کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری هەیئەتێکی حیزب، لە فسیتیڤاڵی ساڵانەی "بۆگد"

20:48 - 18 خاکەلێوه 2718

هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان  بە سەرپەرەستی کاک هاشم عەزیزی لە فستیڤاڵی ساڵانەی "بۆ گد" کە لە گوندی "بۆ گد" هەڵکەوتوو لە باشووری خۆرهەڵاتی شاری کۆیە بەڕێوەچوو، بەشدارییان کرد  و لە لایەن بەڕێوەبەرانی ئەو فستیڤاڵەوە بە گەرمی پێشوازییان لێ‌کرا. پاشنیوەڕۆی رۆژی هەێنی ڕێکەوتی ١٧ی خاکەلێوە لە گوندی گەشتیاریی "بۆ گد" فستیڤاڵی ساڵانەی ئەو گوندە مێژووییە، بە شداری خەڵکی ناوچەی کۆیە و هەروەها نوێنەرایەتی لایەن و ڕێکخراوە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان ، بەڕێوەچوو. فستیڤاڵی "بۆ گد" مێهرەجانێکی کەلەپوورییە کە  لە سەر دەستی گەنجان و چالاکانی بواری فەرهەنگ و کەلتووری ناوچەکە بەڕێوەدەچێ و، گۆرانی و جلوبەرگی کوردی و شانۆگەریی لە دواێنی سروشت، لە  بەرچاوترین تابلۆکانی ئەو فستیڤاڵەن و هەروەها هەوڵدان بۆ ناساندنی مێژوو و تایبەتمەندییەکانی گوندی بۆگد، لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو فستیڤاڵەیە . ئەمساڵیش بە پێی بانگهێشتی فەرمیی بەڕێوەبەران و ڕێکخەرانی ئەو فستیڤاڵە، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەشداری تێدا کردو لە نیزیکەوە پەیامی حیزبیان پێشکەش کرد. سەرەتا ڕێوڕەسمەکە بە ماڕشێکی شۆڕشگێرانە ، ئالای کوردستان  و لۆگۆی گۆندی بۆگد هەڵکران. پاش ڕاگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆگیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان، بەڵگەکانی دیکەی فستیڤاڵ،  کە بریتی بوون لە کورتەیەک لە مێژووی گوندی بۆگد و هەروەها هەلومەرجی ئێستا ئەو گوندەو،  گۆرانی کوردی و شانۆی منداڵان  پێشکەش کران. لەدرێژەی چالاکییەکانی فستیڤاڵی ساڵانەی "بۆ گد" کە تەرخان کرابوو بۆ خوێندنەوەی پەیام و برووسکەی لایەن و ڕێکخراوانی بەشدار بوو، یەکەم پەیامی کە لە لایەن هەیئەتی حیزبەوە ئامادەکرا بوو، ئاماژەی پێ‌درا. لە بەشێک لە پەیامی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان هاتبوو: ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای سپاس و دەستخۆشی کردن لە سەرجەم بەڕێوەبەران و ڕێکخەرانی ئەم فستیڤاڵە، کە بێ‌گومان کاریگەریی هەیە لەسەر زیندووڕاگرتنی کەلتوور و شووناسی نەتەوەیی،  بەڕێوەچوونی وەها فستیڤاڵگەلێک بە چالاکییەکی ئەرینی و بەبایەخ دەزانین. هەروەها لەدرێژەی پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا هاتبوو: وەکوو ئاگادارن لەو پارچەی دیکەی کوردستان،  واتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانە دەیان نموونە چالاکی هاوشێوە بۆ خزمەت بە پاراستنی کەلتوور و شووناس وسرووشتی نیشتمانەکەمان لە سەردەستی کەسانی خۆڕسک و خەمخۆر بەڕێوەدەچێ و،  لە تازەترین نموونەش بە گوڕ وتینەوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشوازییان لە بۆنەکانی نەورۆز کرد، کۆی ئەمجۆرە چالاکییە ژینگەیی و کەلەپوورییە دەتوانێ لە بوژاندنەوەی هەستی نەتەوەیی شوێندانەر بێ ،  هەروەها دەبێتە هۆی  ڕێگەخۆشکردن بۆ گەنجان و نەوەی نوێ،  کە لە بۆ پاراستنی وڵات و نیشتمان و فەرهەنگی باب وباپیرانیان ئەرک لە ئەستۆ بگرن. شیاوی باسە بە پێی نامیلکەی بڵاو کراو لەو فستیڤاڵە، گەنجان و دڵسۆزانی نەتەوەیی لە ساڵانی ٧٠ی زایینییەوە تا ئێستا ، لە ژێر چاودێری ڕیش سپی و پیاو ماقووڵانی ئەو گوندە ، لە بۆنە نەتەوەییەکان وەکوو نەورۆز و رۆژی ئاڵا و یادی ئەنفال چالاکییان هەبووە کە یەکێک لەو چالاکییانە بەڕێوەبردنی فستیڤاڵی ساڵانەی "بۆگد"ە.