کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێنێستیتۆی کورد لە پاریس یادی سارم خانی سادق وەزیری بەرز ڕاگیرا

17:43 - 8 بانەمەڕ 2718

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢١ی ئاوریلی ٢٠١٨ی زایینی، بە دەستپێشخەری کۆڕی کوردانی فەڕانسە، ڕێوڕەسمێکی ڕێزگرتن لە کەسایەتی شؤڕشگێڕ و مافناسی بە ناو ودەنگ سارم خانی سادق وەزیری لە بنکەی ڕێکخراوی ئێنێستیتۆی کورد لە پاریس،ی پایتەختی وڵاتی فەڕانسە بەڕێوەچوو. لەو ڕێوڕەسمە دا کە کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی پاریس، نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی و ئێرانییەکان و چەندین کەسایەتی سیاسی کورد و ئێرانی تێیدا بەشدار بوون، سەرەتا باسێکی تێروتەسەل سەبارەت بە ژیان، خەبات و کەسایەتی بەرزی سارم خان سادق وەزیری، لە لایەن بەڕێز عەزیز ماملێ،وە پێشکەش کرا. بە دوای ئەو دا فیلمێکی دێکۆمێنتاری سەبارەت بە ژیانی کۆچکردوو پێشانی ئامادە بووان درا. پاشان تێکۆشەری دێرین و سیاسەت مەداری ناوداری کورد بەڕێز کاک جەلیل گادانی کە یەکێک لە دۆستە هەرە نزیکەکانی سارم خان بوو، وتارێکی سەبارەت بە ژیان و خەبات و هاوکات ئازایەتی، بوێری و داکۆکی بەڕێزیان لە مافەکانی گەلی کورد بە درێژایی دەیان ساڵ خەبات دا کرد و مەرگی سارم خانی بە خەسارێکی گەورە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و بزووتنەوەی دێمۆکراسی خوازی لە ئێراندا ناوبرد. ئینجا بەڕێز برایم عەلیزادە، سکرتێری ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کمۆنیستی ئێران- کۆمەلە، چەند وتەیەکی لە سەر ژیانی سارم خان هێنایە زمان. پاشان بەڕێز د. کەندال نزان بەرپرسی ئێنێستیتۆی کورد لە پاریس وتارێکی پڕنێوەرۆکی سەبارەت بە کەسایەتی بەرزی سارم خان پێشکەش کرد. پەیامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە لایەن هاوڕێ ئازاد مستۆفی، بەپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی فەڕانسە خوێندرایەوە. لە بەشێکی دیکە ئەو کۆڕیادە دا پەیامی مەنوچێهر خوبویی پاک، ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێران و پەیامێکیش کە لە ناوخۆی وڵاتەوە بۆ کۆڕیادە نێردرابوو خوێندرانەوە. سونبل خانم سادق وەزیری پەیامێکی پێزانینی لە لایەن بنەماڵەی سادق وەزیرییەوە پێشکەشی هەموو ئەو حیزب و ڕێکخراو کەسایەتییانە کرد کە بە بەشداری ڕاستەخۆ، ناردنی پەیام و پێک هێنانی کۆڕی پرسە و سەرەخۆش بەشداری خەمی لە دەستچوونی ئەو گەورە پیاوەی مێژووی کوردیان کردووە. هاوکات سپاسی ئێنێستیتۆی کوردی لە پاریس کرد بۆ پێک هێنانی ئەو کۆڕیادە. پێویست بە ئاماژەیە کە ئەو حیزب و ڕێکخراوانە بەشداری ئەو کۆڕیادە بوون - هاوڕێیانی ئازاد مستۆفی و ئارەش زەمانی لە کومیتەی فەڕانسەی حیزبی دیموکراتی کوردستان - ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کمۆنیستی ئێران- کۆمەڵە - حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێران - ڕێکخراوی ڕاه کارگر - جبهەی ملی ئێران