کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەبۆنەی ۲۹مین ساڵیادی تیرۆری د.قاسملوو و هاوڕێیانی لە ڤییەن

21:06 - 20 پووشپەڕ 2718

كۆمەڵگەی كوردستان بەگشتی و كۆمەڵگەی سیاسیی كوردستانی ئێران بە تایبەتی یەكێ لە قوربانییەكانی تێرۆریزمی دەوڵەتیی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە. تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران لە دژی كوردستان لە ساڵی ١٣٥٨ و لە دادگا چەند چركەییەكانی سادق خەڵخالییەوە دەستی پێكرد و هەتا ئێستاش گەورەترین مەترسیی سەر چالاكانی سیاسیی كوردستانی ئێران هەمان تێرۆریزمی دەوڵەتییە كە لە مێتۆدە نەگۆڕەكانی دەسەڵاتی تارانە. لە ماوەی 4 دەیەی ڕابردوودا لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە لە درێژەی هەمان سیاسەتی تیرۆریسم هەوڵی لە خشتەبردنی كۆمەڵگەی كوردستان دراوە و هاوكات بە سەدان كەس لە تێكۆشەرانی حیزبی دێموكرات و سازمانی خەبات و كۆمەڵە و باقی هێز و لایەنە سیاسییەكان كەوتوونەتە بەر شاڵاوی تیرۆری ئاخوندەکانی ئێران و تیرۆری فیزیكی كران.  هەموو ئەو تاوانە نەبەخشراوانە بە بەرچاوی جیهان كرا و مخابن لە دونیای سات و سەودای ئابووریدا ئەو جینایەتانە دێزەبەدەرخۆنە كران و تاوانباران تا تاران ئیسكۆرت كران. لە دەركەوتەكانی گۆڕینی سیاسەتی ئەمریكا لەڕاست ئێران ئاماژەدان بە تێرۆری نەمران دوكتور عەبدوڕەحمان قاسملوو  و  دوكتور سەعید شەرەفكەندی بەدەستی دەوڵەتی ئێران لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەمریكا بوو كە ئەوەش دەكرێ‌ وەك بەڵگەیەكی‌ تر لەسەر ئەوەی كە نەتەوەی كورد لە كوردستانی ئێران قوربانیی دەستی تێرۆریزمی دەوڵەتیی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە لێی بروانرێ‌. قۆناغی ئێستا لەوانەیە باشترین دەرفەت بێ بۆ زیندووكردنەوەی هەموو كەیسەكانی تێرۆری تێكۆشەرانی سیاسی لە كوردستانی ئێران و بە تایبەتی تێرۆری دكتۆر عەبدوڕەحمانی قاسملوو و دوكتور شەرەفكەندی و هاوڕێیانیان و هاوكات پێویستە و زەروورە بۆ بەرەڕووبوونەوە لەگەڵ تێرۆریزمی كۆماری ئیسلامی، هەموو وڵاتانی بەرپرس لە بەرانبەر ئاسایشی جیهانیدا، بەتایبەتی وڵاتانی ئورووپایی پێشێلكاریی مافی مرۆڤ لەلایان ڕێژیمی تاران و تێرۆریزمی دەوڵەتیی ئەو ڕێژیمە بۆ بەرژەوەندیی كورتخایەن نەخەنە پشتگوێ و؛ لەو چوارچێوەشدا بێدەنگی و بێهەلوێستیی تاهەنووكەی دەوڵەتی ئوتریش مەحكووم دەكەین  .   ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، وێرای مەحكوومكردنی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران و تێرۆری ڤییەن، تێرۆریزمی دەوڵەتی لە دژی كوردستانی ئێران وەك دۆسیەیەكی كراوە سەیر دەكا و ئامادەیە لەگەڵ هەر دادگایەكی بێلایەن هاوكاری بكا بۆ ئەوەی دۆسیەی تێرۆریزمی دەوڵەتیی كۆماری ئیسلامی لە دژی كوردستان لەو دادگایەدا تاوتوێ بكرێ و، چیتر لە بێدەنگی جیهانیدا كەسایەتی و چالاكانی سیاسیی كوردستان لەلایەن ڕێژیمی دیكتاتۆریی ئێران تێرۆر نەكرێن.   ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران 20ی پووشپەڕی 1397ی هەتاوی