وابوو کە پێویستە هەموو لایەک چ وەک تاک و چ وەک حیزب و رێکخراوە کوردییەکان پێداچوونەوەیەک بە خۆیاندا بکەن و ئاوڕێک لەو وەسییەتەی پێشەوا قازی محەممەد بدەنەوە کە لە بەشێکدا هاتووە کە: "ئیعتماد بە بێگانە مەکەن و یەکگرتوو بن". هاوڕێ کوێستان گادانی ئەوەشی خستە ڕوو کە بۆ بارودۆخ و هەلومەرجی ئێستا، کورد پێویستی بە رێبەرێکی کارێزمای وەک پێشەوایە کە چ ئەوکات کە لە ژیاندا بووە و چ دوای شەهیدبوونیشی، کاریگەری لەسەر بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد هەبووە و هەیە و لەو پەیوەندییەدا کۆمەڵێک تایبەتمەندی ئەرێنی پێشەوا قازی محەممەدی خستە ڕوو. بەدوای ئەودا، پەیامی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان و یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایان هاوڕێ شلێر رەسووڵییەوە خوێندرایەوە کە لە بەشێک لەو پەیامەشدا هاتبوو:"مخابن لە دوای شەهیدکرانی پێشەوا و هاورێکانیشی تا ئێستاش بە بەردەوامی، جەستەی کوردستانی داگیر کراومان خوێنی لێ دەچۆرێ و بە هەزاران کەس لە رۆلە بە وەفاکانی گەلەکەمان بە دەستی دوژمنانی نەتەوەکەمان شەهید کراون. لە نێو ریزی کاروانی دوور و درێژی شەهیدانی نەمری گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناوی دوو سەرکردە و رێبەری مەزنی گەلەکەمان شەهیدان دوکتور عەبدولرەحمان قاسملوو و دوکتور سادقی شەرەفکەندی بەرچاو دەکەون کە لە لایان نیزامی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە شەهید کراون. ئەم رەوتی تیرۆر و سەرکوتە تا ئێستاش هەر بەردەوامە و لاوان و ژنانی نیشتیمانی ئێمە تەنیا بە تاوانی داوای مافە رەواکانیان، یا لە زیندانەکان لە ژێر شکەنجەدا گیانیان ڵێ دەستێندری یا بە شێوەی جوراوجۆر تیرۆر دەکرین.ئێمە وەک یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای دانواندنی سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، بەڵین بە روحی بەرزی پێشەوا و سەرجەم شەهیدان دەدەین کە تا گەیشتن بە ئامانجەکانیان و رزگاری یەکجاری، لە خەبات و تێکۆشان ناوەستین و لە پەنا تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا دریژە بە ئەرکی سەرشانمان دەدەین." هەر بەم بۆنەوە و تایبەت بەم رۆژە، کورتە لێدوانێکی شەهید دکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو لەسەر ١٠ی خاکەلێوە و کەسایەتی پێشەوا قازی محەممەد کە لە لایان هاوڕێ حاتەم رەسووڵپوور هاوکاری بەشی راگەیاندنی حیزب لە نۆڕوێژ بە ویدئۆ کلیپ ئامادە کرابوو، لە رێگای داتاشۆوە هاتە نیشان دان و هونەرمەندی دەنگخۆش و بەهرەدار کاک هوشیار ئیبراهیمی دوو سروودی شۆڕشگێڕی پێشکەش کرد. دواتر هەر یەک لە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریە، بزووتنەوەی گۆڕان، قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دێموکراسی و دادپەروەری و پارتی چەپی سۆسیالیستی نۆڕوێژ پەیامی خۆیان بەم بۆنەوە خوێندەوە. دوابەدوای پەیامەکان شاعیری هەست ناسک و خاوەن قەڵەم کاک کارۆ خزری چەند پارچە هۆنراوەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و دوا بڕگەی رێوڕەسمەکە پێشانگای بەشێک لە وێنەی شەهیدانی حیزب بوو کە لە لایان هاوڕێ حەمەدەمین فەرهادییەوە ئامادە کرابوو. رێوڕەسمەکە دوای سێ کاتژمێر بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب کۆتایی هات.