کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی هاوبەشی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

22:13 - 13 بانەمەڕ 2718

لە سەر پێشنیاری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دوو هەیئەتی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە پرسی یەکگرتنەوەی هەردوولای حیزب کۆبوونەوە. پێشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، ١٣ی بانەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی هەیئەتێکی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی بەڕێز مستەفا هیجری، لێبرسراوی گشتیی حدکا، سەردانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد کە لە لایەن هەیئەتێکی رێبەریی حیزبەوە بە سەرپەرەستی بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتی حیزبەوە پێشوازیی لێ کرا. لەو دانیشتنە هاوبەشەدا کە بە مەبەستی چۆنیەتی درێژەدان بە پرسی یەکگرتنەوەی رێزەکانی حیزبی دێموکرات و دانوستانی هەردوو هەیئەتی حدک و حدکا پێک هاتبوو، هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەخێرهاتنکردنی هەیئەتی حدکا بۆ ئەو کۆبوونەوەیە، کۆمەلێک پرسیاری سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی دوای کۆنگرەی ١٦ی حیزبی ناوبراو و هەروەها کاریگەرییەکانی ئەم گۆانکاریانە لە سەر پرسی یەکگرتنەوە، لە هەیئەتی میوان کرد. هەر لە درێژەی ئەم دیدارەدا هەیئەتی حدکا وڵامی پرسیار و بۆچوون و تێبینییەکانی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی دایەوە و لە ئاکامدا هەردوولا وێڕای گۆڕینەوەی کۆمەڵێک ڕاوبۆچوون، پێداگرییان لە سەر درێژەدان بە دانیشتنەکانی هەیئەتەکانی هەردوو حیزب  لەمەڕ پرسی یەکگرتنەوەی حیزب کردەوە و ڕایانسپاردن کە بە دۆزینەوەی خاڵە هابەشەکان و کەمڕەنگردنەوەی جیاوازییەکان خێرایی بە ڕەوتی وتوێژەکان بدەن.