کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەشەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو

08:10 - 21 بانەمەڕ 2718

پێشنیوەڕۆی پێنج شەممە ١٠ی مانگی مای(٢٠ی بانەمەڕی ١٣٩٧) لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، شەشەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕیوە چوو. پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەیئەتەکانی هەر یەک لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەلەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئیران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، کۆ بوونەوە. دەستووری کاری  ئەم کۆبوونەوەیە کە شەشەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکان بوو کۆمەڵێک پرسی گرتبووە خۆ. کۆبوونەوە، دوای پەسندی دەستووری کار،  چووە سەر یەکەم بڕگە لە دەستووری کاری خۆی کە تایبەت بوو بە تێکۆشان و چالاکیی یەک مانگی رابردووی ناوەند. لەم بەشە دا بەرپرسی دەورەیی ناوەند، قادر وریا، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، وێڕای  ئاماژە بە هەڵوێستەکان و تێکۆشان و هەنگاوەکانی ئەم دەورەیە، ڕاو سەرنجی لایەنەکانی لە پێوەندی لە گەڵ مانگرتنی ئێعترازیی شارەکانی بانە، مەریوان، پاوە، جوانڕۆ و هتد، بە تایبەتی مانگرتنی درێژماوە و خۆڕاگرانەی خەڵکی بانە وەرگرت. تێکڕای بەشداران وێرای پێداگرتنەوە لە سەر هەڵوێستی ناوەند بریتی لە پشتیوانی لە مانگرتنەکان و داخوازە ڕەواکانیان، ئەم حەرەکەتە مەدەنییەیان هەم لە ڕووی ئیرادەی مافخوازانە و پشوودرێژیی خۆڕاگرانەی خەڵک، هەم لە باری ڕەوایی داخوازەکان، هەر وەها لە روانگەی پشتیوانی و هاوپیوەندیی خەڵکی ڕۆژهەڵات لەو مانگرتنە بەرز نرخاند. ناوەندی هاوکاری دووپاتیشی کردەوە کە پشتیوانی ئەم حەرەکەتەیە چ لە شکڵ و شێوەی ئێستای دا، چ لە ڕێگای کەلکوەرگرتن لە شێوازەکانی دیکەی گوشارهێنان بۆ دامو دەزگانی دەسەڵات بە مەبەستی قبووڵکردنی داوا رەواکانیان. لە بڕگەیەکی دیکە لەم کۆبوونەوەیەدا، لایەنەکانی ناوەندی هاوکاری بە ئامانجی پەلهاویشتنی هاوکاریی نیوان حیزبەکان بۆ دەرەوەی وڵات ، میکانیزمەکانی هاوکاریی نوێنەرایەتی و کۆمیتەکانی دەرەوەی ولاتی خۆیان هێنایە بەر باس و پاش راوێژی بە سوود، لە سەر میکانیزمی هاوکارییەکان وبەدواداچوونی هەوڵە هاوبەشەکان، بڕیار و راسپاردەی پێویستیان پەسند کرد. لە بەشێکی دیکەی شەشەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاری‌دا، قسە لە سەر خالە بە هێز و لاوازەکانی چەند لۆگۆیەک کرا کە وەکوو لۆگۆی ئەم ناوەندە پێشنیار کرابوون. بەشدارانی کۆبوونەوە، وێڕای دەربڕینی سپاس و پیزانینی خۆیان بۆ ئەو هونەرمەند و گرافیستانەی بە ناردنی لۆگۆ پێشنیارییەکان ، یا بە بە شداری لە هەڵسەنگاندنیاندا هاوکاریی ناوەندیان کردبوو، ڕێنوێنی و ڕاسپاردەی پێویستیان بۆ بەئاکام گەیاندنی ئەم کارە، دایە بەرپرسی دەورەی داهاتووی ناوەندی هاوکاری. لەم بەشەدا،  هەر وەها کۆمەڵە خاڵێک لە بارەی کاروباری میدیایی ناوەند وبە مەبەستی بواررەخساندن بۆ پیوەندیی پشتیوانان و هۆگرانی ناوەند بەم ئۆرگانیزاسیۆنە، پەسند کران. کۆبوونەوەی ئەمجارە کاتێکی گونجاویشی بۆ باس لە دوو بەڵگەنامەی پێوەندیدار بە ئامانجەکان و پێڕەوی  نێوخۆی ناوەند تەرخان کرد. ناوەندی هاوکاری لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆی دا، دوای دەوڵەمەند کردنی بەڵگە نامەی پێڕەوی نیوخۆ بە پێشنیار و سەرنج و تێبینیی ئامادەبووان، ئەم بەڵگەنامەیەی پەسند کرد. پەسند کردنی بەڵگەنامەی پێوەندیدار بە ئامانجە گشتییەکانیشی بەستەوە بە دیالۆگ و بیروراگۆڕینەوەی زیاتر لە سەر ئامانج و پرەنسیبە هاوبەشەکان و شێوازی فۆرمۆڵەکردنیان. دوایین بڕگە لە دەستووری کاری شەشەمین کۆبوونەوەی ناوەند، باس لە نێوەرۆکی کۆبەندی سمیناری ئەو ناوەندە لە بارەی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان دا بوو کە ڕۆژی ٣٠ ئاوریلی رابردوو بەڕێوەچوو. لەم بەشەش‌دا، دوای پۆلێنکردنی خاڵ و ئەرکە هاوبەشەکان بەپێی ئەولەوییەت کە لە سمینار‌دا تەئکیدیان لە سەر کرابوو، هەر کام لە حیزبەکانی پێکهێنەری ناوەندی هاوکاری، بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنیان ئەرکدار کران. کۆبوونەوە لە نێو پێداگریی هەموو لایەنەکان لە سەر یەکگرتوویی و هاوخەباتی و، ئامادەیی نواندنیان بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر لە جێبەجیکردنی ئەرک و بەرپرسایەتیی هاوبەش دا، کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.