کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک تایبەت بە یادی لە دایکبوونی پێشەوا قازی محەممەد، لە قەڵای دێموکرات

20:06 - 11 بانەمەڕ 2718

بە بۆنەی ساڵرۆژی لە دایکبوونی رێبەری ناوازەی کوردان،  پێشەوا قازی محەممەد ، لە قەڵای دێموکرات سیمینارێک تایبەت بە کەسایەتی پێشەوا بەڕێوەچوو. پێش‌نیوەڕۆی رۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ١١ی بانەمەڕ ، کۆمیسیۆنی ئامووزشی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ١١٨مین ساڵیادی لە دایکبوونی پێشەوا قازی محەممەد سیمینارێکی بۆ کاک عومەرباڵەکی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهێنا. بەڕێزعومەر باڵەکی سەرەتا کورتەیەکی لە مەبەستەکانی ئەو سیمینارە باس کرد، کە تایبەتە بە وردبوونەوە لە کەسایەتی قازی محەممەد،لە بووارەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە و پاشان بە پشتبەستن بە بەڵگە مێژووییەکان درێژەی بە باسەکەی ‌دا. بەرێزیان کە بە هەوڵ وماندووبوونی خۆی لێکۆڵینەوەیەکی تایبەتی کردوە لەسەر سەربردەو ژیانی قازی محەممەد و بەرهەمی ئەو لێکۆلینەوەشی بووتە نامیلکەیەک کە لە سیمینارەکەی بە پێی مەجال باسی لێوەکرد. کاک عومەر باڵەکی  لە دەسپێکی قسەکانی وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی لە دایکبوونی پێشەوا وتی: لەم رۆژەدا یادی لە دایکبوونی کەسێک دەکەینەوە کە ٧٣ساڵ لەمەوپێش  بە توانایی و لێهاتوویی خۆی توانی وەرچەرخانێکی گرینگ لە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد پێک بهێنێ. پێشەوا قازی محەممەد ڕێبەر ودامەزرێنەری حیزبی دێموکرات و یەکەم سەرۆک‌کۆماری کوردستان. ناوبراو لە درێژەی باسەکەی بە وردی هێندێک لە تایبەتمەندییەکانی  قازی محەممەد، هەر لە تەمەنی مێرمنداڵیییەوە تا کاتی شەهید کرانی بۆ ئامادەبووان باس کرد. یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە گرینگەکانی پێشەوا قازی محەممەد کە کۆڕگێڕ بە وردی  خستیە بەرباس، گرینگی دان بە فێربوون و زانست بووە. کاک عومەر باڵەکی بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان وتی: کە قازی محەممەد هەر تەمەنی  تازەلاوی‌یەوە کەسێک کتێب‌حەز و، ئۆگری خوێندنی گۆڤار و بڵاوکراوەکان بووە، لە خوێندنی رۆژنامەکانی ئەوکات وەکوو ( شفق سرخ، اطلاعات) و گۆڤاری پەیمان کە ئەحمەد کەسرەوەی دەری دەکرد و گۆڤاری گەلاوێژ کە مامۆستا عەلائەدین سەجادی لە بەغدا بڵاوی دەکردەوە. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە پێشەوا هیچ کات لە خوێندن و فێربوون و سەرنجدان بە رووداوەکانی دەوروبەری غافڵ نەبووە. تەنانەت کاتێک دەبێتە سەرۆکی ئیدارەی پەروەردە و فێرکردنی شاری  مەهاباد، بە ماندووبوون و خەمخۆرییەوە بناغەی گرینگی‌دان بە فێربوون و زانستی لەو شارە دامەزراند و خۆبەخشانە و بە بێ‌وەرگرتنی مووچە  خزمەتی بە بوواری زانست کردوە و لە ساڵی ١٣٠٧ بە تێکۆشانی خۆی سەرەڕای دژایەتی کردنی  هێندێک کەسی ئایینی ، بۆیەکەم جارقوتابخانەی بە زانستی سەردەم  بەناوی ( سەعادەت) لە شاری مەهاباد بنیات نا. کاک عومەر باڵەکی لە درێژەی باسەکەی قوناغێکی دیکەی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە پێشەوا قازی محەممەدی باس کرد. لەو بەشەدا لەسەر شەخسیەتی قازی محەممەد لە شاری مەهاباد وەکوو چالاک و هەڵسووڕێکی کۆمەڵایەتی شیکردەوەو وتی: قازی محەممەد کە لە حوجرەوە پەروەردە دەبێ و دوای وەرگرتنی ئیجازەی مەلایەتی ، نابێتە مەلا و لە جیاتی هەڵبژاردنی حوجرەوە پێش‌نوێژی کردن،  پێشوازی لە  ڕاپەڕاندنی کاروباری کۆمەڵایەتی دەکا و، کردنەوەی قوتابخانە بۆ کچانیشی بە پێچەوانەی نەریت و عوفری باو، بە نموونە هێنایەوە. لە بەشی کۆتایی سیمینارێک لەسەر تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی پێشەوا قازی محەممەد، بەرێز عومەرباڵەکی بە هێنانەوەی بەڵگە و دۆکیۆمنت لە بیرمەندان و نووسەرانی غەیرە کورد ئاماژەی بە خاڵێکی هەرە گرینگ‌دا ، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی خستە بەرباس و  بوێربوون و لێهاتووییەکانی پێشەوای لە بووارە جیاجیاکان باس کردو ڕایگەیاند؛ کە تەنانەت بەشێک لە نووسەر و کەسانی غەیرە کوردیش کە زۆرجار بە بوغزەو باسی بزووتنەوەی کورد و کەسایەتییەکانی کورد دەکەن ، بەڵام لە کاتی باس‌کردن لە پێشەوا نەیانتوانیوە کەتمان بکەن، بەڵکوو  بە گەورەیی و خۆشەویستی پیشەوا لە نێو کۆمەڵگاکەی خۆی ئیعترافیان کردوە. دوای وتەکانی کاک عومەر باڵەکی  چەند کەس لە بەشداربووان  پرسیار و تێبینی خۆیانیان خستەڕوو، کە دواتر لەلایەن کوڕگێڕەوە وڵامدرانەوە.