کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی پێنجەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

00:06 - 16 خاکەلێوه 2718

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی بەرامبەر بە ٤ی ئاپریلی ٢٠١٨ی زایینی، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بەشداریی پێنج لایەنی ئەندامی ئەو ناوەندە، پێنجەم کۆبوونەوەی خۆی لە بنکەی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، بەڕێوە برد. سەرەتای کۆبوونەوەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، پاشان بەڕێز محەممەدنەزیف قادری، ئەندامی دەستەی کارگێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی دەورەیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران راپۆرتی یەک مانگی رابردووی ناوەندی هاوکاریی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و دواتر دەستووری کاری کۆبوونەوەکە بڕیاری لەسەر درا. لەو دانیشتنەدا هەرکام لە لایەنەکان وێڕای دەستخۆشییان لە بەڕێوەچوونی بەرنامەکان لە ماوەی رابردوودا، لەبارەی کار و تێکۆشانی یەک مانگی رابردووی ناوەندی هاوکاری، هەڵسەنگاندن و راو سەرنجی خۆیان باس کرد. پاشان باسێک لەسەر لۆگۆی پێشنیاریی تایبەت بە ناوەندی هاوکاری کرا و نەزەری پێویست لەو بارەیەوە درا. تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە چۆنیەتی بەڕەورووبوونەوەی کردەوە تیرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان و ڕێوشوێنەکانی پووچەڵکردنەوە و بەرەنگاربوونەوەی پیلانەکانی ئەو رێژیمە بە دژی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و لەم پێوەندییەدا لایەنەکانی ئەندامی ناوەند بۆ جێبەجێکردنی کۆمەڵێک ڕێوشوێن ئەرکدار کران. لەم کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک باس و بابەتی پێوەندیدار بۆ هەرچی پتەوکردنی کارەکانی ناوەندی هاوکاری و هەروەها گوڕوتیندان بە کارەکان و بەردەوامیی گیانی یەکگرتوویی و کۆدەنگی پێیان لەسەر داگیرایەوە. کۆبوونەوەکە دوای جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی لە دەستووری کاری خۆی دا داینابوون لە کەشێکی دۆستانە و هاوڕێیانەدا کۆتایی پێ هات ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ١٥ی خاکەلیوەی ١٣٩٧ ٤/٤/٢٠١٨ (پێکهاتوو لە: حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران)