کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی تەرمی سارم سادق وەزیری لە سویس

20:47 - 28 خاکەلێوه 2718

تەرمی تێکۆشەری دێرین و کەسایەتی ناسراوی کورد سارم خانی سادق وەزیری لە ناو خەم وپەژارەی بنەماڵە و دۆستانی نیزیکی  لە گوڕستانی شاری وێ وێ،ی وڵاتی سویس بەخاک سپێردرا. ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی ئاوریلی ٢٠١٨ی زایینی، بەرامبەر بە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی زایینی، بە ئامادە بوونی بنەماڵە و کەسانی نیزیکی و چەندین کەسایەتی سیاسیی کورد، تەرمی سارم خانی سادق وەزری، مافناس، تێکۆشەر و کەسایەتی سیاسی کورد، لە گوڕستانی شاری وێ وێ، ی وڵاتی سویس بە خاک سپێردرا. لەو ڕێورەسمەدا کە نوێنەری چەندین حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتی سیاسیی کورد و ئێرانی تێیدا بەشدار بوون، دوایین ماڵاوایی لەگەڵ ئەو مرۆڤە تێکۆشەرەدا کرا،  کە هەموو تەمەنی خۆی تەرخان کرد بۆ بەدەست هێنانی ماف و ئازادییەکانی گەلەکەی و تا دوا ساتەکانی ژیانی بۆ تاکە ساتێکیش لە ئازار و مەینەتەکانی کورد غافڵ نەبوو. چەندین کەسایەتی سیاسی و نوێنەری حیزب و ڕێکخراوەکان بەشداری ڕێورەسمی ئەسپاردە کردنی بەڕێز سارم خان بوو کە دەکرێ لە ناویاندا ئاماژە بە بەڕێز کاک جەلیل گادانی سیمای ناسراوی رۆژھەڵاتی کوردستان  ، بەڕێز ئیبراهیم عەلیزادە سکرتیری کۆمەڵە- ڕێکخراوی حیزبی کمۆنیستی ئێران، دکتور فەوزی رەمزی کەسایەتی ناسراوی باشووری کوردستان، بەڕێز عەزیز ماملێ سیاسەتمەداری ناسراو کورد،بەڕێز کاک محەممەد حەسەن‌زادە، نوێنەری کومیتەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە سویس و فەڕانسە و چەندین کەسایەتی سیاسی دیکە. سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بەخاکسپاردنی تەرمی سارم خان دەستی پێکرد، پاشان دوایین ماڵاوایی و چەپکە گوڵی ڕێز لێنان خرایە سەر گڵکۆی بەڕیزیان. پاشان بەڕێزان کاک جەلیل گادانی، کاک برایم عەلیزادە و کاک عەزیز ماملێ چەند وتەیەکیان لە سەر کەسایەتی بەرز و  دەور و کاریگەری بەڕێز سارم خان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان باس کرد. دوای ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردن، ئامادە بووان بە مەبەستی هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەکەی، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە ساڵۆنێک کە پێشتر بۆ ئەو مەبەستە دابین کرابوو کۆبوونەوە و هاودەردی و هاوخەمی خۆیان گەیاندە بنەماڵە و کەس وکاری کۆچکردوو.