کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ئاکسیۆنێک دژ بە ئێعدامی ڕامین حسێن پەناهی لە فەڕانسە

14:41 - 12 بانەمەڕ 2718

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣٠ ئاوریلی ٢٠١٨ی زایینی، بەمەبەستی شەرمەزار کردنی حوکمی ئێعدام و گرتن و ئەشکەنجەی بەندکراوانی سیاسی کورد و بە تایبەت تێکۆشەری کورد ڕامین حسێن پەناهی لە لایەن ڕژیمی تێرۆریست پەروەری ئیسلامی ئێرانەوە، لە پاریسی پایتەختی وڵاتی فەڕانسە، ئاکسیۆنێک بە بەشداری نوێنەری چەندین حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی و ئێرانی بەڕێوە چوو. لەو ئاکسیۆنەدا چەندین وتار و پەیام خوێندرانەوە و چەندین کەسایەتی سیاسی وتاریان پێشکەش کرد. هەیئەتێکی کومیتەی فەڕانسە،ی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرستی تێکۆشەری دێرین و سیاسەتمەداری گەورەی گەلەکەمان بەڕێز جەلیل گادانی بەشداری ئەو ئاکسیۆنەیان کرد. بەرێز جەلیل گادانی وتارێکی سەبارەت بە سزای ئێعدام و سێدار، گرتن و ئەشکەنجەی جیابیران لە ئێران بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی پێشکەش کرد. بەڕێزیان لە وتارەکەی دا وێڕای مەحکووم کردی سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر ڕامین حسێن پەناهی دا، ئاماژەی بە کارنامەی ڕەشی ئەو ڕژیمە لە ماوەی ٤٠ ساڵ دەسەڵاتی لەئێراندا کردو سیاسەت و بۆچوونەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ڕژیمی ئێران دژ بە خەڵکی ئەو وڵاتە و بە تایبەتی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان هێنایە بەر باس. بەڕیز کاک جەلیل لە وتارەکەی دا داوای لە کۆمەڵگای نێودەولەتی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهان و ڕێکخراوەکانی داکۆکی کار لە مافەکانی مرۆڤ کرد کە دەنگی نارەزایەتییان دژ بە سزای ئێعدام و ئەشکەنجە و ئەزیەتی و ئازاری بەندکراوانی سیاسی لە ئێراندا بەرز کەنەوە و ڕێگە نەدەن کە ئەو ڕژیمە سەرەڕۆیە بە بێ تاوان ڕۆڵەکانی گەلەکەمان ئەشکەنجە و ئێعدام بکات. پێویست بە ئاماژەیە کە ئەو وتارەی بەڕێز گادانی لەگەڵ پێشوازی گەرمی ئامادە بووان بەرەو ڕوو بووەوە. شایانی باسە کە چەندین حیزب و ڕێکخراو کەسایەتی سیاسی بەشداری ئەو ئاکسیۆنە بوو و وتاریان خوێندەوە کە بریتی بوون لە: - حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - ڕێکخراوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران - کۆمەڵە- ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کمۆنیستی ئێران - ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێران - کۆڕی کوردانی نێشتەجێی فەڕانسە - سەید جەوادی بەڕێز مەتین دەفتەری.