کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوخەمیی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كورستانی ئێران بە بۆنەی رووداوی شاری سنە

05:57 - 21 پووشپەڕ 2718

بەداخەوە کاتژمێر2ی سەرلەبەیانیی چوارشەممە 20ی پووشپەری 1397 ، لە ڕووداوێكی دڵتەزێنی پێكدادانی بارهەڵگرێكی سووتەمەنی لەگەڵ ئوتووبوسێكی نەفرهەڵگر و، كەوتنەوەی ئاگر، 27 هاووڵاتیی كورد گیانیان لەدەستدا و، ژمارەیەكی بەرچاویش بریندارن. ئەوە یەكەمجار نییە رووداوی هاوشێوەی لەم چەشنە كارەساتبارە لە جادە و رێگاوبانەكانی كوردستان روو دەدا و، تا ئێستاش چەندین جار نارەزایەتی بەرین لەو پێوەندییەدا لە لایەن خەڵكەوە پیشان دراوە كە بەداخەوە هیچ پێڕاگەیشنێكی پێنەكراوە و ئەو جۆرە رووداوانە هەر وا گیانی خەڵكی بێ تاوان دەستێنێ‌. ئەوەی جێگەی داخە بە جێگەی ئەوەی هێزەكانی رێژیم خەمی خەڵك كەم كەنەوە و، زیانی زیاتری ئەو رووداوە كۆنترۆڵ بكەن، بە ماشینی دژە شۆڕش هاتوونەتە شوێنی رووداوەكە و، لەگەڵ خەڵكی زامدار تێكگیراون و، بەو هۆیەوە كۆمەڵێك خەڵك بریندار و دەستبەسەر كراون. بە پێی زانیارییەكان ئەو بارهەڵگرە باری سووتەمەنی قاچاغی پێ بووە و، یەك لەو هەزاران بارهەڵگرەیە كە لە ژێر سەرپەرشتی سپای پاسدارانەوە هاوردە دەكرێ‌ و دەگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی دیکە. ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران وێڕای پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەو كەسوكاری قوربانیانی ئەو رووداوە دڵتەزێنە و، هیوای باشبوونەوەی خێرا بۆ برینداران ، تاوانی سەرەكیی ڕوودانی ئەوجۆرە كارەساتانە دەخاتە پاڵ دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران و، بە دیاریكراویش سپای پاسداران كە بەشی سەرەكیی كەرتی ئابووریی ڕێژیمی لەدەستە و، مافیای قاچاخ لە وڵاتی ئێرانە. ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران 20ی پوشپەری 1397