کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ناشتن و سەرەخۆشی پێشمەرگەیەکی لە مێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان

23:38 - 12 بانەمەڕ 2718

ئێوارەی رۆژی سێ‌شەممە ١١ی بانەمەڕ،  ڕەسووڵ ڕەشیددۆست ناسراو بە مام‌ڕەسوو یەکێک لە پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبی دێموکرات، لە تەمەنی ١٠٢ساڵەیی  ماڵاوایی یەکجاری کرد و بە ئامادەبوونی بەشێک لە کادر و پێشمەرگەکان و هاوسەنگەرانی ، لە مەزارگەی تێکۆشەرانی دێموکرات بە خاک سپێردرا. پێش‌نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٢ی بانەمەڕ ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی  ئەوتێکۆشەرە وەفادارە لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو. لەو ڕێوڕەسمە‌دا  کاک فەتاح ئیلخانی‌زادە ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی حیزب و یەکێک لە کەسە نیزیکەکانی  مام ڕەسوو ، لەسەر ژیان و خەباتی مام ڕەسوو، کورتەیەکی بۆ بەشداربووان  باس کرد. فەتاح ئیلخانی‌زادە لە قسەکانی ‌دا ئاماژەی بە رووحسووکی و دڵپاکی و ئیرادەی بە هێزی مام ڕەسوو کرد و خەمخۆریی و دڵسۆزی نواندنی بۆ حیزب و تێکۆشەرانی دێموکراتی بەرز نرخاند. شیاوی باسە مام ڕەسوو لە ساڵی ١٢٩٥ی هەتاوی  لە ناوچەی بانە لە دایکبووە و پاشان پەڕیوەی ناوچەی ڕەبەت لە سەردەشت دەبێ و لە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ی هەتاویش لە گەڵ حیزبی دێموکرات پێوەندی تەشکیلاتی هەبووە. ئەو تێکۆشەر ورەبەرزە تا دوایین ساتی ژیانی وازی لەسەنگەری خەبات نەهێنا و،  زیاتر لە ٥٠ ساڵ بە هەموو بێکەسی و کوێرەوەییەوە درێژەی بە خەبات دا و لە نێو ڕیزی پێشمەرەگەکانی حیزب کەسێکی خۆشەویست و ورەبەخش و دڵفراوان بوو. ناوەندنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئەوپەڕی ڕێزەوە یاد و بیرەوەرییەکانی مام ڕەسووی تێکۆشەر بەرز ڕادەگرێ و تەمەندرێژی و سەرکەوتن بۆ سەرجەم هاوسەنگەرانی بە ئاوات دەخوازێ. گیانی شاد و سەنگەری خەبات ئاوەدان.